لۆڤێن: گرووپە مافیاکانی سوید تێکدەشکێنین
حکوومەت پەیمانی دا تاوانکاریی ڕێکخراو لەناو بەرێت و ڕایگەیاند کە نابێت هیچ کەس لە ترسی کوشتن و تاوانکارییدا بژی.

بۆ ئەو کارە و بۆ بەرگرتن لە تاوانکاریی ڕێکخراو (organiserade brottslighet) حکوومەت ئامادەیە پارەی زیاتر بخاتە کاسەی پۆلیسەوە.

سەرەکوەزیران ستێفان لۆڤێن ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە پۆلیس پێویستی بە پاڵپشتیی زیاترە و هەربۆیە پرسی زیادکردنی بودجەی پۆلیس لەم بەهارەوە چاوی پێدا دەخشینینەوە. 

بەهۆی زیادبوونی ڕووداوی کوشتن و تاوانکاریی گرووپە ڕێکخراوەکان سەرچاوەکانی پۆلیس بەش ناکەن و فشاریان بۆ هاتووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە تاوانی ئەلەکترۆنیی و تێرۆریسم زیادی کردووە و پێویستی بە کاری زیاترە.

هەر بۆیە پۆلیس لە پێشنیازیان بۆ بوودجەی داهاتوویان لە ئێستاوە تا ساڵی 2020 داوای زیادکردنی بوودجەکەیان بە 3.9 ملیارد دەکەن. بەڵام تا ئێستا دیار نییە ئاخۆ حکوومەت چەندە پارە بۆ کاسەی پۆلیس زیاد دەکات.

جێی باسە ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەی ئەمڕۆی سەرەکوەزیران و وەزیری ناوخۆ لە دوای کۆبوونەوەکانی لیژنەی سیاسەتیی ئاسایش دێت کە لەم دواییەدا بەڕێوە چووە و لە وەزیری ناوخۆ، وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگریی و دەستگەکانی پۆلیس و ئاسایش بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسی کوشتارەکانی ئەم دواییەی سوید پێک هاتبوو.

دەستگەی بەرگرتن لە تاوانی ئابووری، دەستگەی باجیش بۆ ئەو کۆبونەوەیە بانگهێشت کرا بوون کە مەبەست لێی لێکۆڵینەوەیە لە هاوکاریی نێوان دەستگە جیاوازەکانە سەبارەت بەو ڕووداوانەی پەیوەدنییان بە ئاساییش و ئارامیی کۆمەڵگەوە هەیە.

ستێفان لۆڤێن لە دوای ئەو کۆبوونەوانە و لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکی ئەمڕۆدا ڕایگەیاند کە حکوومەت سوورە لەسەر پاراستنی ئەو کۆمەڵگە ئازادەی سوید و تێکشکاندنی گرووپی تاوانکاران کە دەبنە هۆی کوشتار و دڵەڕاوکێی هاوڵاتییان. ئەو وتی ئەوە تاوانکارانن کە دەبێت بترسن و خەویان بزڕیت نەک قوربانیان.


وەزیری ناوخۆی سویدیش ئەندەرش ئیگێمان هەر لەو کۆنگرەیەوە ڕایگەیاند کە گۆڕانکاریی لە یاسادا پێویستە بە شێوەیەک کە چیتر ڕی بە پۆلیس بدرێت دەست بەسەر پارە و کەلوپەلی ئەو کەس و گرووپانەدا بگرێت کە گومانی تاوانیان لێ دەکرێت، نەک تەنها لە کاتی روودانی تاوانێکدا.
لینکی هەواڵ
به‌روار:  16/03/2017
3188   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   888
کۆی سه‌ردان:   29255568