دکتۆر "ئیما" مرڤێکی بەویژدانە.

دەزانم کە لەم دوو ڕۆژەدا هەواڵی دۆزینەوەی "نیاندەرتاڵەکان لە ئەشکەوتی شانەدەر"ـتان بینییوە. مێژووی ئەو ناندەرتاڵانە دەگەڕێتەوە بۆ ۷٥،٠٠٠ ساڵ پێش. واتە ۷٥،٠٠٠ ساڵ پێش لە کوردستانی ئەمڕۆ مرۆڤ ژیاوە و شارستانیەت بوونی هەبووە. ئەمە بۆخۆی بەڵگەیەکی گرنگە کە کوردستان وەک ناوچەیەکی گرنگی مێژوویی دەناسێنێت. 
هەروەها کوردستان دەکاتە شوێنێکی سەرنجڕاکێش بۆ ئاسەوارناسەکان وەک دکتۆر ئیما لە زانکۆی "کەمبریج" بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر. 

من لەم نووسینەدا باسی دکتۆر ئیما دەکەم. دکتۆر ئیما ناوی ئەو ژنەی ناوە "شانەدەر زێد". ئەمەش بۆ شوێنی دۆزینەوەی کەلە سەرەکە دەگەڕێتەوە کە لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراوەتەوە. 

دکتۆر ئیما بە ویژدانەوە لەگەڵ بابەتەکە مامەڵەی کرد؛ ناوی ژنە نیاندەرتاڵەکەی گرێداوە بە کوردستانەوە. لە هەمووی گرنگتر، لە بەڵگە فیلمەکەدا، بە وشەیەکیش کوردستان نالکێنێت بە ئێراقەوە. 
دکتۆر ئیما مێژووی بۆ ئێراق دروست نەکرد، بەڵام مێژووی ونی کوردستانی بۆ کوردستان گەڕاندەوە.

 زۆر گرنگە، دەڵێم بۆچی:
هەموو دەوڵەتێک لە سەر ئەم زەویەدا هەڵگری مێژوویەکە کە بەشێکی درۆس. واتە هەموو دەوڵەتەکان لەسەر ئەساسی مێژووی/ناسیۆنالیزمێک دامەزراون کە درۆ تێکەڵاویانە. جا ئەم مێژووە دەتوانێت خەڵکی خاوەن دەوڵەتەکە دروستیان کردبێت، یان خەڵکانێکی دیکە بۆیان دروست کردبێت. بۆ نموونە دەوڵەتی ئێرانی لەسەر ئەساسی ناسیۆنالیزمێک دروستکراوە کە سەرتاپای درۆس: "تخت جمشید" و هەزاران درۆ و دەلەسە لە "کورش" بگرە تا "یەک نەتەوە" بوونی "خەڵکی ئێران".

مێژووی تورکیە بەهەمان شێوە پڕە لە درۆ: ئەردۆغان جارێک وتبووی کە "کاتێک سەربازە تورکەکان لە ساڵی ۱۷٠٠ شەڕیان دەکرد، دەیانوت اللە اکبر، نیشتمان"، بەڵام ئەوە درۆیەکی زەق بوو کە ئەردۆغان کردی. "ئایشە هۆر" رۆژنامەنووسی بواری مێژووی تورکیە(بەڕەچەڵەک تورک) دەڵێت ئەرۆغان درۆ دەکات، لەبەر ئەوەی وشەی "نیشتمان" لە زمانی تورکیدا تا پێش ساڵی ۱۸٠٠ بوونی نەبووە، لەهیچ دەق و نووسینێکی تورکیدا وشەی "نیشتمان" نابینرێت. 

یان عەرەبەکان بە دەستی ڕۆژئاواییەکان دەوڵەتیان بۆدامەزرا، وەک ئێرانییەکان، وەک تورکەکان و زۆرێک دەوڵەتی دیکە.
ئەمانە ئێستا لەسەر ئەساسی ئەو دەوڵەتانەی کە هەیانە مێژووی جۆرواجۆر بۆخۆیان دروست دەکەن و "ڕەوایی" بۆ دەوڵەتەکەیان لەسەر ئەو جوگرافیایانە دەکڕن. 

کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت، هەر هەوڵێکیش بدات بۆ ئەوەی کە مێژوویەک بۆخۆی پێناسە بکات، لە یەکەم هەنگاودا ئەو چوار دەوڵەتەی داگیرکەری کوردستان، وەک دیوارێک لەپێشیدا دەوەستنەوە، یان دەیکەن بە موڵکی خۆیان، یان تێکیدەدەن. 

بەڵام دکتۆر ئیما بێ ئەوەی کە کورد بێت، بێ ئەوەی کورد دەوڵەتی هەبێت، مێژوویەکی ۷٥هەزار ساڵەی کوردی بۆ کورد، تورک، عەرەب، فارس و هەموو دنیا گێڕاوە. ئەو لەگەڵ هاوکارەکانی کارێکی کرد کە زۆر دەوڵەت هەوڵی پێشگرتنی چەندین ساڵەیانە کە کورد وەک مرۆڤێک پێناسە بکەن کە بە هاتنی دەوڵەتی ئەوان تێکەڵاوی شارساتانیەت بووە. واتە ئەوان لەسەر خەیر و بەرەکەتی خۆیان شارستانیەتیان هێناوەتە کوردستان. وەک ئەوەی کە تا پێش داگیرکردنی کوردستان، هیچ مرۆڤێک لەوی نەژیاوە.
 بەڵام دکتۆر ئیما بە ویژدان و ئەخلاقەوە لەگەڵ بابەتەکە جووڵایەوە و تەسلیمی "نۆرمە نێودەوڵەتییەکان" نەبوو. ئەو کوردی نەکرد بە ئێراقی. شاخەکان و ئەشکەوتەکانی کوردستانی نەکرد بە بەشێک لە ئێراق. ئەو دەیتوانی زۆر بە ئاسانی و بە پێشنیارگەلێکی بچووکیش، کوردستان بکات بە "کوردستان ئێراق"، بەڵام ئەوکارەی نەکرد. دکتۆر ئیما کوردی راچڵەکاند و بە هەموو دنیای وت کوردستان خاوەن شارستانیەتە. 

ئەم مێژووەی کوردستان کە ئەمڕۆ دکتۆر ئیما بۆ هەموو دنیای باسکرد، رۆژێک دەبێتە ژێرخانێکی گرنگی ناسیۆنالیزمی کوردستانی. 

دکتۆر "ئیما پۆمێرۆی" بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە شوێنەوار و مرۆڤناسی لە کامبریج بەدەستهێناوە، ماستەرەکەی لە شوێنەوارناسی ئێسک لە زانکۆی ساوتهامپتۆن بەدەستهێناوە. دکتۆرای لە ئەنترۆپۆلۆژیای بایۆلۆجی تەواو کردوە.

مەیسەم مورادی
سوید
به‌روار:  04/05/2024
627   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   467
کۆی سه‌ردان:   29349166