لەشکری تورک لە زاخۆ و ئامێدى هێزى سەربازی و چەکى قورس دەگوێزێتەوە
سپیان ئامێدی- دهۆک

لە ماوەى ٤٨ کاتژمێرى ڕابردوودا سوپاى تورکیا دەستیکردووە بە جموجوڵ لە ناوچەکانى سنوورى قەزاى ئامێدی و زاخۆی سەر بە پارێزگاى دهۆک و جموجوڵى ئەو هێزەش لەسەر شەقامەکان و جادەکان لەلایەن هاووڵاتیانەوە بینراوە.

پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى ئەمڕۆ ١٣ى ئازاری ٢٠١٧ ڕایگەیاند، ماوەى دوو ڕۆژە جموجوڵى هێزەکانى تورکیا لە سنوورى قەزاى ئامێدى ڕووى لە زیادبوون کردووە، بە تایبەتى گواستنەوەى تانک و زرێپۆش لە کۆمەڵگەى سیریێ سەر بە ناحیەى شیلادزێ بۆ فڕۆکەخانەى بامەڕنى، کە بە گەورەترین بنکەى سەربازیى تورکیا دەزانرێت لە هەرێمدا.

ڕاشیگەیاند، بەپێى ئەو زانیارییانەى دەستى کەوتوون، سوپاى تورکیا ئاڵوگۆڕی بە هێزەکانى تری کردووە لە بنکەى سەربازیى باتیفا لە سنووری قەزای زاخۆ بۆ کانی ماسی و گرێ باروخێ لە سنووری قەزاى ئامێدی لە پارێزگاى دهۆک.

بەپێى ئەو وێنانە کە گەیشتوونەتە دەست دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى و هەروەها بەپێى قسەى بەشێک لە هاووڵاتیانى ئەو سنوورانە بۆ ئێن ئاڕ تى، لە دوو ڕۆژى ڕابردوودا و بە ڕۆژدا گواستنەوەى ئەو هێزە سەربازییە لە سەر شەقامەکان و جادەکان بینراون.

هاوکات هەوار ئامێدى بەرپرسى کۆمیتەى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە قەزاى ئامێدى بە دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تیى ڕاگەیاند، ماوەى چەند ڕۆژێکە جموجوڵى و جێگۆڕکێ هێزە سەربازییەکانى تورکیا ڕوویان لە زیادبوون کردووە و ئەوەش بووەتە هۆى نیگەرانیى هاووڵاتییانى ئەو ناوچانە.

بەرپرسى کۆمیتەى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە قەزاى ئامێدى ئەوەشى وت "ئێمە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ بوونى بارەگاى هێزەکانى تورکیا نین لە ناوچەکەدا، بەڵام تاوەکو ئێستا چەندین بارەگاى هێزەکانى تورکیا لە سنوورى قەزاى ئامێدیدا بوونیان هەیە".

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى لەسەر ئەو بابەتە پەیوەندیى کرد بە ئیسماعیل مستەفا قائیمقامى قەزاى ئامێدییەوە، بەڵام ناوبراو وەڵامى پەیوەندییەکەى نەدایەوە.

جموجوڵى ئەو هێزانەى تورکیا لە کاتێکدایە کە ڕۆژى ١٠ى ئازاری ٢٠١٧ بەختیار دۆغان بەرپرسى ڕاگەیاندنى هێزەکانى هەپەگە بە دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تیى ڕاگەیاندبوو، هێزێکى سوپاى تورکیا لە سنووری حەفتانینەوە بەرەو باشوورى کوردستان جوڵەى پێکرابوو و  هەوڵیدابوو بێتە ناو خاکى باشوورەوە، بەڵام لەلایەن گەریلاکانى پەکەکەوە تەقە لەو هێزەکرابوو و لە ئەنجامدا کشابوونەوە بۆ شوێنەکانى خۆیان، بەڵام فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا ئەو ناوچایەیان بە چڕى بۆردومان کردبوو.

لە سنووری پارێزگاى دهۆک چەندین بنکەى سەربازیى هێزەکانى تورکیا بوونیان هەیە، کە زۆربەیان دەکەونە سنوورى قەزاکانى ئامێدى و زاخۆ. هەروەها فڕۆکەخانەى بامەڕنی بە گەورەترین بنکەى سەربازیى هێزەکانى تورکیا دەزانرێت لە هەرێمى کوردستاندا. 

ر.م
نالیا





به‌روار:  13/03/2017
636   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   706
کۆی سه‌ردان:   29260025