بۆ 8 مارس

من ئەمڕۆ ڕەنگی ٨ی مارس ئەگۆڕم
لە ڕەنگی خۆڵەمێشی و پەژوەردەییەوە
بۆ ڕەنگی ئارگۆنی و ڕەنگی ڕاچڵەکین
ڕاچڵەکینی ئاو لە سەرچاوەی خۆی
ڕاپەڕینی هەتاو لە ئاسۆی خۆی
ڕاچڵەکینی عەقڵ 
لە دیرۆکی دوو و درێژی بێهوودەیی خۆی
لە کولتوری ڕەش و سپی
لە مێژووی سێبەرە پیاوی 
کڵێتە و منارە
ڕاچڵەکین و ڕاچڵەکین 
تا ئەو شوێنەی خۆر
بەتەواوی لە ژنا هەڵ دێ و 
تا ئەو وەختەی خورافات 
بەتەواوی لە ژن دا 
ئاوا ئەبێت
من ئەمڕۆ رێی ئاوەڕۆی ٨ی مارس ئەگۆڕم
لە ئاستانەی بێدەنگیەوە
بۆ دوو ئاوانی پڕ لە هاوار و 
هاژە هاژ و یاخی بوون 
یاخی بوون لە سورە و دیوار 
ئەو دەمەی سورە و دیوار 
ئەبن بە دین ئەو وەختەی 
دین ئەبێ بە جەڵدە و 
جەڵدە ئەبێ بە شەریعەت و 
شەریعەت ئەبێ بە سێ دارە بۆ ژن
من ئەمڕۆ ئەبم بە کڵپە و
کڵپە ئەبێ بە پرچ و پرچ ئەبێ بە مەل و 
مەل ئەبێ بە گۆرانی و 
گۆرانیش ئەبێ بە باڵی ژن 
من ئەمڕۆ پیاو نیم و بووم بە ژن 
ناوی دایکم ئەخەمە جێی ناوی باوکم و
بەم جۆرە ئەمڕۆ من شێرکۆ فایەق بێکەس نیم و 
شێرکۆ شەفیقە سەبیحە م من 
وتیان داری نیشتیمان 
لە دوای داری خواوە دێت
وەلێ ئەو داری نیشتیمانەی 
ڕۆژانە و شەوانە خوێنی ژن ئاوی بدات
ئەوە نە داری منە و نە نیشتیمانی من 
ئەوە داری مەرگە و نیشتیمانی تیغ و 
خاکی درۆ
ئەوە داری خەلیفە و ئەسحابەکانی غەزایە
ئەوە نیشتیمانی ڕقە و داری حەدد و 
شەوی چەقۆ
پەنجەرە کوێرە و مات 
کوێرە و شەقام کوێرە بەبی ماچی ژن
قانون سەبەتەیەکی خاڵیە بێ دەستی ژن
تەرازووی داد لاسەنگە و هیچی تیانیە 
بێ دەنگی ژن
دیموکراسی لەم سەرەوە تا ئەوسەری
ئەبێتە هۆڵی پەرلەمانێکی چۆڵ وهۆڵ بە بێ ژن
ئازادیش هەورێکە بێ باران و ژیان خۆیشی درەختێکی زڕە
بە بێ سەما و بە بێ جەستەی جوانی ژن
من ئەمڕۆ پڕ پڕم لە 
ئاونگی ژن پڕ پڕم لە خۆرەتاوی مێ
لە ڕووباری مێ لە گیا و گوڵی مێ
لە شەپۆلی مێ لێواو لێوم لە شەوی مێی ئەم ووڵاتە و 
لێم ئەڕژێ ئاوی گوناح و حەرامی ناو شریخەی جەڵدە و 
بەردی ڕەجمی سەر جەستەی مێ
لەم مێژووەدا ئەوەتەی هەم 
هەرگیز هەرگیز مرۆڤێکی تەواو نەبووم 
نیوە دەست و نیوە قاچ و نیوە لەش بووم من 
نیوە شێعر و نیوە مۆسیقا و نیوە ڕێگا و 
نیوە گەروو بووم بە بێ مێ 
لە غەزا گەورەکەی کە کەقاعەوە 
لەو ڕۆژەوە کە لە بەیانیەکی ٨ی مارسا 
خۆری گاکاکان ئاوا بوو ئاو کوژراو 
ساماڵ ڕوخاو ناهیدیان کردە سەبایا و 
جەڵدەکان ژنی داگیرکرد لەو ڕۆژەوە ئیتر هەموو شتەکان
بوون بە نێر شاخ بوو بە نێر 
دەشت بوو بە نێر درەخت نێر و 
قەڵەم نێر و ووشە نێر و 
ماڵ بوو بە نێر من ئەمڕۆ ئەو ماڵە ئەڕووخێنم
ئەم نەخشەیە ئەدڕێنم و ئەو لەچک و چارشێوانە 
ئەدەمە دەس دۆزەخ و من ئەمڕۆ 
ئەم ڕووخسارە ئەسڕمەوە ئەمڕۆ منی مێ 
لە سەر و ملەوە خۆم دروست ئەکەمەوە
سەر لە نوێ خۆم ئەنوسمەوە
بە جۆرێکی تر خودا و پێغەمبەر و 
خەلیفە و نێر و مێ و ڕێگەکان ئەخوێنمەوە 
من ی مێ جارێکی تر وەک زەریای مێ دێمەوە 
زەریای مێ 
من ئەمڕۆ ئەم ٨ی مارس ە 
ئەکەم بە بورجێکی بەرز زۆر بەرزتر لە منارەکان 
لەو تەوقە سەرەوە پۆلە کراسێکی خوێناوی ژن هەڵئەفڕێنم


 مالمۆکورد وێنەکەی لەگەڵ وێنەیەکی  کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان تێکەڵ کردووە بە سوپاسەوە
به‌روار:  07/03/2017
820   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   610
کۆی سه‌ردان:   29261845