75 یەمین ساڵیادی کۆماری کوردستان له مهاباد
75 ساڵ تێپەڕی بەسەر دامەزراندنی يەکەم کۆماری کوردستان کە لەسەدەی بيستدا راگەيەندرا، کۆمارەکە تەمەنی کەمبوو، بەڵام وەک دەستکەوتێک لە مێژووی کورددا یادی دەکرێتەوە.

کۆماری کوردستان لە دووی رێبەندانی ٢٦٤٦ی کوردی بەرامبەر بە ٢٢ی کانونی دووەمی ١٩٤٦ی زاينی لە شاری مەهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دامەزرا، کۆمارەکە کیانێکی کوردیی کەمتەمەن بوو کە لە دوای کۆماری ئارارات لە تورکیا دامەزرا.

کۆماری کوردستان بە رێبەرایەتی قازی محەمەد و لەلايەن حيزبی ديموکراتی کوردستانەوە بە فەرمی راگەیەنرا و نوێنەرانی پارچەکانی کورستانیش تێیدا بەشداربوون، هاوکاتيش بوو لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری ئازەربايجاندا.

دامەزران‌ و لەناوچوونی کۆمار پەیوەست بوو بە دۆخی ناوخۆی ئێران و ناوچەکە و ئەو ململانێیەی‌ لەنێوان وڵاتانی رۆژئاوایی‌ و سۆڤیه‌تدا هەبوو کە جەنگی ساردی لێ کەوتەوە.

کۆمارەکە لەگەڵ دامەزراندنی کۆمەڵێک ئامانجی هەبوو، لەوانە ئۆتۆنۆمی بۆ ناوچە کوردییەکانی ئێران لە چوارچێوەی‌ دەوڵەتی ئێراندا، هەروەها زمانی کوردی بکرێتە زمانی راگەیاندن‌ و خوێندن ‌و بەڕێوەبردن.

لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزەری بۆ کوردستان بەمەبەستی چاودێریی دەوڵەت‌ و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان و هەڵبژاردنی سەرجەم بەرپرسەکان لە خەڵکی ناوچەکە.

لە ماوەی ١١ مانگ تەمەنی کۆمارەکەدا، لە بواری جیاجیادا چەندین دەستکەوتی هەبووە و کاریگەریی لەسەر فۆرمگرتنی شۆڕش و ناسنامەی کورد بەگشتی داناوە.

لە ٢٦ی ئازاری ١٩٤٦، بەھۆی فشاری ھێزە رۆژئاواییەکان، سۆڤییەت دوای وەرگرتنی مافی دەرهێنانی نەوت پەیمانی بە حکومەتی ئێرانیدا کە لە باکوری ئێران بکشێتەوە.

لە مانگی حوزەیراندا، ئێران دەستیگرتەوە بەسەر ئازربایجاندا و ئەمە بووە ھۆی دابڕانی کۆماری کوردستان لە سۆڤییەت و دواجار بووە ھۆی داڕمانی لە١٥ی کانونی يەکەم.

بەهۆی ئەوەی لە کاتی گرتنەوەی ئازەربایجاندا هێزەکانی ئێران توندوتیژی زۆریان بەکارهێنابوو، قازی محەمەد بۆ بەدوورخستنەوەی ناوچەکانی کۆمار لە چارەنوسێکی لەو شێوەیە خۆی رادەستی هێزەکانی حکومەتی تاران کرد، بەڵام لە ٣١ی ئازاری ١٩٤٧، قازی محەممەد بە تۆمەتی خیانەت لە دەوڵەتی ئێران لە مەھاباد لە سێدارە درا.
به‌روار:  23/01/2021
1453   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1495
کۆی سه‌ردان:   29265659