حەیدەر شەشۆ : ئەوەى شەنگال شەڕى برا کوژی بوو
حەیدەر شەشۆ  فەرماندەى هێزى ئێزیدخان ڕایگەیاند، ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا ڕوویدا لە شەنگال شەڕى برا کوژی بووە و پێویستە هەموو لایەک بەرپرسانە مامەڵە  بکەن.

حەیدەر شەشۆ  فەرماندەى هێزى ئێزیدخان لە میانەى بەشدارى لە دیدارى سلێمانیدا بە ئێن  ئاڕ تى ڕایگەیاند، لە ئێستادا بارودۆخى شەنگال باش نیە و بە تایبەت دواى شەڕ و ئاڵۆزییەکانى نێوان پێشمەرگە و یەبەشە.

ئاماژەى بەوەشکرد، "تا ئێستاش بەشێک لە خەڵکى شەنگال لە چیا دەژین و  پێویستیان بە هاوکارى هەیە و ئێمە ویستمان داواى هاوکارى لە ڕێکخراوە نێو دەوڵەتییەکان  بکەین بەڵام دەرفەت نەبوو".

حەیدەر شەشۆ   ڕاشیگەیاند، "دەبێت هەر دوولا  بەرپرسانە مامەڵە بکەن و بە هیچ شێوەیەک ڕێگەى نەدەن  شەڕى برا کوژى دووبارە بێتەوە".

ئەمڕۆ پێنجەمین دیداری سلێمانی لە زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی بە بەشداری چەندین بەرپرسی باڵای هەرێم و عێراق و جیهان دەستیپێکرد و تا سبەینێ بەردەوام دەبێت.

دروشمی پێنجەمین دیداری سلێمانی بریتییە لە "قۆناغى دوای داعش کۆتایھێنان بەگێژاوی شەڕ بەرەو چارەسەری بەردەوام" بەڕێوەدەچێت.

پێنجەمین دیداری سلێمانی لە زانکۆی ئەمەریکی لەلایەن ئێن ئاڕ تییەوە سپۆنسەری میدیایی کراوە، سەرجەم پانێڵ و گفتوگۆکان لە ڕێگەی کەناڵەکانی ئێن ئاڕ تی ئێچ دی و ئێن ئاڕ تی عەرەبی ئێچ دی و دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تییەوە دەگواسترێنەوە.

دیدارەکە لە هەشت پانێڵ پێکهاتووە، کە لە ماوەی دوو ڕۆژدا پێشکەش دەکرێن و لە هەر پانێڵێکدا چەند بەرپرسێک گفتوگۆ لەسەر پرسە جیاوازەکان دەکەن.

زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانى بۆ پێنجەم ساڵە لەسەر یەک دیداری سلێمانی ئەنجامدەدات، ساڵى ڕابردووش چوارەم دیدارى لەژێر دروشمى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەدواى داعش ئەنجامدا.
نالیا

به‌روار:  07/03/2017
772   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   487
کۆی سه‌ردان:   29261310