خوێنی گەلی میسری مژیوە


هونەرمەندی ناوداری میسری عادل ئیمام دەگێڕێتەوە:

"كاتێك خوێندكاری كۆلێژی كشتوكاڵ بووم، زۆرجار لەنێوان موحازەرە‌و موحازەرەیەكی تردا، لەگەڵ هاوڕێكانم ئەچووین بۆ دادگای جیزە، كە هەر لەپشت كۆلێژەكەمانەوە بوو، چوونەكەشمان هەر بۆ سەیركردن بوو بزانین چی ڕوودەدات".

"رۆژێكیان دادگاییەكە پەیوەندی بەئاسایشی نیشتمانییەوە هەبوو، پیاوێكی (هەویر شێل) بوو لەنانەواخانەیەك تاوانەكەی ئەوە بوو كێشی یەكێك لەگونكەكانی كەمی كردبوو، لەدادگاییەكەدا داواكاری گشتی بەدەنگی بەرز دەیگوت "ئا ئەمەی لەبەردەمتاندایە خوێنی گەلی میسری مژیوە" !!!!، منیش سەیری كابرای نانەوام كرد لەقەفەزی مەحكەمەدا كە خوێنی میسرییەكانی مژیوە، پیاوێكی لات‌و نەخۆش‌و مل باریك‌و لاواز بوو پەڕۆیەكی بەسەرییەوە بەستبوو، ئەوەندە بێهێز‌و داماو بوو، ئەتوت ئێستا نا كەمێكی تر ئەمرێت، خۆم پێ‌ نەگیرا‌و بەدەنگێكی بەرز پێكەنیم، دادوەر ئاگای لێبوو پێی وتم هەستە سەرپێ‌، بۆ پێئەكەنی ؟، ویستم هۆكارەكەی پێ‌ بڵێم، وتی بیبەن (24) سەعات زیندانی بكەن، منیان بردە ناو قەفەزەكەوە‌و لەتەنیشت ئەو خوێنمژەوە دایاننام كە خوێنی گەلی میسرییەكانی مژیوە".

"دوای تەواو بوونی دادگاییەكە، وتیان وەرە دادوەر بانگت ئەكا، چووم بۆ ژوورە تایبەتەكەی خۆی‌و لێی پرسیم تۆ چ كارەیت وتم خوێندكاری كۆلێژی كشتوكاڵم، وتی ئەی بەچی پێئەكەنیت، وتم بەقسەی داواكاری گشتی كە وتی ئەو پیاوە خوێنی گەلی میسری مژیوە، كابرا پێویستی بەوە بوو خوێنی تێ‌ بكرێت، ئیتر خوێنی چی مژیوە !!، دادەوەر لەمن زیاتر پێكەنی‌و وتی بڕۆ ئەوە (24) سەعات سجنەكەشت نەما‌و كابرای نانەواش لەبەر خاتری تۆ ئازاد ئەكەم".
وەرگیراوە
به‌روار:  22/02/2021
726   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   552
کۆی سه‌ردان:   29229663