چوارشەممە سورە ئەگەر کورد نەتەوە بێت ؟

چەپەکان کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشیان رەچاو کردوە بۆ ئەوەی لەسەر چ بنەمایەک کۆمەڵە خەڵکێک دەتوان بە خۆیان بڵێن نەتەوە. لەوانە زمانی هاوبەش و خاکی هاوبەش و ...........
ئەوەی لای من گرنگە تێڕوانینی ئەو گروپە خەڵکەیە کە خەیاڵدانێکی هاوبەشیان هەبێ و تێیدا توانیبێتیان ( ئەفسانەیەک ) _ بە واتای ئەمرۆ تێروانینێک_ دروست بکەن سەبارەت بە چۆنیەتی خولقاندنی جیهان. ئەوەی پێی دەوترێت _ ئەفسانەی خولقاندن _ یان _ The myth of creation _
کە تێیدا ئەو گروپە لە خەڵک بۆچونی خۆیانیان سەبارەت بە هاتنە کایەوەی دنیا و سەرەتای کارەکانی خوا و سروشت نەخشاندوە.
هێندەی من بزانم : ئەم تێروانینە لای ئێزەدیەکان و کاکەیەکان هەیە.
     لای ئێزدیەکان( خوا ) رۆژی هەینی دەستی کردوە بە کار، رۆژی شەممە وردەکاریەکەی دارشتوە و رۆژی چوارشەمە لە کارەکەی بۆتەوە.
ئەو چوارشەممەی یەکەمە رێکەوتی یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسانە، بێگومان بە بەرواری رۆژهەڵاتی کە 13 رۆژ لەدوای ئەو بەروارە خۆرئاواییەوەیە کە ئێمە بەکاری دەهێنین. واتە چوارشەممە سور، هەر ساڵێک یەکەم چوارشەممەی دوای 13 ی مانگی نیسان دەبێت بەو بەروارەی ئێمە ئەمرۆ بەکاری دەهێنین.
سەرەتا ( دنیا ) تاریکی و تەمومژ بوە، و توێکڵێکی ئەستوریش لە بەفر سەرزەوی داپۆشی بوو. خوداوەند( فریشتە تاوس )ی لە رۆژی چوارشەمەدا ناردە سەر زەوی تا بە فەرمانی خۆی ژیانی تێدا برەخسێنێت. ئەویش لە (لالش ) نیشتەوە و بە قودرەتی خوا بەفر توایەوە و دارو درەخت بوژایەوە و دنیا بوە گوڵ و گوڵزار. بۆیە ئەم رۆژەسەرەتای بەهار و سەری ساڵە. مێژونوسان دەڵێن دانیشتوانی ئەم ناوچەیە و لەنێویشیدا کوردەکان هەتا ساڵی 612 ی پێش زاین، ئەم رۆژەیان بە سەری ساڵ زانیوە.
هەرچی سوریی  ( چوارشەممەیە ) ئەوە زورترین باوەڕ ئەوەیە لە گوڵاڵەسورەوە هاتوە کە ئێزەدیەکان دەرگای ماڵەکانیانیان پێ دەرازێننەوە.
دوای ئەوە رەنگ کردنی ( 12 ) هێلکە: هەر سێ هێلکە هێمایە بۆ وەرزێکی ساڵ. هێلکەکان دەکوڵێنرێن و ئاماژەیە بۆ گۆرانکاری لە دۆخی شلییەوە بۆ دۆخی ڕەق. گۆی زەوی و توێکڵەکەی ئەو توێژە بەفرەیە مەلیک تاوس  تواندیەوە .لە کۆتایدا ئەو نەخش و نیگارەی لەسەری دەکێشرێت، وێنەگرتنی رازاوەیی بەهارە.
     ئێزدیەکان لەم مانگەدا زەوی ناکێڵن و دار نابڕن، ئاخر نابێت جوانی سروشت بشێوێنرێت. ژن وژنخوازی ناکرێت و بوکی تیا ناگوازرێتەوە، ئاخر مانگی نیسان خۆی بوکە. 
لە سرودی ئافرینی دنیایەدا هاتوە:
"چوارشەممە سەری نیسانە
شێخ ئادی شێخ شەمسی بانگ کردە دیوان
خودا بەچاوی رەحەمەت دەروانێتە ئێزەدیخان
ئەوە جەژنی کوردستانە ".

خالید شەریف
به‌روار:  17/04/2024
149   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   483
کۆی سه‌ردان:   29278357