بێگانەکان ئابووریی سویدیان گەشە پێداوە
زۆرینەی کار لە ماوەی 10 ساڵی رابوردوو بیانیان وەریانگرتووە و گەر ئەوان نەبوونایە ئابووریی سوید تووشی قەیران دەبوو.

بەپێی ئاماری لێکۆڵینەوە لە دەستیکار کە نووسینگەی ناوەندی ئامار (SCB) لەسەر داوای تەلەفزیۆنی سوید (SVT) ئەنجامی داوە، لە ماوەی 10 ساڵی ڕابوردوودا 244 هەزار کار لەلایەن بیانیانەوە واتا ئەو کەسانەی لەدەرەوەی سوید لەدایک بوون (utlandsfödda) وەرگیراوە.

ڤامان عەبدوڵا لە شاری ئومیۆ دەژی یەکێک لەو کوردانەیە کە لە دەرەوەی سوید لەدایک بووە و نزیکەی بیست ساڵە لە سوید دەژی، ساڵی پار لە خانەیەکی سەرپەرشتیی منداڵە پەنابەرە تازەهاتووەکان (ensamkommandebarn) کاری وەرگرتووە و دەڵێت ئەو شوێنی کارە زۆر پێویستیان بە کەسێکی وەک من بوو کە لە کلتورێکی دیکەی غەیری سویدی تێبگات و یارمەتی ئەو لاوە تازەهاتووانە بدات کە لەگەڵ کۆمەڵگەی سویدی بگونجێن.   

جێی باسە هەر لە راپۆرتەکەی تەلەفزیۆنی سویددا و لە ڕوانگەی ئامارە نوێکەوە هاتووە هەر بەهۆی پێویستیی بە دەستیکار خاوەنکار مەرجی زانینی زمانی سویدییان کەمکردۆتەوە واتا هێندە سویدیی بەسە کە بتوانێت دیالۆگێکی ئاسایی ڕۆژانەی پێ ئەنجام بدەیت.

بۆ نموونە سکانیا (Scania) کارگەی بەرهەمهێنانی ئوتومبێلی بار لە سۆدەرتێلییە، ڕێی بۆ دامەزراندی پەنابەری تازەهاتوو و کەسانی لە دایکبووی دەرەوەی سوید ڕەخساندووە و بە تایبەت ژنان. یەکێک لەوانە ژولیانا سەمیرە کە تەلەفزیۆنی سوید چاوی پێی کەوتووە و دەڵێت توشی شۆک بووم کە دوای ساڵ و نیوێک لە سویددا ئەم کارەم دراێ.

سەمیرە دەڵێت دڵم خۆشە و لە ڕێی کارکردنەوە بەردەوام شتی نوێ فێردەبیت و ژیانت ئاسانتر دەبێت، هەروەها لەگەڵ کۆمەڵگەی سویدی باشتر دەگونجێیت.

لە نێوان ساڵانی 2008 بۆ 2016 نزیکەی هەموو ئەو کارانەی کە لە بازاڕیکاردا هەبوون بیانیان وەریانگرتووە ئەمە لەکاتێکدا بوو کە سوید بە قەیرانێکی ئابووریدا تێپەر دەبوو، لەو کاتەدا نزیکەی 11 هەزار کەسی بەڕەگەز سویدی کاریان لەدەست دا.

جێی باسە هۆکاری ئەوەی کە زۆربەی کارەکان لە ماوەی دە ساڵی ڕابوردوودا لەلایەن بیانیانەوە وەرگیراون بەشێکی پەیوەندیی بە هەڵاوسانی بازاڕەوە هەبووە (högkonjunktur) واتا بازاڕیکار برەوەی هەبووە.

هۆکارێکی دیکە ئەوەیە کە لە ساڵی 2008 ەوە زۆربەی ئەو کەسانەی لەدایکبووی ساڵی 1940 ەکان بوون لەو ساڵەوە خانەنشین بوون، بەو شێوەیەی جێگەی ئەوان لە بازاڕیکاردا چۆڵ بووە و دۆزینەوەی کەسی شیاو بۆ کارەکان ئاسان نییە، لەو کاتەوە هێندە کار بێخاوەن بووە کە بە بێکاری بە ڕەگەزسویدی پڕ نەدەبۆوە هەر بۆیە پێویستییەکی زۆر بە دەستیکاری بیانیی هەبووە.

بەو شێوەیە و لەو بارودۆخەی سویددا گەر کەسی بیانیی واتا لەدایکبووانی دەرەوەی سوید نەبوایە ئابووری سوید تووشی کێشەی جدیی دەبوو. هۆکان گوستاڤسۆن لە کاردۆزگەوە دەڵێت. ئەو هەروەها دەڵێت دەستیکاری بیانیان واتا کەسانی لەدایکبووی دەرەوەی سوید هۆکاری دڵنیایین بۆ بازاڕیکار و ئابووریی سوید لە ئێستادا و بۆ داهاتووش.
لینکی هەواڵ
به‌روار:  28/03/2017
1595   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   304
کۆی سه‌ردان:   29253927