لەسەر بەهەشت فرۆشتن بە مەتر

چەند ساڵێک لەمەوبەر لە هەڵەبجەوە کەسێک نامەیەکی بۆ ناردم ، نوسیبوی پرس بە سەد کەسی هەڵەبجەیی دەکەین ، بۆ ڕوخانی مزگەوتی فڵان و دروستکردنی مزگەوتێکی تر لە جێیدا ، وێنەی مزگەوتی ئایندەی بۆ ناردبووم ، زۆر زەخم و بەرزو چەند قات بوو ، گومەزێکی گەورەو چوار منارە بە دەوریدا ، بە مەزەنەی خۆم پێنج ملیۆن دۆلاری تێدەچێت ..
منیش نامەیەکم بۆ مامۆستا نارد ، سوپاسم کرد کە منی خوێندوەتەوەو پرسی پێکردوم ، پاشان ووتم مامۆستای بەڕێز ، هیچ شارێک نیە هێندەی هەڵەبجە مزگەوتی تیابێت ، گەڕەکی وا هەیە سیانی تیایە نزیکی یەک ، پاشان ئەو مزگەوتە زۆر گەورەو بێ عەیبە ، باخ و چیمەن و داری زۆرەو دڵگیرە ..
نووسیم :
بۆ نایەن لەباتی ئەوە لیژنەیەک لەم سەد کەسە دروست بکەن ، سێ سەد کوڕی گەنجی نەداری هەڵەبجە هەڵبژێرن ، ژنیان بۆ بێنن ، یەکی خانویەکیشیان بۆ بکڕن بچنە ناوی کە لە هەڵەبجە خانوو کرێ زۆر هەرزانە ، خانوی خوار یەک دەفتەر زۆر زۆرە..
ووتم لەوانەیە مامۆستایان پێشنیارەکەم تاوتوێ بکەن ، کەچی دوای هەفتەیەک برادەرێکی بەڕێزم کە زۆر نازی بەسەرمەوە هەیە تلفونی کرد ووتی :
دەتوانی تا ئێرە بێی ؟ چووم .
 ووتی :
 کوڕی باش تۆ کە قسەی باش نازانی بۆ خراپ دەکەی ؟
ووتم چی بووە قوربان ؟ 
ووتی :
بە پیاویان زانیوی پرسیان پێکردوی بۆ دروستکردنی مزگەوت ، دەبوو دەستخۆشی و پیرۆزبایت بکردایە نەک ڕەخنەو پێشنیار ، ووتی ئەو مامۆستایە زۆر گلەیی و بناشتی لێت هەبوو ، دەیوت نەمزانیوە ڕای خراپی وای لەسەر دروستکردنی مزگەوت هەیە ، دەیووت من هەڵەبووم ئەوم هەڵبژارد بۆ ناو ئەو سەد کەسە ، دەیووت کێ هەیە دژی کردنەوەی مزگەوت بێ جگە منافیق ..
پاشان ئەم هاوڕێیەم ووتی :
ئەو مامۆستایە بڕیاری خۆی داوە ، هەر سەد کەسەکەش بڵێن هەڵەیەو پێشنیارو شتی باشتر هەیە ، ئەو بەجنێوو سوکایەتی تێدەگات ، لە منیشیان پرسیووە ، شتی زۆرم لەخەیاڵ بوو بۆ هەڵەبجە بکرێ ، بەڵام پیرۆزبایم هەڵبژارد لە هەمووی ئاسانتر بوو ، شەڵا تۆش واتبکردایە .
حسەن مەحمود
ئەمریکا
به‌روار:  13/04/2024
278   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   583
کۆی سه‌ردان:   29288768