سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نادییە مورادی خەڵاتکرد
کەیوان سابیر - ئەڵمانیا

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە شاری بەرلینی وڵاتی ئەڵمانیا، نادییە مورادی وەک سیمبول و پاڕێزەری ژنانی ئێزدی خەڵاتکرد و ڕایگەیاند "هەرگیز ناتوانین تراژیدیای ئەنفالکردنی ئێزیدییەکان لە یاد بکەین".

یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە شاری بەرلینی وڵاتی ئەڵمانیا، ئەمڕۆ ٢٩ ی ئازاری ٢٠١٧ نادییە موادی وەک سیمبول و پاڕێزەری ژنانی ئێزدی خەڵاتکرد.

هاوکات سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاند "هەرگیز ناتوانین تراژیدیای ئەنفالکردنی ئێزدییەکان لە یاد بکەین، پاش ڕوداوەکە، پەرلەمانی کوردستان توانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بازرگانی کردن بە کچان و ژنانی ئێزدی ئاگادار بکاتەوە و دیکۆمێنتی ئەو تاوانە، بگەیەنێت بە ناوەندە جیهانییەکان".

وتیشی "ئێستا تیرۆرستانی داعش بەرەو لەناوچوون دەچن، هیوادارین بۆ ساڕێژبوونی برینی ئێزدییەکان، پەلە لە ئاوەدانکردنەوەی شنگال بکرێت".

نادییە موراد باڵیۆزی نیازپاکی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاند "یەکەمین بەرپرسی باڵای هەرێمی کوردستان کە بە فەرمی پێشوازی لە من کرد، سەرۆکی پەرلەمان بوو".

نیگەرانی خۆشی دەربڕی لە کەمتەرخەمیکردن سەبارەت بە ئازادکردنی کچان و ژنانی ئێزدی لە دەستی چەکدارانی داعش.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا دلێر ماوەتی جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان وتی "هەڵبژاردنی نادییە موراد وەک باڵیۆزێک لە نەتەوە یەکگرتووەکان، مایەی سەربەرزییە بۆ هەمومان".

نالیا


به‌روار:  30/03/2017
588   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   348
کۆی سه‌ردان:   29254389