سوید و ئەڵمانیا و هۆڵەندا و نەمسا ڕێگەی بانگەشەیان بە بەرپرسانی ئاکەپە نەدا
سوید ڕێککەوتنێکی لەگەڵ پارتی ئاکەپەی تورکیا هەڵوەشاندووەتەوە کە بڕیاربوو بەرپرسانی ئەوپارتە سەردانی سوید بکەن و بانگەشەی ڕیفراندۆمی هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا بۆ هاوڵاتیە تورکەکانی دانیشتووی سوید بکەن.

 ئاژانسی هەواڵی دۆغانی تورکی بڵاویکردەوە، خاوەنی ئەو شوێنەی کە ڕێککەوتنی لەگەڵ پارتی ئاکەپەدا هەبووە ڕێکەوتنەکەی هەڵوەشاندووەتەوە.

ئاژانسەکە ڕایگەیاندووە ، نوێنەرانی پارتی ئاکەپەی تورکیا بڕیاربوو دوێنێ ١٢ى ئازارى ٢٠١٧ گردبوونەوەیەک لە سوید سازبکەن و بانگەشەی دەنگی "بەڵێ" لە ڕیفراندۆمی تورکیا بۆ هاوڵاتیە تورکەکانی سوید بکەن.

لەلایەکی دیکەوە لارس کۆک راسموسین سەرۆک وەزیرانی دانیمارک ڕایگەیاند، بەهۆی ئاڵۆزی نێوان ئەنقەرە و هۆڵەنداوە. بڕیاری سەردانێکی بۆ تورکیا هەڵوەشاندووەتەوە کە بڕیاربوو لەگەڵ بینالی یڵدرم سەرۆک وەزیرانی تورکیا کۆببێتەوە.

وڵاتانی نەمسا و سوید و ئەڵمانیا و هۆڵەندا ڕێگەیان بە بەرپرسانی ئاکەپە نەدا بانگەشە بۆ هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا لە وڵاتەکانیان بکەن.

هەرچەندە حکومەتی هۆڵەندا مۆڵەتی بە پارتی ئاکەپە نەدابوو بانگەشە بۆ دەستووری تورکیا لە وڵاتەکەی بکات، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی شەممەی ڕابردوو هەوڵیدا گەشت بۆ هۆڵەندا بکات و هۆڵەنداش ڕێگەینەدا فڕۆکەکەی لە خاکی هۆڵەندا بنیشێتەوە.

لە کاردانەوەی ئەوەشدا وەزارەتی دەرەوەی توركیا بەشێوەیەكی فەرمی داوای كرد باڵیۆزی هۆڵەندا نەگەڕێتەوە ئەنقەرە و باڵیۆزخانەی هۆڵەندای داخست ،هاوکات كونسوڵخانەی هۆڵەنداشی لە ئیستەنبول داخست.

هەروەها فاتیمە کایا وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتیى تورکیا لە لە شارى ڕۆتەردامى هۆڵەندا لەلایەن پۆلیسەوە بە شێوەیەکى کاتی دەستبسەرکرا و ڕێگاى پێنەدرا بڕواتە شارى ڕۆتەردام و گەڕێندرایەوە بەرەو ئەڵمانیا.

پەیوەندییەکانى تورکیا و وڵاتانى ئەوروپى بە دۆخێکى قەیراناویدا تێدەپەڕێت و ئەوروپییەکان هۆکارەکانى بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە، کە تورکیا بەرە و دیکتاتۆرى دەڕوات و بەرپرسانى تورکیاش هۆکارەکەى بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، کە وڵاتانى ڕۆژئاوا چاویان بە پێشکەوتنەکانى تورکیا هەڵنایەت.
نالیا


به‌روار:  13/03/2017
2860   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1343
کۆی سه‌ردان:   29264987