ژنە خۆپیشاندەرێک کەناوی (نازێ نایف) لە خانەسۆر شەهید کرا
میدیاکانى نزیک لەپەکەکە بڵاویان کردووەتەوە بەهۆى تەقەى چەکدارانى نزیک لە پارتى خۆپیشاندەرێک کوژراوە و ١٠ى تریش بریندار بوون، بەڵام میدیاکانى پارتى دەڵێن، هەموو هەوڵێک دراوە بۆ ئەوەى شەڕ دروست نەبێت.
ئەمڕۆ ١٤ى ئازارى ٢٠١٧ ماڵپەڕى ڕۆژنیوزى نزیک لە پەکەکە بڵاویکردەوە "بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی سەر بە پارتی لە شارەدێی خانەسۆر لە خۆپیشاندەران، خۆپیشاندەرێک شەهید بووە و ١٠ی دیکەش برینداربوون".
ماڵپەڕەکە ئەوەشى وتووە، کەمێک پێش ئێستا لە شارەدێی خانەسۆری سەر بە شنگال، "چەکدارانی سەر بە پارتی هێرشیانکردە سەر ڕێپێوانێکی هەزاران کەسی و ژنێکی خۆپیشاندەریان بەناوى (نازێ نایف) کە ئەندامی تەڤگەری ژنانی ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ)یە شەهیدبووە".
هەروەها دەشڵێت "ئەو ژنە گوللـە بەر سەرى کەوتووە و بووەتە هۆی شەهیدبوونی".
لەلایەکی دیکەوە میدیاکانى پارتى بڵاویان کردووەتەوە کە ئەو خۆپیشاندەرانە لەلایەن پەکەکەوە نێدراون و هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ ئەوەى گرژى دروست نەبێت.
فەرماندەکانى لەشکرى ڕۆژ بە میدیاکانى پارتییان وتووە تاوەکو بە پێشمەرگەکانى خۆیان بڵێن بەهیچ جۆرێک تەقە نەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئەو خەڵکە.
هاوکات ئێن ئاڕ تی چەند جارێک پەیوەندی کرد بە فەرماندەکانی پێشمەرگە و یەبەشەوە بەڵام ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک بدەن لەو بارەیەوە.
خۆپیشاندانی ئەو هاوڵاتیانە بەرەو سەنگەرەکانی هێزی ڕۆژى پێشمەرگە، بۆ ئەوەبوو کە پێشمەرگەى ڕۆژ خانەسۆر چۆڵ بکەن و بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانى پێشوویان، کە لە ڕۆژى ٣ى ئازارى ٢٠١٧ بەهۆى هاتنیان بۆ خانەسۆر، شەڕ لەنێوان پێشمەرگەى ڕۆژ و یەبەشە ڕوویدا و بەوتەى یەبەشە حەوت شەڕڤان شەهید بوو و چەند شەڕڤانێکى تریش بریندار بوون.
هاوکات هەتا ئێستا دیار نییە لەهێزەکانى پێشمەرگەى ڕۆژ چەند پێشمەرگەیان کوژراوە و برینداربوون.
هەر دوێنێش زەردەشت شنگالى فەرماندەى هێزەکانى یەبەشە بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، ئەوان ئامادەن بۆ گفتوگۆ لەسەر دەرکردنى پێشمەرگەى ڕۆژ، بەڵام ئامادەى گفتوگۆ نین لەسەر مانەوەیان لە شنگال.
نالیا
بهروار: 14/03/2017
1458 جار خوێندراوهتهوه
|