فاتم ئەو ژنە چەمچەماڵیەی بۆ 2 مانگا شەهید بوو.

ڕۆژی 1991.4.1

خەڵکی بەختیاری له مزگەووتی حاجی حەسەنی لۆکە بەدیار تەرمی " مەلا شیروانی کاک شەوکەتی دوکاندار"ەوە بووین  کە  لە چیمەن شەهید ببوو.
تەرمی ژنێکیان هێنا لەگەڵ کوڕێکدا.

هەردوو تەرمەکە بە ڕێکرا بۆ گۆڕستان و بە خاکیان سپاردن.
تەرمی ژنەکە " کێشی نەبوو بە زمانی بەڕۆژووەوە شەهید ببوو" بە جلەکەی و بێ شتن و بێ کفن شاردرایەوە.
بەبەرچاوی مەلای تەڵقین خوێنەوە، پارە کۆکرایەوە بۆ تەڵقینی ژنەکە.
کەچی مەلاکە ئەوەنده بێ ویژدان و هەل فرسەت بوو داوای پارەیەکی زۆری کرد و وەریشی گرت.

ڕێکەوت وابوو کە کوڕەکە شەو  هاتەوە ماڵی ئێمە و ووتی:
من و فاتمی دایکم پاشماوەی ئەنفالین و ماڵمان لە چەمچەماڵە.
دوو مانگامان هەبوو کە هەڵاتین ،زۆرم هاوار کرد دایکە: واز لەو دوو مانگایە بهێنە ، کۆپتەر قەسف دەکات.
دایکم ووتی: ڕۆڵە هەر ئەم دوو مانگایە شک دەبەین چۆن وازیان لێبهێنم. کۆپتەرێک هات و دایکم و هەردوو مانگاکەی کوشت.
کوڕەکەی زۆر ماندوو بوو ، هەر ئێوارە خەوت .

نیوەی شەو کۆڕەو دەستی پێکرد و ماڵەوەمان بە لۆریەکەی " کاک ئیسماعیلی ڕەحمەتی خەزوورم" بەرەو عەربەت چووین، و شوێنمان زۆر تەسک بوو.
کە گەیشتینە عەربەت باوکم  شتێکی دایە دەستم و ووتی:
ئەو ئامانەتیە بدە بەو میوانە و بڵێ لەخەتەری نەماوین و بەداخەوە شوێنمان نیە.
خواحافیزیمان لە کوڕەکە کرد.

هەر جارێک ڕێم کەوتبێتە  گۆڕستانی سەیوان چوومەتە نزیک گۆڕەکەی " فاتم چەمچەماڵی" و نەمدۆزیوەتەوە بەڵام فاتیحام بۆ ناردووە.
من هەمیشە لە یادی کۆڕەودا " مەلا شیروان و فاتم چەمچەماڵی و مەلاکە " دێنەوە بیرەوەریم و هەمیشە له یادمن

وێنەکە: شەهید مەلا شیروانی کاک شەوکەتی دوکاندارە.

شێرزاد عەزیز
مالمۆ
به‌روار:  28/03/2024
294   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   499
کۆی سه‌ردان:   29268620