ڕۆژی «جیهانی ژن» ڕۆژی پیرۆزبایی کردن لەژنان نییە!
مالمۆکورد

بەپێی هەواڵی ڕێخراوی نێودەوڵەتی دۆخی ژنان نالەبار وماتەمین، وپێشیلکاری مافی ژنان لەم ساڵانەی دواییدا ڕوویان لەزیادبوون کردووە. هەربۆیە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی جیهانی ژنی وەکوو ڕۆژی هۆشداری دان بەنادادپەروەری ونایەکسانی لەجیهان ناوزەد دەکات.

بەپێی ژمێریارییەکانی ڕێخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان یەک لەسێی ژنانی پەڕاوپەڕی جیهان، لەتوندوتیژی بەهۆی پێوەندی نێزیک لەگەڵ پیاو وهەروەها توندوتیژی سێکسی لەبەشێک لەژیانی خۆیان ئەزموو؟ کردووە. تەنیا لە ۷۶ ووڵاتی جیهان، ئەو یاسایانەی تاوان وئەشکەنجە وئازاری تاکەکان بەهۆی سۆزداری وڕاکێشانی جنسی یان ڕەگەزی لە پرۆگرام وڕۆژەفی کاریاندا بوونی هەیە.

تەنیا ۲۳٪ لەنوێنەرانی پەڕلەمانەکانی جیهان ژنن. ۱۰۰ ووڵات یاساگەلێکیان گەڵاڵە کردووە کەئاستەنگی ئیش وکار بۆژنان دەڕەخسێنن. لە ۱۸ ووڵات، پیاوان مافی ئەوەیان هەیە ڕێگری لەو ژنانە بکەن کە گرێدراویەکیان لەگەڵیان هەیە کەخاوەنی ئیشێک بن. بەملوێنان کەس لەژنان وکچان، لەمافی چارەنووسی خۆ وهەروەها کۆنتڕۆڵی ژیان خۆیان بێبەشن.

۵۰٪لەو ژنانەی کوژراون، بەدەستی هاوژینی هەنووکەیی یان پێشووی خۆیان دەکوژرێن. بۆژنانی ۱۵ بۆ٤٤ ساڵ تەمەن، توندوتیژی هۆکارێکی گشتی وحاشاهەڵنەگری مردن و پەککەوتن و ئیفلیج بوونە. پترلە ۸۰٪قوربان قاچاخی مرۆڤەکان، تەنیا ژنانن.

هەنووکە پترلە ۱۳۰ ملوێن کچ وژن لەهەندێ لە ووڵاتان کەمئەندامی جنسی (بەهۆی خەتەنە) دێنە هەژمار. هەموو ساڵێک کوشتن، دەسدرێژی یان بەکۆیلەگرتنی هەزاران ژن، تەنیا بەهۆی ئەوەی کە ژنن جێبەجێ دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێخراوی نێودەوڵەتی شوێنگەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەڕوانگەی هەڵاوردنی دژ بەژنان، لەکۆی ۱۳۶ ووڵات، پێگەی ۱۳۰ یەمی هەیە.

یاساو ڕێسای مافەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەزۆری لەسەر هەڵاواردنی ڕەگەزی بنیات نراوە وبەرژەوەندی ژنان کە نیوەی حەشیمەتی مرۆیی پێک دێنن، خستۆتە بن دەسەڵات وئۆتۆریتەی پیاوانەوە وکێشە وگرفتی بەرچاوی وەکوو هاوسەرگیری زۆرەملێ، خۆسوتاندنگەلێک کە بەهۆی توندوتیژی دژ بەژنان دێنە ئاراوە، کوشتنی ژنان وخۆکوژی ئەو کچانەی کەدەسدرێژی کراوەتە سەریان، پێک هێناوە.

هەرلەم هەواڵەدا ئاماژەی پێکراوە کە شێوازی خۆسوتاندن بەرچاوترین شیوازی خۆکوژییە لەنێوان ژنانی کورد لەشارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.۳۰٪ لەخۆسوتاندنەکان لەپارێزگای ئیلام و ۲۳٪ لەکرماشان، پلەی یەک ودووی لەجوگرافیای سیاسی ئێران بۆخۆی دیاری کردووە.

لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بێکاری زۆرینەی ژنان، وتوندوتیژی بنەماڵەیی، یاساو سیستەمی پیاوسالاری کەلە حکوومەتی ئیسلامییەوە سەرچاوە دەگرێ کەهەوڵ دەدات ژن بکات بە ملکەچ وکۆیلەی پیاو و چەشنی کاڵایەکی سێکسی دەکاری بگرێ بووە بەهۆی هەڵکشانی
ڕێژەی زۆری خۆکوژی ژنان لەکوردستان وئەم خۆکوژیانەیش هیچ چەشنە کاردانەوە ودژکردەوەیەکی لەنێوان بەرپرسانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لێنەکەوتۆتەوە وئەمەیش پیشاندەری ئەوەیە کەحکوومەت هیچ بایەخ وگرنگییەک بەژنانی کورد نادات.

هەربۆیە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بەپشتبەستن بە جاڕنامەی ڕێخراوی نێودەوڵەتی کەلەساڵی ۱۹٤۵ واژۆ کرا، یەکسانی ژن وپیاوی وەکوو بنەڕەتی ترین بنەچەی مافی مرۆڤ هەژمار کرد وداوای لەکۆمەڵگای جیهانی دەکات کەبەشداری ژنان وەکوو شەرکی هاسانی پیاوان لەدەسڕاگەیشتن بە پەروەردە، ئاشتی، ئەمنییەت وڕێزی تەواو بۆمافی مرۆڤ گەشەو گرنگی پێ بدەن.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان
به‌روار:  07/03/2017
631   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   714
کۆی سه‌ردان:   29259969