رۆژنامەنووسی سویدی ، کە نووسەری کتێبی (چیاکان تاکە هاوڕێمانن) کۆچی دوایی کرد
دارا ئیبراهیم 
رووداو-سوێد

تۆرد ڤاڵسترۆم، رۆژنامەنووس و نووسەری سویدی ، کە نووسەری کتێبی (چیاکان تاکە هاوڕێمانن)-ە لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

تۆرد ڤاڵسترۆم ، لەدایکبووی ساڵی 1928، یەکێکە لە گەورەترین رۆژنامەنووسە کۆنەکانی سوید، کارەکانی بەوە ناسراون کە کاریگەرییان هەبووە بەسەر رای گشتی و بە سەرچاوەیەکی زانیاریی دروست دادەنرێن.

ڤاڵسترۆم خاوەن چەند کتێبێکە، بەنێوبانگترینیان کتێبی (چیاکان تاکە هاوڕێمانن) ە کە لە ساڵی 1975 نووسیویەتی و تێیدا باسی گەشتێکی خۆی دەکات بۆ باشووری کوردستان لە ساڵی 1974.
لەوکاتەدا دوو مانگ لەگەڵ خەڵکی سڤیل، پێشمەرگە و سەرکردەکانی شۆڕش بووە، لە چۆمانەوە بۆ بادینان، لە ژێر بۆردوومانی فرۆکەکانی حکومەتی ئەوکاتەی عێراق، دەربەدەریی ، شەڕ ، ماڵوێرانیی و خەباتی میللەتی کوردی تۆمارکردووە و لەکتێبەکەدا چاپیکردوون و دەنگی کوردی بە وڵاتانی جیهان گەیاندووە.
 
تاوەکو ئیستاش لە میدیاکانی سوێددا هەر کە باسی کوردستانی عێراق دەکرێت، ناوی ڤاڵسترۆم و کتێبەکەی دێت، چونکە ئەو کتێبە وەک سەرچاوەیەکی مێژوویی باوەڕپێکراو بەکاردێت، تەنانەت لە کتێبخانەی زانکۆکان و پەرلەمانی سوێدیش بە پڕ زانیاریترین کتێب دادەنرێت. 

ڤاڵسترۆم لە ساڵی 1968دا خەڵاتی گەورەی رۆژنامەڤانی و لە 1991دا خەڵاتی سڤێن برومانی رۆژنامەڤانیی وەرگرت. 

لە فەرهەنگی سوێدیدا هاتووە "کتێبەکانی تۆرد ڤاڵسترۆم دەربارەی مالدیڤ ، بیاڤرا و کوردستان، کاریگەریی هەبووە بۆ دروستبوونی رای گشتی دەربارەی ئەو وڵاتانە و کاریگەریی هەبووە لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتیی".

کتێبی (چیاکان تاکە هاوڕێمانن) 150 لاپەڕەیە کە چەندین وێنەی دەگمەنی پێشمەرگە ، سەرکردە و خەڵکی سڤیلی تێدایە.

سەبارەت بە مانەوەی لە کوردستان ڤاڵسترۆم گوتوویەتی:"هەرکاتێک ئەو گەشتەم بیردێتەوە چاوەکانم پڕدەبن لە فرمێسك، من ئەو کتێبەم نووسی بۆ ئەوەی ویژدانی هەموو دونیا رابچڵەکێنم".

لە بەشێکی کتێبی چیاکان تاکە هاوڕێمانن-دا ڤاڵسترۆم دەڵێ:" پێش ئەوەی لەگەڵ ژەنەڕال مستەفا بارزانی دابنیشم، چاوم بە ئیدریس و مەسعود کەوت، لەگەڵ مەسعود قسەم کرد، برای بچووکی ئیدریسە، زۆر گەنج دیاربوو، 18 ساڵم بۆی دانا، کەچی تەمەنی 28 ساڵ بوو! بە روواڵەت زۆر بەیەك دەچوون، بەڵام لە قسەکردندا، ئیدریس دیپلۆماسی بوو، وشەکانی بە وردیی هەڵدەبژارد، بەڵام مەسعود بە دڵێکی فراوان، زۆر نەرم و لەسەرەخۆ بوو، بەشێوەیەکی زۆر باش شتەکانی رووندەکردەوە".

لە کتێبەکدا نووسیویەتی: "لە مەسعودم پرسی: کوردستان بە چ سیستەمێکی سیاسی بەڕێوەدەچێت دوای شەڕ؟ کە دەگەڕێمەوە سوێد ئەم پرسیارەم لێدەکەن: کوردستان دوای شەڕ چی بەسەردێت؟ سوسیالیست، چەپ، راست یان پارێزگار؟ چۆن وەڵامیان بدەمەوە؟ مەسعود گوتی: ساڵانێکی زۆرە شەڕ دەکەین، زۆر بەپەرۆشین بۆ ئەو رۆژەی دوای شەڕ کە تیایدا خەریکی کاروباری قۆنا‌خی ئاشتیی دەبین. من زۆر بەدڵنیاییەوە دەتوانم پێت بڵێم ئێمە دەبینە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیی بە سیستەمێکی پەرلەمانیی".

ڤاڵسترۆم، پێش مردنی، بە رووداوی گوتبوو: "بۆچوون و پێشبینییەکانی مەسعود بارزانی لەڕاستیەوە زۆر نزیکن، بەڵام کورد تووشی مەترسیی گەورە بووە". هەروەها گوتی: "دەمەوێت کتێبێکی دیکە بنووسم تەواوکەری ئەوەی پێشووبێت، بە ئەرکی خۆمی دەزانم بەدواچوونەوەیەك بکەم بۆ ئەو کتێبەم، دەمەوێت کتێبێکی تازە بنووسم دەربارەی کوردستان، پێویستە باسی ئەوەش بکەم ئایا دوای ئەو هەموو خەبات و قوربانیدانە، میللەتی کورد بە چی گەیشت، چونکە لەوانەیە ئێستا بەقەد ئەو کاتە، خەڵکی کوردستان پێویستی بە یارمەتیی و دۆستایەتیی هەبێت لەگەڵ میللەت و حکومەتەکانی دیکە". 

تۆرد ڤاڵسترۆم لە ئیمەیلێکدا، مافی وەرگێڕانی (چیاکان تاکە هاوڕێمانن) بۆ زمانی کوردی دا بە رووداو.  
 

گرینگترین کتێبەکانی:

سپێدە ساڵی 1964 ، باسی سەرەتاکانی سەربەخۆیی زامبیا دەکات.
خەون دیتن بە دوورگەیەك 1972، باسی گەشتەکەی دەکات بۆ دوورگەکانی مالدیڤ.
بیاڤرا1968، دەربارەی کێشەی نێوان نەیجیریا و بیاڤرا.
ئاسمانی ئاو1977، دەربارەی دەریای باشوور.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان


به‌روار:  10/03/2017
1773   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   661
کۆی سه‌ردان:   29249706