قەحبەن ئەوانەی پێم دەڵێن
قەحبەن ئەوانەی پێم دەڵێن:
"دان و مێروو برای یەکن"
قەحبەن ئەوانەی پێم دەڵێن
"خوێن و زێڕوو برای یەکن"
قەحبەن ئەوانەی پێم دەڵێن:
"ماسی و چەنگاڵ،
مشک و جەواڵ برای یەکن
دەست و چزۆو
قەحبەن ئەوانەی پێم دەڵێن:
پەت و گەردەن
گوێزان و موو برای یەکن"
وەرن خەڵکە!
لە نێچیر و زام بپرسن،
بڵین توخوا
خەنجەر هەیە زام تیمار کا؟!
راوچی هەیە نێچیر نەخوا؟!
دەخەڵکە لە کا بپرسن،
قەت ئاگری ساردی دیوە؟!
لە هێڵانەی مار بپرسن،
بە نیازی ماچ، مار قەت دەمی تێ ژەنیوە؟!
دە لە داربەروو بپرسن،
تەوەری دیوە داربڕ نەبێ؟!
دە لە کەرێکیش بپرسن،
گورگی دیوە کەردڕ نەبێ؟!
قەحبەن ئەوانەی پێم دەڵین:
"ماری شیرین ژاریش هەیە"
قەحبەن ئەوانەی پێم دەڵێن:
"تەوەری برای داریش هەیە"
من پشتێکی بریندارم،
لە قامچی خۆم راپەریوم.
من لافاوێکی لاسارم،
لەو کەنارانە هەڵساوم،
کە تەنگیان پێ هەڵچنیوم.
نانیشمەوە
نانوومەوە
بێ ئارامم،
(ئارامی من چرایەک بوو،
رەشەبای دەورم خوێنی رشت)
بێ بەزەییم،
(بەزەیی من زەریایەک بوو،
دەمیان پێوەنا و هەڵیان مشت)
عەبدۆڵڵا پەشیو


به‌روار:  03/03/2017
2350   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   937
کۆی سه‌ردان:   29263643