جەلال زەنگابادی كتێبخانەكەی لەبەر پێویستی بەپارە دەفڕۆشێت.

ئاوێنە: جەلال زەنگابادی نوسەر‌و توێژەری بەناوبانگی كورد لەهەژماری خۆی بانگەوازێكی بڵاوكردۆتەوە‌و تیایدا ئاماژە بەفڕۆشتنی سەرجەمی كتێبەكانی كتێبخانەكەی دەكات بەنرخێكی زۆر كەم‌و دەڵێت “بەهۆی خراپی دۆخی ئابوری‌و گواستنەوەمان بۆ ماڵێكی بچوكتر‌و لەپێناوی دابینكردنی نان‌و دەرمان ناچارم زۆربەی زۆری كتێبەكانی كتێبخانەكەم كە نزیكەی 15 هەزار كتێب‌و گۆڤار دەبێت بفڕۆشم”.
لەدوای ئەوەی كە خەڵكێكی زۆر لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هاوسۆزی بۆ ئەم نوسەرە دەردەبڕن، زەنگابادی رونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە‌و جگە لەوەی سوپاس‌و ستایشی هەمو ئەو كەسانە دەكات كە كۆمێنت‌و لێدوانیان هەبوە لەبارەی بانگەوازەكەیی‌و هاوسۆزییان بۆ دەربڕیوە، راشیدەگەیەنێت كە مەبەستی لەبڵاوكردنەوەی ئەو پۆستە بۆ ئەوە نەبوە كە رەحم‌و بەزەیی حكومەتی هەرێم‌و حزبەكان بجوڵێنێت‌و دەشڵێ‌ “نامەوێت وەك بەزەیی پێداهاتنەوەش پارەم بدرێتێ‌. بەڵكو ویستم لەو رێگەیەوە خاوەن كتێبخانەكان‌و دەزگا رۆشنبیرییەكان ئاگادار بكەمەوە بۆ كڕینی كتێبەكانی ناو كتێبخانەكەم كە لەماڵە بچوكە نوێیەكەماندا جێگەیان نابێتەوە”.
جەلال حسێن محەمەد پاڵانی لوڕستانی شاعیر‌و نوسەر‌و وەرگێڕ، بەهەردو زمانی كوردی‌و عەرەبی دەنوسێت‌و هەریەك لەزمانەكانی (عەرەبی‌و فارسی‌و ئینگلیزی‌و ئیسپانی‌و توركی) دەزانێت‌و چەندین بەرهەمی بەو زمانانە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی.


به‌روار:  30/03/2017
615   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   675
کۆی سه‌ردان:   29257131