ژیاننامەی شەهید شیفا گەردی
رووداو - هەولێر

ئەمڕۆ شەممە 25/02/2017، بەداخەوە لەکاتی رووماڵی رووداوەکانی شاری موسڵ، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو، شیفا گەردی، رۆژنامەنووسی لێهاتووی رووداو شەهید بوو، وێنەگرەکەشی یونس مستەفا بریندار بوو.

شیفا گەردی لەو ناوچەیە شەهید بووە، کە چەند رۆژێکە لە بەری راستی موسڵدا کۆنتڕۆڵکراوەتەوە و لەوێدا بۆمبێکی چێندراوی بەجێماوی داعش پێیدا تەقیوەتەوە.

شیفا گەردی، یەکێک بوو لە رۆژنامەنووسە هەرە چالاک و کاراکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سەرەتای دامەزراندنی تەلەڤزیۆنی رووداوەوە، ئەستێرەیەکی دیاری شاشەی رووداو و میدیای کوردی بوو، جگە لەوە بەڕێوەبەڕێکی کارا و کاریگەری تۆڕی میدیایی رووداو بوو.

لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی موسڵدا، بەرنامەی تایبەتی بەو شەڕە بە ناوی فۆکس موسڵ هەبوو، بەشێوەیەکی مەیدانی وەک رۆژنامەوانێکی جەنگی لە میحوەرەکانی جەنگ ئامادە دەبوو و، راپۆرتی دەکرد.

شەهیدبوونی شیفا گەردی کۆستێکی گەورەیە بەر تۆڕی میدیایی رووداو و رۆژنامەنووسانی کوردستان کەوت و زیانەکەی پڕناکرێتەوە.

بەناوی تۆڕی میدیایی رووداو پرسە و سەرەخۆشی لە خۆمان و تەواوی کارمەندانی رووداو و کەسوکاری شیفا گەردی و تەواوی رۆژنامەوانانی کوردستان دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ یونس مستەفا دەخوازین.

تۆڕی میدیایی رووداو
25/2/2017

ژیاننامەی شیفا گەردی:

شیفا زکری ئیبراهیم، ناسراو بە شیفا گەردی

 لە 1-7-1986 لە ئاوارەيی لە ئێران لەدایکبووە.

لە ساڵی 2006 پەیمانگای تەکنیکی  بەشی کۆمپیوتەری تەواوکردووە.

لە ساڵی 2013 بەشی راگەیاندنی لە کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەلاحەدین تەواوکردووە.

- لە ساڵی 2007 تاوەکو ساڵی 2010 لەگەڵ کاری رۆژنامەنووسی کاری مامۆستایەتی کردووە.

- لە ساڵی 2006 دەستی بە کاری راگەیاندن کردووە.

- لە سەرەتای دامەزاردنی تۆڕی میدیایی رووداو، وەک ئەستێرەیەکی دیاری شاشەی رووداو دەرکەوتووە.

- بەڕێوەبەری بەشی ئاوتپووتی رووداو بوو.

- لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵ بەرنامەی فۆکەس موسڵی پێشکەش دەکرد.

- بەشێوەیەکی مەیدانی وەک رۆژنامەوانێکی جەنگی لە میحوەرەکانی جەنگ ئامادە دەبوو و راپۆرتی دەکرد.

به‌روار:  25/02/2017
3652   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   520
کۆی سه‌ردان:   29267056