خۆکوژێکی داعش بۆخێزانه‌كه‌ی‌؛ ئێوە ژنتان بۆنەهێنام بەڵام خودا 72حۆریم پێدەبەخشێت
خەندان- رێنوار نەجم

نامەی وەسیەت و ماڵئاوایی چەکدارێکی داعش لەگەڵ لیستێک لەناوی ئەو چەکدارانەی رێکخراوەکە کە ئامادەن بۆ خۆتەقانەنەوە ئاشکرا دەبێت و تێیدا دەردەکەوێت کە زۆرینەی ئەوانەی خۆیان دەتەقێننەوە تەمەنێکی کەمیان هەیە.

"خێزانە ئازیزەکەم، تکایە بمبەخشن". بەم شێوەیە نامەی کۆتایی خۆکوژێکی داعش بەدەستوخەتی خۆی دەستپێدەکات کە ئاراستەی خێزانەکەی کردووە.

"نیگەران مەبن و جلی رەش مەپۆشن، داوامکرد ژن بهێنم و ئێوە ژنتان بۆ نەهێنام. بەڵام لەلایەن خوداوە لەبەهەشت 72 حۆریم پێ دەبەخشرێت." لەدرێژەی نامەکەدا عەلا عەکەدی، کە تەمەنی لەنێوان 15 بۆ 16 ساڵدا بووەو پێش ئەوەی بچێت بۆ خۆتەقاندنەوە لەموسڵ وای نووسیووە.

نامەکەو لیستێکی دیکەی ناوی ئەو چەکدارانەی ئامادەن بۆ خۆتەقانەنەوەو ژمارەیەک وێنە کەوتوونەتە دەست پەیامنێرێکی ئاژانسی رۆیتەرزو ئەمڕۆ بڵاوکراونەتەوە. 
رێکخراوی داعش لەناو شاری موسڵدا بەشێکی هەبووە بەناوی "بەشی سەربازان، کەتیبەی ئیستشهادی" لەنێویاندا ناوی هەموو ئەو کەسانە تۆمارکراون کە ئامادەکراون بۆ خۆتەقاندنەوە، بەشێکیان وێنەیان لەگەڵدایەو بەپێی لیستەکە زۆرینەی ئەو کەسانە هەرزەکارن یاخود لەسەرەتای بیستەکانی تەمەنیاندان.

ئەو لیست و نامانە لەناو شاری موسڵدا جێماون دوای ئەوەی چەکدارانی داعش کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری ئەو ناوچانەی لەدەستدا.

تەقینەوەی خۆکوژی یەکێکە لەچەکە بەهێزەکانی داعش کە لەبەرامبەر هێزەعێڕاقییەکاندا بەکاریدەهێنێت لەشەڕی موسڵدا.

عەکیدی لەمانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2014 پەیوەندی بەداعشەوە کردوە، تەنها چەند مانگێک دوای ئەوەی ئەو رێکخراوە شاری موسڵی کۆنترۆڵکرد.

بەوتەی خزمێکی عەکیدی بۆ ئاژانسی رۆیتەرز، باوکی ئەو کوڕە زۆر غەمباربووە بەبڕیاری کوڕەکەی بەچوونە ناو داعشەوە، بەڵام لەسزادان ترساوە گەر بێت و هەوڵ بدات کوڕەکەی لەو رێکخراوە دەربهێنێت و دووری بخاتەوە.

لەدوای پەیوەندیکردن بەداعشەوە، عەکیدی زۆر بەکەمی سەردانی ماڵەوەی کردوە، لەدواین سەردانیشیدا بەباوکی وتووە کە ئەو تەقینەوەی خۆکوژی لەکێڵگەی نەوتی بێجی ئەنجامدەدات.

"بەباوکی وت کە ئەو بەدوای شەهیدبووندا دەگەڕێت." خزمێکی نزیکی چەکدارەکەی داعش وادەڵێت بەڵام بەهۆی ترسی لەداعش و هێزە عێڕاقییەکان نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت.
دوای چەند مانگێك خێزانەکەی عەکیدی ئاگاداردەکرێنەوە کە کوڕەکەیان سەرکەوتووبووە لەخۆتەقاندنەوەی.
مالمۆکورد وێنەی  یەکەمی لەگۆگلەوە وەرگرتووە کە خۆکوژێکی تری داعشە

به‌روار:  28/02/2017
2371   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   566
کۆی سه‌ردان:   29229476