قەدەغەکردنی سەرپۆشی ژنان لە ئەوروپا پەسەند دەکرێ
ئەمڕۆ دادگای ئەورووپا بڕیاری دا کە خاوەنکار بۆی هەیە سەرپۆش لە شوێنی کاردا قەدەغە بکات.
قەدەغەکردنی سیمبولی ئاینیی، سیمبولی سیاسیی و نموونەی لەوانە لە شوێنی کاردا هەڵاواردن و جوداکاریی نییە. ئەمە بڕیاری دادگای ئەورووپایە کە ئەم پێشنیوەڕۆیە ڕاگەیەنرا.
- راملا عەبدوڵاهی مامۆستایە لە شاری یۆتۆبۆری و کەسێکی سەرپۆشە، لەسەر ئەم بڕیارەی دادگای ئەرووپا دەڵێت سەرسوڕماو نیم لەم بڕیارە و ئەم گووتارە نوێ نییە بەڵام زۆر تووڕەم لەوەی کە ئێستا بڕیار دراوە کە قەدەغەکردنی سەرپۆش لە شوێنی کاردا جووداکاریی نییە، واتا ژن بۆی نییە خۆی بڕیار لەسەر جەستە و ئەو جۆرە جلپۆشینە بدات کە خۆی پێی خۆشە.
جێی باسە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای ئەورووپا لەسەر دۆزی دوو کەسە کە بە هۆی سەرپۆشینەوە لە شوێنی کارەکانیان دەرکراون. یەکێکیان ژنێکی بەلجیکی و ئەوی دیکەیان ژنێکی فەڕەنسییە کە خاوەنکار ئاگاداری کردبوونەوە کە بەپێی ڕێسای کاری ئەو کۆپانیایانە نابێت کەس سیمبولی ئاینیی یاخود سیاسیی هەڵبگرێت بەڵام ئەوان بەردەوام بە سەرپۆشەوە کاریان کردبوو.
لە حاڵەتی یەکەمیاندا کۆمپانیاکەی بەلجیکا دەڵێن هۆکاری ئەو قەدەغەکردنە سازدانی کەشیکی بێلایەنە لە سیاسەت و ئایین لە شوێنی کاردا. لە حالەتی دووەمیاندا کۆمپانیا فەڕەنسییەکە بەهۆی سکاڵای کڕیارێکەوە ئەو بڕیارەیان دا واتا بە هۆکاری ئابووری و لەدەستنەدانی کڕیار ئەو کەسە سەرپۆشەیان لە کارەکەی دەرکردووە.
خەدرە سێرار ڤیستەربای، چالاکی بواری پرسی ژنان دەڵێت ئەم بڕیارەی دادگای ئەورووپا دەرئەنجامەکەی ئەوەیە کە هەندێک ژن بەهۆی سەرپۆشەوە ناتوانن لە هەندێک شوێندا کار بکەن و بواری کارکردن لە ژنان تەسک دەکاتەوە، بەڵام لەهەمانکاتتدا دەبێت ماف بدرت بە خاوەنکاریش خۆی بڕیار بدات کە چ جۆرە ڕیسایەک پەیڕەو بکرێت، ڕی بدرێت بە سەرپۆش یان نا.
لەلایەکی دیکەوە مارتین میۆرک لە نوێنەرایەتیی پرسی جووداکاری یاخود هەڵاواردن دەڵێت سوید دەمێکە چاوەڕێی بڕیاری دادگای ئەورووپایە لەسەر پرسی سەرپۆش لەبەرئەوەی دوا بڕیار لە کەیسی جووداکارییدا لە دەستی دادگای ئەورووپادایە.
میۆرک هەروەها دەڵێت ئەم بڕیارەی دادگای ئەورووپا ڕێ لەوە ناگرێت کە خاوەنکار ڕێ بە هەبوونی سیمبولی ئایینیی و سیاسیی بدات واتا خاوەنکار خۆی بڕیار دەدات کەسێکی سەرپۆش یاخود کەسێکی دیکە بە هەر سیمبولێکی ئایینی، فەلسەفی و سیاسییەوە دابمەزرێنێت یان نا.
لینکی هەواڵ
بهروار: 14/03/2017
6324 جار خوێندراوهتهوه
|