عێراق بە داواکەی تورکیا ڕازی نەبووە بۆ هێرشێکی دیکە بەرامبەر پەکەکە
تورکیا هەوڵەکانی بۆ هێرش و پەلامارێکی دیکە لەناو خاکی عێراق و باشووری کوردستان بەبیانووی پەکەکە چڕ کردووەتەوە، عێراقیش تا ئێستا لەوبارەیەوە هیچ ڕەزامەندییەکی نیشان نەداوەو دۆسیەکەی بەستووەتەوە بە چوونە دەرەوەی سوپای تورکیا لەناو خاکی عێراق، ئەوەشی بە ڕوونی لەگەڵ شاندە سەربازییەکەی تورکیا لەم هەفتەیەدا نیشانداوە.

ئەو شاندە سەربازییەی تورکیا کە ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردوو بە سەرۆکایەتی وەزیری بەرگری سەردانی عێراقی کرد، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەولێر باسیان لە ئەگەری هێرشی بەرفراوانی تورکیا کرد بۆ سەر پەکەکە لەناو خاکی عیراق، ئەگەر بێت و بەغدا لە ماوەی دوو مانگدا نەتوانێت دۆسیەکە بە قازانجی تورکیا یەکلا بکاتەوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە وتوێژەکانی بەغدا و شاندەکەی تورکیا بە ڕۆژنامەی مەدای وتووە، ئەنقەرە لە دوایین ڕۆژی ساڵی ڕابردوودا بەغدای ئاگادار کردەوە کە ئەگەر نەتوانێت پەکەکە لەسەر خاکی عێراق دەربکات، ئەوە خۆی بەو کارە هەڵدەستێت و هێرشی بەرفراوان ئەنجام دەدات.

دەشڵیت، دوا شاندی تورکیا بۆ عێراق بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هۆشدارییانەو پێشکەشکردنی بژاردەی دیکە بووە، هەروەها دوا وادەی بۆ کۆتاییهێنان بە فایلی پەکەکەی تا کۆتایی مانگی شوبات یان سەرەتای مانگی سێی داوە بە عێراق، بەڵام مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەو هەڕەشەو پێشنیازانەی تورکیای بە تووندی ڕەتکردووەتەوە و دووپاتیکردووەتەوە، عیراق خۆی دەتوانێت ڕوبەڕوی هەر مەترسی و هەڕەشەیەک ببێتەوە لەناوی خاکی وڵاتەکەیدا.

هەر لەو چوارچێوەیەدا هەرێم کەمال ئاغا ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی مەدای ڕاگەیاندووە، ئەنقەرە بەنیازە بەبێ ڕەزامەندی بەغدا هێرشێک لەناو خاکی عێراقدا ئەنجام دەدات، بەتایبەت لەگەڵ گۆڕینی حکومەت لە واشنتۆن، بەڵام بەغدا ئەوە قبوڵ ناکات بەبێ چوونە دەرەوەی سوپای تورکیا لەناو خاکی عێراق، بەجۆرێک ئێستا تورکیا زیاتر لە ٣٠ خاڵ و بنکەی سەربازی لەناو خاکی عێراق داناوەو ئامانجەکەی زۆر لە پەکەکە دوورتر و گەورەترە، هەربۆیە نایەوێت بەبێ چوونە دەرەوەی تورکیا لەناو خاکی عێراق، مەلەفی پەکەکە لەگەڵ تورکیا بکاتەوە.

ساڵی ڕابردوو تورکیا دوو هێرشی سەربازی لەناو خاکی عێراق بە بیانوی پەکەکە دەستپێکردو بووەهۆی کوشتنی چەندین هاوڵاتی و ئاوارەکردنی سەدان کەس لە گوندنشینان لە باشووری کوردستان، لە چەند مانگی ڕابردووشدا حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر ڕێککەوتنێکیان لە دژی ئیرادەی خەڵکی شنگال واژۆ کرد، بەڵام ئەم هەنگاوە ناڕەزایی فراوانی لێکەوتەوە و بە ئێستاشەوە هیچ کام لەو دوو حکومەتە نەیانتوانیوە ڕێکەوتنەکە بخنە بواری جێبەجێکردنەوە.

ی. ک
ڕۆژنیوز
به‌روار:  21/01/2021
385   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   706
کۆی سه‌ردان:   29237944