هیلاری كلینتۆن و كچەكەی بەرخۆدانی "كچانی كۆبانێ" دەكەنە زنجیرە درامایەكی تەلەفزیۆنی
پێگەی "هۆڵیود ریپۆرتەر"،ڕۆژی  دوشەممە، رایگەیاند، هیلاری كلینتۆن، وەزیری پێشوی دەرەوەی ئەمریكاو چێڵسی كچی، كاردەكەن لەسەر بەرهەمهێنانی زنجیرە درامایەكی تەلەفزیۆنی لەبارەی بەرخۆدانی ژنە شەڕڤانانی كورد لە كۆبانێ دژبە چەكدارانی رێكخراوی داعش.

ئاوێنە: بەپێی هەواڵێكی پێگەكە، زنجیرە دراماكە لەڕێگەی كۆمپانیای "هیدن لایت"ەوە بەرهەم دەهێنن كە هیلاری كلینتۆن و چێڵسی كچی خاوەندارێتی ئەو كۆمپانیایە دەكەن.

زنجیرە دراماكە پشت بە كتێبەكەی "گیال زیمك لێمۆن" دەبەستێت بەناونیشانی "كچانی كۆبانێ: چیرۆكی یاخیبون و ئازایەتی و دادپەروەری."

كتێبەكە كە بڕیارە رۆژی 16ی شوبات لەلایەن دەزگای "پەنگوین پرێس"ەوە بڵاوبكرێتەوە، لەسەر بنەمای سەدان سەعات چاوپێكەوتن و راپۆرتی مەیدانی سەبارەت بە یەكینەكانی پاراستنی ژنان(یەپەژە) لە رۆژئاوای كوردستان، نوسراوە.

هیلاری كلینتۆن وتویەتی: كچانی كۆبانێ، گێڕانەوەیەكی نائاساییە لەبارەی ژنانێكی ئازاو كۆڵنەدەر لەبەرخۆداندا لەپێناو دادپەروەری و یەكسانی. هایدن لایت-مان بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو پاڵەوانانە دامەزراند كە ناسراون یاخود نا، ئەوانەی كە زۆرجار ئازایەتیان نادیدە دەگیرێت، هیچ شتێك لەوە زیاتر خۆشحاڵمان ناكات كە دەتوانین ئەم چیرۆكە ئیلهامبەخشە پێشكەش بە بینەران لەسەرتاسەری جیهان بكەین.
به‌روار:  26/01/2021
547   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   319
کۆی سه‌ردان:   29253103