محەمەد مەلا كەریم لەسەر وەسێتی خۆی بەخاك سپێردرا
خەڵك ـ بەشی هەواڵ

نووسەر و وەرگێڕی دیاری باشووری كوردستان محەممەدی مەلا كەریم ، لە تەمەنی 86 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد و لەسەر وەسێتی خۆشی لە گۆڕستانی سەیوان لە شاری سلێمانی تەرمەكەی بە خاك سپێردرا.

محەممەدی مەلا كەریم یان حەمەی مەلا كەریم نووسەر و وەرگێڕی كورد و كوڕی زانای كورد مەلا عەبدولكەریم مودەڕیسە، خاوەن چەندین كتێب و لێكدانەوەی دیوانی شاعیرانی كلاسیك و لێكۆڵینەوەیە.

محەممەدی مەلا كەریم، ساڵانێكە بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنێت و بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 12-3-2017 لەشاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد و كەمێك پێش ئێستا و لەسەر وەسێتی خۆی لە گۆڕستانی سەیوان بەخاك سپێردرا.
محەمەد مەلا كەریم لەسەر هەڵوێستەكانی‌ دووچاری زیندانكردن بۆتەوەو  هەردوو كتێبی (جەنگاوەرێكی ڤێتنامی) و (لاوك و حەیران)ی لە زینداندا نووسیون.
پێش زیاتر لە 30 ساڵ لەمەوبەر، مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس  بە هاوبەشی هەردوو كوڕەكەی (فاتیح و حەمەی مەلا كەریم) دیوانی (سالم)ی شاعیر ساغدەكەنەوەو پەراوێزی بۆ دەنووسن، بەڵام دەرفەتی چاپكردنی نابێت، پاش كۆچی دوایی هەریەك لە (مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس و فاتیحی كوڕی) دەرفەتی پێداچوونەوەو چاپكردنی ئەو دیوانە دوا دەكەوێت، ئەگەرچی‌ تەندرووستی حەمەی مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس ناجێگیربوو ، بەڵام ڕۆژانە لە ژوورە تایبەتەكەی خۆی چەند كاتژمێرێك سەرقاڵی پێداچوونەوەی دیوانەكە بووە لەكۆتایدا ساڵی‌ 2016 كتێبخانەی‌ كوردی‌ بووە خاوەنی‌ كتێبی‌ سالم.
محەممەد عەبدولكەریم محەممەد

كوڕی زانای ناودار مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس

لە 14-8-1931 لە ناحیەی بیارە لەدایكبووە

فەقێیەتی لای باوكی تەواوكردووە

زمانەكانی عەرەبی  و فارسی زانیوە

لێكدانەوەی بۆ دیوانەكانی مەحوی، گۆران و بێخود كردووە

زاراوەی هەورامی بەباشی زانیوە

داڕشتنەوەی بۆ شیعرەكانی مەولەوی كردووە

پێداچوونەوەی بۆ دیوانی (شیرین و خوسرەو)ی خانەی قوبادی كردووە

به‌روار:  12/03/2017
476   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   47
کۆی سه‌ردان:   29259192