هێزێکی سەربازیی ناردنی نەوتی کەرکوکی بۆ تورکیا ڕاگرت
رووداو - هەولێر

هێزێکی سەربازی نەناسراو لە کەرکووک چووە نێو کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە. وەزارەتی نەوتی عێراقیش دەڵێت، ئاگادار چوونی ئەو هێزە نییە.

ئەو شوێنەی هێزەکە کۆنترۆڵی کردووە، پەمپ ستەیشنی (ئای تی وەن)ـە، کە کاری کۆکردنەوەی نەوتی دەرهێندراوە لە کێڵگەکان و هەناردەکردنی بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا بە رێگای بۆری هەرێمی کوردستان.

ئەحمەد عەسکەری، سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزە و پیشەسازی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەواڵی چوونی ئەو هێزەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە، بەڵام رایگەیاند هیچ زانیارییەکی دیکەی لەو بارەیەوە نییە. 
رووداو پەیوەندی بە عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق کرد، لەوبارەیەوە بێئاگایی خۆی لەسەر چوونی ئەو هێزە راگەیاند.

هەروەها سمکۆ مەحموود، گوتەبێژی هێزی ئاسایشی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە کەرکووک، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، ئاگاداری ئەو هەواڵە نییە.ئەوەش لەکاتێکدایە نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک بە سەردانێک لە ئەمریکایە و هێشتا نەگەڕاوەتەوە کەرکووک.

لە دوایین سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە 2016، هەولێر و بەغدا رێککەوتن کە ئەو نەوتەی لەژێر کۆنترۆڵی بەغدا بوو، بە رێگای بۆری هەرێمی کوردستانەوە بنێردرێت و داهاتەکەی نیوەی بۆ هەرێمی کوردستان بێت.

هاوکات بەغدا بڕیاریداوە بۆ پابەندبوون بە رێککەوتنی ئۆپێک هەناردەی نەوتی کەرکووک کەمبکاتەوە.

رۆژی 20-2-2017 وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بەغدا و تاران یاداشتێكی لێكتێگەیشتنیان بۆ هەناردەكردنی بەشێك لە نەوتی كەركووك بە رێگای بۆری بۆ ئێران واژۆكردووە، ئەوەش دوای سەردانێکی وەزیری نەوتی ئێران بۆ کەرکووک.

نەوتی کەرکووک ئێستا لەڕێگەی بۆری نەوتی کوردستان - جەیهان هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت. دوو کێڵگەی نەوتی کەرکووک لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانن و، سێ کێڵگەکەی دیکەش لەژێر کۆنترۆڵی کۆمپانیای نەوتی باکووری سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقن.

هەرێمی كوردستان رۆژانە 150 هەزار بەرمیل نەوت لە كێڵگەكانی بای حەسەن و هاڤانا، حكومەتی عێراقیش بڕی 150 هەزار بەرمیل نەوتی كێڵگەی باكوور بەرهەمدەهێنێت، جگە لە دابینكردنی پێداویستی ناوخۆی وەک سووتەمەنی وێستگەكانی كارەبا، نزیكەی 120 هەزار بەرمیلی لەو نەوتە لە رێگای بۆڕی كوردستانەوە هەناردەی بەندەری جەیهان لە توركیا دەكرێت.

به‌روار:  02/03/2017
2734   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   674
کۆی سه‌ردان:   29257494