مەلا عەلی كەڵەك: جنۆكە چووەتە لەشی ترەمپەوە. پێویستە هەندێك لە بنی پێی بدەم
رووداو – هەولێر

چەندینجارە باسی داخستنی "نەخۆشخانەكەی"ی دەكرێت، كە ناوی لێناوە (نەخۆشخانەی محەممەد رەسولەڵڵا)، بەڵام ئەو رۆژەی (رووداو) ئەم هەڤپەیڤینەی لەگەڵ كرد، زیاتر لە 100 كەس لە "نەخۆشخانەكەی" نۆرەیان گرتبوو. هەندێكیان لە شوێنی دوورەوە هاتبوون. مەلا عەلی كەڵەك، كە خۆی بە پزیشكی نەبەوی دەناسێنێ‌، بەردەوام لەسەر ئەو چارەسەرانەی بۆ نەخۆشەكانی دەینووسێ‌، لەنێو خەڵکدا مشتومڕ دروستدەكات.

  یەكێتی بەهۆی منەوە بووە دوو باڵ


بەرپرسانی كەرتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان کارەکانی رەتدەکەنەوە. چەند جارێكیش سكاڵایان لەسەر تۆماركردووە، بەڵام ئەو هەر بەردەوامە لەسەر كارەكەی خۆی. لەم هەڤپەیڤینەدا مەلا عەلی كەڵەك، باسی نەخۆشییەكەی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا دەكات. ئەو، كە تەنیا لە شاشەی تەلەڤزیۆنەوە سەرۆكی ئەمریكای بینیوە، دەڵێت "دۆناڵد ترەمپ نەخۆشە و جنۆكە لە لەشیدایە. پێویستە بە دار لەژێر پێی بدەم تاوەكو چاك ببێتەوە".

  
بە پێنج مانگ مام جەلال چاك دەكەمەوە
رووداو: پێشتر راتگەیاندبوو دەتوانیت چارەسەری مام جەلال بكەیت، ئێستاش هەر دەتوانی؟

مەلا عەلی كەڵەك: من خاوەنی بەڵێنی خۆمم، بەڵام لەسەر قسەكەی من، یەكێتی بووە دوو بەش. هەندێكیان پێیان باش بوو چارەسەری بكەم، هەندێكی دیكەش دژی ئەوە بوون. لەكۆتاییدا باڵی دژەكە سەركەوتن. هەندێكیان ویستیان بچمە لای مام جەلال، بەڵام من ناچمە لای هیچ كەسێك و دەبێ نەخۆش بێت بۆ لای من. ئێستاش كە دەڵێن چاكبووەتەوە هیچ راست نییە، ناتوانێ قسە بكات و یادەوەری تەواو لاواز بووە، چونكە جەڵتەی دڵ و مێشك لێی داوە. ئێستاش بیهێننە لای من ئامادەم لەبەر خاتری خودا چارەسەری بكەم. مام جەلال دەماری مێشكی نەزیف بووە و دەماری دڵی گیراوە. مام جەلال خزمەتێكی زۆری كردووە و دەمەوێ هەقی بدەمەوە. ئەگەر تەنیا پێنج مانگ چارەسەری من بەكاربهێنێ، دڵنیاتان دەكەمەوە دەتوانێ بەپێی خۆی بڕوات و قسەش بكات.

   
نەوشیروان مستەفا نەخۆشییەکی قورسی هەیە
رووداو: دەڵێن بەرپرسانی باڵای حیزبی و حكومی سەردانیان كردووی، چارەسەرت بۆ كردوون؟

مەلا عەلی كەڵەك: بەرپرسی زۆر باڵا هاتوون و چارەسەری شێرپەنجە و چەندین نەخۆشی دیكەم بۆ كردوون، بەڵام نامەوێ ناویان بهێنم. چونكە بەڵێنم پێیان داوە. چەند كەسێكی نزیكی نووری مالیكی، كە بەرپرسیارێتیشیان هەیە و نەخۆش بوون، سەردانیان كردووم، چارەسەرم بۆ كردوون.

رووداو: دەڵێن نەوشیروان مستەفا نەخۆشە، دەزانی نەخۆشییەكەی چییە؟ دەتوانی چارەسەری بكەی؟
  
زۆربەی بەرپرسان سەردانم دەكەن و بە دار لێیاندەدەم


مەلا عەلی كەڵەك: بەڵێ، دەزانم نەخۆشییەكەی چییە، بەڵام نەخۆشییەكی قورسی هەیە. جگەرەكێشانیش كاریگەریی خراپی كردووەتە سەری. هەرچەندە تاوەكو ئێستا داوایاننەكردووە چارەسەری بۆ بكەم، بەڵام ئەگەر بیهێننە لام، پشت بەخوا چارەسەری دەكەم و رزگاری دەكەم. بۆ من كەناسێك و سەرۆكی وڵات وەك یەك وان.

رووداو: دۆناڵد ترەمپ بە رەفتارەكانی جیهانی سەرسام كردووە، پێتوایە نەخۆش بێت؟

مەلا عەلی كەڵەك:  جنۆكە چووەتە لەشی ترەمپەوە. پێویستە هەندێك لە بنی پێی بدەم بۆئەوەی ئاسایی ببێتەوە. ئەو تێكچووە و سنووری خۆی بەزاندووە. چونكە نەخۆشە و پێویستی بە چارەسەرە. ئەگەر چارەسەر نەكرێت و وەكو ئێستا بەردەوام بێت، سەرۆكایەتییەكە تەواوناكات یان شێت دەبێت یان دەیكوژن، بەڵام ئەگەر خۆی بگۆڕێت، ئەوەیان شتێكی دیكەیە. ترەمپ بە خراپی سنووری خۆی بەزاندووە و بووەتە مەخلوقێك پەلاماری هەموو كەسێك دەدات. 
 
چەند كەسێكی نزیكی نووری مالیكیم چارەسەركردووە


رووداو: ئەگەر بتكەنە وەزیری تەندروستی، چ گۆڕانكارییەك لە كەرتی تەندروستیدا دەكەی؟

مەلا عەلی كەڵەك: من سیاسی نیم، بەڵام بەڵێندەدەم پشت بەخوا نەخۆشخانەی نەبەوی لە هەموو كوردستان دروست دەكەم. شێرپەنجە زۆر كەمدەكەمەوە و خۆسووتاندن ناهێڵم. چونكە ئەوانەی جنۆكە دەچێتە لەشیانەوە، لەبری دەركردنی جنۆكە، حەبی دەروونییان پێدەدەن. تەنیا ساڵی 2016، لە عێراق 5 هەزار كەس خۆیان سووتاندووە، رێگریمان لە خۆسووتاندنی 3‌ هەزار كەس كردووە.
  
ترەمپ چارەسەر نەكرێ‌ شێت دەبێت یان دەكوژرێ‌


ئەگەر حكومەت سێ نەخۆشخانەم لە هەولێر، سلێمانی و دهۆك بداتێ لەگەڵ 150 كارمەند و بایی 10 ملیۆن دۆلار دەرمان بكڕێت، سەرەڕای‌ چارەسەركردنی نەخۆش، دەتوانم لەماوەی 10 مانگدا 90 ملیۆن دۆلار بگێڕمەوە بۆ خەزێنەی حكومەت و چارەسەری نیو مووچەیی بكەم.

رووداو: بۆچی نەخۆشیی دەروونی ئەوەندە زۆر بووە لە عێراق؟

مەلا عەلی كەڵەك: هەرچەندە هاواردەكەم كەس گوێم لێ‌ ناگرێ‌، ژمارەیەكی زۆری جنۆكە هاتوونەتە ئاسمانی عێراق. خودی ئیبلیس هاتووەتە عێراق، ئەمانەم هەمووی لە زاری جنۆكەكانەوە زانیوە. جنۆكە تەواوی عێراق و سووریای داگیركردووە، ئەگەر بەم شێوازە بڕوات، دۆخەكە خراپتر دەبێت.
 
بمكەنە وەزیری تەندروستی، خۆسووتاندن ناهێڵم

رووداو: دوو ساڵ لەمەوبەر گوتت ژمارەیەكی زۆر جنۆكە هاتوونەتە ئاسمانی شاری سلێمانی، ئێستاش هەر ماون؟

مەلا عەلی كەڵەك: ماوەیەكی دیكە لە گرتەیەكدا ئەوە لەسەر زاری جنۆكەكانەوە لە لەشی نەخۆشەكاندا ئاشكرادەكەم. ئێستاش درەنگ نەبووە، ئەگەر یەكڕیز بن و تەبا بن، جنۆكە هیچ هێزێكی نامێنێ. جنۆكەكان هێشتا ماون و مەترسییان هەیە. سەرەڕای ئەمانەش خۆكوشتن زۆر زیادیكردووە، بەڵام راگەیاندن نایزانێ و لێیان دەشاردرێتەوە. 
  
ئاسمانی عێراق پڕ بووە لە جنۆكە و خودی ئیبلیس هاتووە


رووداو: ساڵێك لەمەوبەر گوتت دەچمە موسڵ و گفتوگۆ لەگەڵ داعش دەكەم، بۆچی نەچووی؟

مەلا عەلی كەڵەك: رێگەیان نەدا بچم. هەرچەندە داعش ئامادە بوو لەسەر گۆڕینەوەی دیلەكان گفتوگۆم لەگەڵ بكات، بەڵام بەڕێز جەبار یاوەر، گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە، سكاڵای لەسەرم تۆماركرد و واژۆیان پێكردم نەچمە موسڵ. ئەگەر ئەوكات رێگریان نەكردبا، بەدڵنیاییەوە پێشمەرگە دیلەكانم دەهێنایەوە كوردستان. 
  
ماوەیەكی دیكە جنۆكەكانی سلێمانی ئاشكرادەكەم

ئەگەر ئەوەیان بەرامبەر من نەكردبا، بە ئۆتۆمبێلی خۆم دەچوومە موسڵ و دەهاتمەوە، تەنیا لەبەر خاتری پێشمەرگە. چونكە داعش رەزامەند بوو لەسەر دیل بە دیل لەگەڵ من. دوای ئەوەی رێگاشیان لێگرتم، لە هەوڵەكانم بەردەوام بووم و داوام لە داعش كرد شەهیدیان نەكەن. ئەوانیش بەڵێنیان پێدام. بەگوێرەی زانیارییەكانم تاوەكو ئێستاش لەژیاندا ماون.

رووداو: گلەیی ئەوە لە نوێنەرانی كورد لە بەغدا دەکرێت کە وەك ئەوەی لێیان چاوەڕوان دەكرێت كارناكەن، پێتوایە جادوویان لێ كرابێ‌؟

مەلا عەلی كەڵەك: هەموو شتێك دەبێت. شیعە لە جادووكردن زۆر شارەزان، بەڵام ناكرێ بڵێین ئەمە هۆكاری سەرەكییە. چونكە زۆربەی نوێنەرەكانمان لەبەر پارە نیشتمانیان وەلاناوە. یەكدەنگ نین و خیانەت دەكەن. ئەگەر ئێستاش یەكبگرن، دڵنیام دەبینە دەوڵەت. 
 
بەڵێنم لە داعش وەرگرتووە پێشمەرگە دیلەكان نەكوژن



رووداو: ساڵی 2015 پەرلەمانی كوردستان پەكیكەوت و مشتومڕی زۆر دروست بوو، پێتوایە جنۆكە رۆڵی هەبووبێ لەو ئاڵۆزییانەدا؟

مەلا عەلی كەڵەك: هەركەسێك تووڕەبێت، جنۆكە دەچێتە لەشی. نزیكەی 80%ی ئەو بەرپرسانەش جنۆكە لە لەشیاندایە. چونكە بەردەوام تووڕەن و شەڕ لەسەر كورسی و پارە دەكەن. زۆربەشیان سەردانی من دەكەن، بەو دارە (تەختەیەكی نیو مەتری لە بەردەمی دانرابوو-رووداو) هەڵیاندەپەڕێنم و تێروپڕیان لێدەدەم. چەندین وەزیری كوردستان و عێراق هاتوونەتە لام و داركاریم كردوون، بەڵام دوای كاتی دەوام دێن، بۆئەوەی ئاشكرانەبن. زۆربەی بەرپرسەكان نەخۆشیی دەروونییان هەیە، لەبەر ئەوەشە رێكناكەون. هەركەسێك ئارەزووی پارە، پۆست و ئافرەت زاڵ بوو بەسەریدا، نەخۆشە. پێویستە داركاری بكەم.

هەرکەسێک تووڕە بێت، جنۆکە دەچێتە لەشی

رووداو: كۆمۆنیستەكان سەردانت دەكەن و بڕوایان پێتە؟

مەلا عەلی كەڵەك: بەڵێ زۆر دێن. ئێستا ئەوانیش بۆیان روونبووەتەوە كە مامۆستا مەلا عەلی كەڵەك، هێزێكی خودایی لەپشتە. ئەندامێكی سەركردایەتی حیزبی شیوعی، بیست ساڵ بوو ژنی هێنابوو، منداڵیان نەدەبوو. 

دوو مانگ چارەسەرم پێیاندا، هاوژینەكەی دووگیان بوو. خوا كوڕێكی پێبەخشین و ناویان لێنا (عەلی). ئێستا ئەو بەرپرسە باڵایەی حیزبی شیوعی نوێژدەكات و رۆژوو دەگرێ. بەڵگەكەشم بە ڤیدیۆ لەلایە و رێگەی پێداوم بڵاوی بكەمەوە.هەرچەندە سەرەتا نەمدەویست بەڵگەكان بە ڤیدیۆ تۆمار بكەم، بەڵام دژایەتیكردنم ناچاریانكردم. 
  
رووسەكان دەمکەنە فلیم



رووداو: ئارەزووی خۆت بۆ کاری هونەری دەربڕیوە، بەنیازیت ببیتە ئەكتەر؟

مەلا عەلی كەڵەك: نەخێر نامەوێ ببمە ئەكتەر، بەڵام كەناڵێكی بەنێوبانگی رووسی سەردانیان كردووم و داوایان لێكردووم فیلمێكی دۆكیۆمێنتەری لەسەر من دروست بكەن، بەڵام تاوەكو ئێستا رازی نەبووم، هەرچەندە ئامادەن پارەیەكی زۆرم بدەنێ، بەڵام من پارە رەتدەكەمەوە و مەرجی مەعنەویم هەیە بۆیان.


 
به‌روار:  06/03/2017
1828   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   455
کۆی سه‌ردان:   29232720