ئەگەر ئازایت با بڕۆین بۆ پشتی مەكتەبەكە!


من یەكێك لەو مناڵانە نەبووم كە زۆر شەڕبكەم، بەڵام لێتان ناشارمەوە  لەو مەكتەبەدا هەر شەڕێك بكرایە، پەنجەیەكی منی تیابو(وەكو ئێران)

جارێك فاروقی  عەلی فەتاحم لە گەڵ میرەدێییەكانا دا بەشەڕدا، فاروق سەرەتا بڕێك سڵی ئەكرد چونكە ئەوان زۆربوون( شەڕەكە لەسەر ئەم هەڵكەوتی لالە ئەنوەرە بو) ئەها ئەو پیاوەی لە پەرلەمانی كوردستاندا ئێژێ: بیڵێم، ڕێواز فایەقیش ئێژێ: نەكەی كورە!
فاروق نەیئەویست شەڕبكات و بیانوی ئەهێنایەوە، ئەیگوت: كەس نییە كتێبەكانم بۆ هەڵگرێ!
منیش گوتم خۆم كتێبەكانت بۆ هەڵئەگرم و ئیتر ناچارمكرد بچێتە شەڕەكە و دواتر كە كۆڵەواریانكرد من ڕامكرد!

پۆلەكەی ئێمە پڕبوو لە تەلەبەی شەڕكەر و نەگبەت و شڕەت، ئیتر هەڵگیرساندنی شەڕ بۆ ئەوانەی ئەیانویست شەڕبكەن كاتی زۆری نەئەویست و هەر لە ناو پۆلەكەدا یەكتریان. ئەدایە بەر ئەبو حەڵقە و دەڕنەفیز!
بۆ ئەوانەش كە شەڕكەر نەبوون پێویستییان بە كلكەقونێ و هاندانی منبو!

ڕۆژێك حەمەومینی حاجی عەلی و دلێرم دا بەشەڕا، بەڵام ئەوان حەزیان نەئەكرد شەڕبكەن، حەمەومین گوتی: ئەگەر ئازایت با بڕۆین بۆ پشتی مەكتەبەكە!

لەو سەردەمەدا ئەو گەنجانەی كە حەزیان نەئەكرد شەڕبكەن و توشئەبوون، یەكسەر ئەو قسەیان ئەكرد: ئەگەر ئازایت با بڕۆین بۆ پشتی مەكتەبەكە.
چونكە ئەیانزانی تا ئەگەنە پشتی مەكتەبەكە، خەڵكانێك لەسەرە ڕێگادا پەیدائەبن و ناهێڵن شەڕبكەن، زۆرجاریش بەدەم ڕێگاوە بۆ پشتی مەكتەبەكە، گفتوگۆ دروستئەبوو، ئیتر بەڕێگاوە ئاشت ئەبونەوە.

من ئەوەم ئەزانی بۆیە ئەمویست هەرچۆنبێت نەهێڵم كەس بزانێت و وە بێدەنگی بیانگەیەنمە پشتی مەكتەبەكە!
لە ڕێگا حەمەومین سەیری ئەملاولای خۆی ئەكرد، بەڵكو ئەمە خوایە ناوبژیكەرێك پەیداببێت، بەڵام نەمهێشت.
كە گەشتینە پشتی مەكتەبەكە، كتێبەكانم بۆ هەردووكیان هەڵگرت بۆئەوەی بێخەمبن، بەڵام حەمەومین گوتی: من وە پانتۆڵۆ شەڕم بۆ ناكرێ، لەیرەدا بوەستن تائەچم شەرواڵەكەم  ئەكەمە پێم.

دوای نیوسەعات  كە گەڕایەوە لە دورەوە دەستی كرد بە پێكەنین و گوتی: وەڵا مادام تۆ پێتخۆشە شەڕبكەین، نایكەین.

هەندێك شەڕ بەشێوەیەك ئەكرێت كە شەقەت لێهەڵئەسێنن و دوای دوو ڕۆژ ئەزانیت كە لێیان داویت( وەك لێدانەكانی ئیسرائیل لە عێراق و ئێران و سوریا)
هەندێك شەڕیش ئەبێت بڕۆیت بۆ پشتی مەكتەبەكە و لەوێش ئەبێت بڕۆیت شەرواڵ لە پێبكەیت وەك  شەڕەكانی ئێران دژی ئیسرائیل و ئەمەریكا !

چل ساڵ زیاترە شیعەكان هاوارئەكەن : مەرگ بەر ئەمەریكا ، مەرگ بەر ئیسرائیل ، بەڵام هەتا ئێستا  نەیانتوانیوە خوێن لە لوتی ئیسرائیلییەك بهێنن، لە بەرانبەردا بەس لە عێراقدا زیاتر لە نیو ملێۆن عەرەبی سونەیان كوشتوە.
ئیشی ئێرانییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوەیە كە پارسەنگی هێز لە نێوان  شیعە و سونەدا ڕابگرێت و نەهێڵێت هیچ هێزێكی سونی ببێتە خەتەر لەسەر ئیسرائیل .

لە باشوری لوبناندا هەتا ئەو كاتەی هێزە قەومی و دینی و چەپە سونییەكان بارەگایان هەبوو، ئیسرائیل خەوی لێنەئەكەوت، هەربۆیە هێزێكی شیعەی ئێرانی(حزب اللە لوبنان ) لەوێدا كردە جێگرەوەی هێزە سونییەكان و ئیتر لەو مەترسییە ڕزگاریانبو!

 سی ساڵە حەسەن نەسوڵڵا هەڕەشەئەكات ئیسرائیل ڕۆژێك هەوڵی كوشتنی نەدا، بەڵام ئەحمەد یاسین لەسەر كورسی كەمئەندامیش چونكە مەترسیبوو لەسەریان تیرۆریانكرد!
ئەوكاتەی كە ئەمەریكا  هاتە ناو عێراق ، كاك ناسری ڕەزازی گوتی كۆنسێرتی ئایندەم لە شاری سنە ئەبێت!

منیش گوتم  زۆربەداخەوە كە ئەو ئاواتە ئەبەیتە ژێر گڵ، خۆزگا منیش لەو كۆنسێرتەدا بەشدار بوایەم!

بۆ ئەوانەش كە بەو وەهمەوە ئەژین كە ئێران ئیسرائیل ژێرەوژور بكات، ئێژم: ئێران لە خەونی ژێرەوژور كردنی مەككە و مەدینەدایە نەك ئۆرشەلیم و تێلئەڤیڤ!
بۆ زانیاری: حەسەن نەسروڵا ڕابەری حیزبوڵای شیعەی لوبنانە
ئەحمەد یاسین، ڕابەری بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینییەكانبوو.

حسەین عەلی شەریف
نەرویج
به‌روار:  14/04/2024
189   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   467
کۆی سه‌ردان:   29288155