"گەنجانی موسوڵمانی سوید دەنگ بە بەرەی چەپ دەدەن"
ئەمڕۆ سیمنیارێک لەسەر شێوازی دەنگدانی گەنجانی موسڵمان لەلایەن تیمبرۆ وە بەڕێوەچوو. لەو سیمنارەدا ڕاپۆرتێکی نوێ پێشکەش کرا.
تیمبرۆ، بنکەی لێکۆڵینەوە و کارتێکردنی ڕای گشتییە وە بنکەیەکی سەربەخۆیە. نووسەری ڕاپۆرتەکە ئالێن مووسێندێڤیچە و لە ڕاپۆرتەکەیدا باس لەوە دەکات کە گەنجانی موسوڵمان لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بە بەرەی ڕاست نادەن و بەرەی چەپیان پێ باشترە.
جێی تیشک خستنەسەرە کە هەتاوەکو ئێستا هیچ پشکنین و لێکۆڵینەوەیەک لە ڕوانگەی دەنگدەرە موسوڵمانەکانەوە کە دەنگ بە چی بەرەیەک دەدەن ئەنجام نەدراوە،لەبەر ئەوەی یاسا ڕێگە بەو کارە نادات و تۆمارکردنی بیروڕای تاکەکەس لە سویددا قەدەغەیە. ڕاپۆرتەکەی ئالێن مووسێندێڤیچ لە دەنگدان لە گەڕەکە پەراوێزەکاندا سەرچاوەی گرتووە و دڵێت.
لە گەڕەکە پەڕاوێزەکاندا زۆربەی ڕێژەی دانیشتوانی موسوڵمانان و لەوانیش زۆربەیان دەنگ بە پارتەکانی بەرەی چەپ دەدەن. لە هەمان کاتدا پارتەکانی بەرەی سوور و سەوزەکان کە بەرەی چەپن زیاتر لە ڕوانگەی ئەو پرسانەی کە تایبەتە بە موسوڵمانانی سوید کراوەن. لەو ڕوانگەیەشەوە ئاشکرا بووە نوێنەرایەتیان لە نێو ئەو بەرەیەدا زیاد دەکات بەراورد بە بەرەی ڕاستەکان.
ئالێن مووسێندێڤیچ لە درێژەی وتەکانیدا باسی لەوەش کرد کە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار موسوڵمان لە سویددا بوونیان هەیە و ئەمەش گرووپێکی گرنگ لە ڕوانگەی دەنگدەرەوە کە دەبێت بەرەی ڕاستەکان بۆ زیاد کردنی دەنگەکانیان بایەخیان پێ بدەن.
دەتوانیت گوێبیستی درێژەی بابەتەکە بیت!
بهروار: 05/04/2017
826 جار خوێندراوهتهوه
|