ڕەتکردنەوەی مردن

ڕەتکردنەوەی مردن، ناونیشانی یەکێک لە گرنگترین کتێبەکانە کە لە ژیانمدا خوێندومەتەوە، یەکەمجار بەر لە نزیکەی بیست ساڵ جارێک خوێندمەوە، لە چەند هەفتەی ڕابردوش جارێکی تر چاوم پێیدا خشاندەوە، لەبەر گرنگی ناوەڕۆکەکەی حەزم کرد لێرە چەند دێڕێک لەسەر کڕۆک و ناوەڕۆکی ئەم کتێبە و بابەتەکە بنوسم...

کتێبی ڕەتکردنەوەی مردن کە لەلایەن کۆمەڵناس و پڕۆفیسۆری ئەمەریکی ئێرنێست بێکەر نوسراوە و لە ساڵی 1973 بڵاوکرایەوە بە یەکێک لە کتێبە هەرە گرنگەکانی سەدەی بیستەم دادەنرێت، نوسەر لە کتێبەکەیدا بە وردی ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن مردن و ترس لە مردن کە هەموو مرۆڤەکان بە خۆڕسکی بەئاگا و بێ ئاگا هەیانە بزوێنەری سەرەکی هەموو ئەو کارانەیە کە لە ژیانیاندا ئەنجامی دەدەن، لەگەڵ ئەوەی دەزانن دەمرن بەڵام ئەوان بەدرێژایی ژیانیان ئەوەندەی هەن بێ ئاگایانە لە هەوڵی ڕەتکردنەوەی مردنن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەیە لەسەر هەموو بیرکردنەوەکانیان و ڕەفتارەکانیان لە ژیانیاندا...

بێکەر دەڵێت: زۆرینەی تاک تاکەی مرۆڤەکان ئەوەندەی لە ژیاندان لە هەست و خەیاڵیاندا بەیەکدادانێکی گەورە هەیە، لەلایەک ئەو دەزانێت ئەو مرۆڤە کە ئەو بونەوەرەیە دەتوانێت لە ئەتۆمەکان بکۆڵێتەوە و چەمکی بێ کۆتای داهێناوە و بە قوڵی دەتوانێت بیربکاتەوە و شانازی بە داهێنانی زانست و تەکنەلۆژیاکانی بکات، دەشزانێت ئەو وەکو بونەوەرەکانی تر نیە ئەوەندەی هەیە دەتوانێت لە نێو سروشتدا چی بیەوێت بیکات ڕێک وەکو خودایەکی بچوکی نێو سروشتە و زۆربەی کاتەکانیش لوت بەرزانە ئاوا ڕەفتار دەکات، بەڵام لەهەمان کاتیشدا دەزانێت ژیان و کاتی سنوردارە و وەکو بونەوەرەکانی تر لە کۆتاییدا دەمرێت و ئەویش لە ڕووی بایۆلۆژیەوە وەکو کرمێک وایە چونکە ئەویش دەبێت وەکو کرمەکە بخوات و زۆر ببێت، لەهەمان کاتیشدا دەزانێت کە مرد وەکو هەموو زیندەوەرەکانی تر جەستەی ئەویش دەبێتە خۆراکی کرمەکان...

ئێرنێست بێکەر دەڵێت: بۆیە و لەبەر ئەو هۆکارەیە مرۆڤ و کۆمەڵگاکانیش هەستی پاڵەوانێتیان داهێناوە لە ناخی مرۆڤەکان و ئەگەر تاکڕەوانە بێت یان بە کۆمەڵ دەیانەوێت دوای مردنیان هەریەکەیان ناوێک یان جێ پەنجەیەکیان هەبێت و لەو ڕێگەیەوە بمێنن، سەربازێک خۆی بە کوشت دەدات لەپێناو نیشتیمانەکەی لەبەر ئەوەی دەزانێت دەبێتە پاڵەوانێک بۆ گەل و وڵاتەکەی، پیاوەکان و ژنەکان دەیانەوێت خێزان دروست بکەن و دوو سێ نەوەی خۆیان ببینن ئەوەندەی لە ژیانن چونکە دەزانن دەبنە جێگرەوەی ئەوان دوای مردنیان، بلیمەتەکان ئەوانەی دوای تێپەڕبوون بە قۆناغی منداڵی و دوای ئەوەی گەورە دەبن دەزانن لە جیهانێکی ناڕێک و پڕ کێشەدا دەژین، بۆیە ئەوان کە زۆر زوو دەزانن ژیانێکی سنورداریان دەبێت و مردن و کۆتایی هەیە ئەوە هەڵدەبژێرن ببن بە خۆیان و پشت بەکەس نەبەستن بە دوای خولیا و ئارەزووەکانیان دەکەون بۆ ئەوەی هونەرێک یان زانستێک بڵاوبکەنەوە بەناوی خۆیان، دەیانەوێت داهێنانێک بکەن یان پەیکەرێک یان بالەخانەیەکی بەرز دروست بکەن، یان چەند نوسینێک و چەند کتێبێک بڵاوبکەنەوە و جیهانێکی پێرفێکت و ڕێک بۆ خۆیان دروست بکەن، ئەوەندەی هەن هەوڵی ئەوە دەدەن ئەو جیهانە ڕێکەی لە ناخیان بۆ خۆیان دروستیان کردوە ببێتە دۆخێکی گشتگیر لە نێو کۆمەڵگاکانیان...

بێکەر دەڵێت: بەڵام بە گشتی زۆربەی مرۆڤەکان لەو ژیانە کورتەی هەیانە لەنێو ئەو هەموو پێکدادانان و گێژاوانەی ژیانیاندا هەوڵی ئەوە دەدەن پەنا بۆ بڕوایەک ببەن، لەنێو ئەو بڕوایانەشدا ئایین بە پلەی یەکەم دێت لەهەموو کۆمەڵگاکان چونکە ئەو نەمری و ئەو گرنگیە بەژیانی مرۆڤەکان دەبەخشێت کە ئەوان خۆڕسکانە و بێ ئاگایانە بە دوایدا دەگەڕێن...

بێکەر دەڵێت لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا لە زۆربەی دۆخەکان زۆر لە مرۆڤەکان ئەوە هەڵدەبژێرن ژیانێکی بچوک بژین و هەوڵی ئەوە نادەن هەموو تواناکانیان بخەنەگەڕ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گێژاوەکان و هەوڵ دان بۆ چاککردنەوەی ناڕێکیەکانی نێو ژیان، ئەوە تەنیا کەمینەیەکن ژیانیان بەتەواوی دەژین و دواجار تەنیا ئەوانن لەنێو کۆمەڵگاکان و لەسەر ئاستی جیهانیش جیاوازی لە ژیان دروست دەکەن...

دواجار منیش دەڵێم ئەوەی نرخێکی تایبەتیشی داوە بە دێڕ بە دێڕی کتێبەکەی بێکەر جگە لە توانای نوسەر و جوانی نوسینەکانی ئەوەیە کە ئێرنێست بێکەر لە تەمەنی 48 ساڵی دەستی بە نوسینی ئەم کتێبەی کرد یەکسەر دوای ئەوەی توشی شێرپەنجەیەکی قورس بوو، دوای تەواوکردنی کتێبەکەی و بڵاوکردنەوەشی بە چەند مانگێک لەتەمەنی 49 ساڵی کۆچی دوایی کرد، ئەو لە کاتی نوسینەوەی ئەم کتێبەی باش دەیزانی زۆری نەماوە لە ژیاندا و زۆر زووتر دەمرێت...

لوقمان حەوێز
تەکساس
به‌روار:  02/05/2024
146   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   40
کۆی سه‌ردان:   29343548