دەمیرتاش و زیندانیانی کورد مان لە خواردن دەگرن
بڕیارە سبەینێ سەلاحەدین دەمیرتاش و سەباحەت تونجەل و عەبدوڵا زەیدان دەست بە مانگرتن لە خواردن بکەن.
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە و عەبدوڵا زەیدان پەرلەمانتاری هەدەپە لە جۆلەمێرگ لە گرتوخانەی ئەدرنەوە لە نامەیەکدا رایانگەیاندووە، سبەینێ دەست بەمانگرتن لە خواردن دەکەن.
دەمیرتاش و زەیدان لە نامەکەدا کە ئاراستەی ڕای گشتیان کردووە دەڵێن، لەبەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە زیندان و گرتوخانەکانی تورکیادا ئەو بڕیارەیانداوە.
داواشیان لە ڕایگشتی کردووە لەبەرامبەر پێشلێکردنی مافەکان و برسیکردنی زیندانیاندا بێدەنگ نەبن و بەرپرسیاریەتی هەڵبگرن.
هاوکات چەند سەرچاوەیەک لە ناو پارتی هەرێمە دیموکراتەکان دەبەپە رایانگەیاند، سەباحەت تونجەل هاوسەرۆکی دەبەپە سبەینێ مانگرتن لە خواردن رادەگەیەنێت.
کۆتایی ساڵی ڕابردوو حکومەتی تورکیا هاوسەرۆکان و ژمارەیەک پەرلەمانتارى هەدەپە و ژمارەیەک هاوسەرۆک شارەوانییەکانى سەر بە دەبەپەى دەستگیرکرد کە تا ئێستا زۆربەیان دادگایی نەکراون و لە زینداندا هێڵراونەوە.
ب.ح
نالیا
بهروار: 30/03/2017
813 جار خوێندراوهتهوه
|