داعش کچانی یەزیدی دەفرۆشێت
گوتەبێژی مانگی سووری عێراقی ئەو هەواڵانەی پشتڕاستکردەوە، کە باس لە فرۆشتنی کچانی ئێزدی دەکات لەلایەن چەکدارانی داعشەوە.

محەممەد ئەلخوزاعی، گوتەبێژی مانگی سووری عێراقی دەڵێت ''دوای ئەوەی چەکدارانی داعش چەند ناوچەیەکی ئێزدی و مەسیحینشینیان لە سنووری پارێزگای نەینەوا کۆنترۆڵکرد، بە دەیان کچی ئێزدی و مەسیحییان وەک جارییە بردووەتە بازاڕی تایبەتی و لەوێ خستوویاننەتە روو بۆ فرۆشتن''.

بەشێک لەو ئێزدییانەی لە لایەن پێشمەرگەوە رزگارکران لە چیای شنگال بە پەیامنێری رووداویان گوت ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتانی ئێزدی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندران و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار بردراون'.

محەممەد ئەلخوزاعی لە زاری چەند شایەتحاڵێکەوە ئاماژە بەوە دەکات، کە داعش دوو بژاردەی خستوەتە بەردەم ئەو کەسانەی مسوڵمان نین، یان ئیسلامبوونی خۆیان رابگەیەنن، یاخود دەکوژرێن، لەو نێوەندەشدا ژمارەیەکی بەرچاویان کوشتووە. ئەو شایەتحاڵانە ئاماژەیان بەوەکردووە کچانی ئێزدی لە قەزای شنگالەوە بەرەو تەلەعفەر بردووەو لەوێیەوە بۆ قەزای بەعاج، دواتر لە بازاڕی نەخاسە (لەسەردەمی فتوحاتی ئیسلامی بۆ فرۆشتنی ئەو ئافرەتانە کراوەتەوە کە لەجەنگدا دەستگیردەکران) فرۆشراون.

بە گوتەی رووانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ ''مانگی رابردوو داعش نووسینگەیەکی بۆ ئەو بابەتە کردووەتەوەو داوای لەو چەکدارانە کردووە لە سنووری عێراق و سووریا کە ئارەزووی هاوسەرگیرییان هەیە لەو ئافرەتانە، سەردانی ئەو نووسینگەیە بکەن تاوەکو یەکێک لەو ئافرەتانەیان پێبدەن''.

وەزارەتی کاروباری ژنانی عێراق داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق دەکات بەپەلە کار بکەن بۆ راگرتنی ئەو کارەساتە و رێگە لە فرۆشتنەوەی کچانی ئایینەکانی دیکە بگرن.
ڕووداو
به‌روار:  10/08/2014
4061   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   930
کۆی سه‌ردان:   29256032