سلێمان هەڵشۆیی بۆ کتێبی"رەوشی بڕواداران لە قورئان و سوننەتدا" دوو هەزار دۆلاری پێدام
مامۆستایەکی ئایینی لە سنووری قەزای پشدەر بە رووداوی راگەیاند، پێش ئەوەی کتێبەکەی چاپ و بڵاوبکاتەوە، سلێمان هەڵشۆیی لەگەڵ مامۆستایەکی دیکەی ئایینی سەردانی ماڵەکەی کردووە و بڕی 2000 هەزار دۆلاری بۆ چاپکردنی کتێبەکەی پێداوە و ئەویش وەریگرتووە. ئەو مامۆستا ئایینییە دەشڵێت "پێشتریش گوتوومە و ئێستاش دەیڵێمەوە کە مامەڵەکەی سلێمان هەڵشۆیی حەرام بووە."
 
ئەو مامۆستا ئایینییە ناوی ئیسماعیل تووەسوورانییە و لە دایکبووی گوندی دووگۆمانە لە سنووری ناحیەی سەنگەسەری قەزای پشدەر. 
 
ماوەی چەند رۆژێکە کتێبێکی مامۆستا ئیسماعیل تووەسوورانی بەناوی "رەوشی بڕواداران لە قورئان و سوننەتدا" بڵاوکراوەتەوە. بەڵام لە لاپەڕەیەکی کتێبەکەدا هاتووە "کاک سلێمان هەڵشۆیی، ئەرکی تێچووی ئەم کتێبەی گرتووەتە ئەستۆی خۆی، خودا پاداشتی نەبڕاوەی بەڕێزیان بداتەوە." ئەو نووسینە لە سۆشیاڵ میدیا زۆر بڵاوکراوەتەوە و هەر کەسە و قسەیەکی جیاوازی لەسەر کردووە. 
 
لەبارەی ئەوەی کە سلێمان هەڵشۆیی چەند پارەی پێداوە بۆ چاپکردنی کتێبەکەی؟ مامۆستا ئیسماعیل تووەسوورانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "پێش ئەوەی سلێمان هەڵشۆیی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر بکرێت، رۆژێکیان لەگەڵ مامۆستایەکی ئایینی هات بۆ ماڵمان و گوتی کە دەیەوێت هاوکارییم بکات لە چاپکردنی کتێبەکەم، منیش داواکەیم قبووڵ کرد و گوتم هەر کەسێک بیەوێت خێر بکات من لێی وەردەگرم و قبووڵم کرد."
 
مامۆستا ئیسماعیل: سلێمان هەڵشۆیی 20 وەرەقەی پێدام
 
بەگوتەی مامۆستا ئیسماعیل تووەسوورانی، ئەو رۆژە "سلێمان هەڵشۆیی 20 وەرەقە (2000) دۆلاری پێداوم وەک تێچووی چاپکردنی کتێبەکەم." دەشڵێت "سەرەڕای ئەوەی کە پێشتر دەمزانی کە سلێمان هەڵشۆیی چۆن دەوڵەمەند بووە و چۆن ئەو پارەی پەیداکردووە، لە چەند شوێنێکیش باسی ئەوەم کردووە کە ئەو مامەڵەی ئەو کابرایە (سلێمان هەڵشۆیی) حەرامە."
 
ئەو مامۆستا ئایینییە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات، کە سلێمان هەڵشۆیی پێشتر هاوکاریی خەڵکی دیکەی کردووە و گوێی لێبووە کە (عەرەبانەی بۆ خەڵکی خاوەن پێداویستیی تایبەت کڕیوە)، هەروەها پێشتریش ئەوە بڵاوکرابوویەوە کە هاوکاریی چەندین کەسی کردووە و پارەی بە خەڵک داوە. 
 
مامۆستا ئایینییەکە: کوڕەکەم 110 وەرەقەی بە سلێمان هەڵشۆیی داوە
 
زۆرن ئەوانەی کە مامەڵەیان لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی کردووە و پارەکەیان وەرنەگرتووەتەوە، ئەو مامۆستا ئایینییە دەشڵێت " کوڕەکەی وەستای تەختەودار بووە، بەڵام لەکاتی ئەو مامەڵەیەدا چەند کرێکارێکی لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی مامەڵەیان کردووە و ئەوان بوونەتە خاوەنی ئۆتۆمبێلی گرانبەها. هەر لەبەرئەوەشە کوڕەکەم دەهاتەوە بۆ ماڵەوە و دەیگوت دەچم منیش ئەو کارە دەکەم، بەڵام زۆرم پێگوت و بە قسەی نەکردم. بۆیە رۆژێک کوڕەکەم 110 وەرەقە (11 هەزار دۆلار)ی بە سلێمان هەڵشۆیی دا و تاوەکو ئێستاش نەیداوەتەوە. 
 
مامۆستا ئیسماعیل تووەسوورانی لە رێگەی رووداو داوایکرد کە ئەوەی بۆ بڵاوبکرێتەوە کە "پێشتر هۆشداریی زۆری داوە لەوەی کە سلێمان هەڵشۆیی مامەڵەیەکی نادروست و حەرام دەکات لەگەڵ خەڵک، بەڵام بەگوێیان نەکردووە تاوەکو ئەوەی کە بەمشێوەیە ئیفلاسی کرد و پارەیەکی زۆری خەڵکی خواردووە."
 
کوڕەکەی مامۆستا ئیسماعیل: بەقسەی باوکمم نەکرد و سلێمان 110 وەرەقەی خواردم
 
پێشڕەو، کە کوڕی مامۆستا ئیسماعیل تووەسوورانییە لەبارەی ئەوەی کە کەی پارەکەی بە سلێمان هەڵشۆیی داوە و بڕەکەی چەندە بە رووداوی راگەیاند " پێشتر باوکم زۆر دژی ئەوە بوو کە پارە بە سلێمان هەڵۆشیی بدەم، بەڵام بە قسەم نەکرد و سێ مانگ بەر لەوەی ئیفلاس بکات بڕی 110 وەرەقەم پێدا، بەڵام تاوەکو ئێستاش یەک دینارم وەرنەگرتووەتەوە."
 
خاوەنی کتێبخانەیەکی قەڵادزێ: کتێبەکەی مامۆستا ئیسماعیل بازاڕی گەرمە و زۆری لێ دەفرۆشرێت
 
موسا محەممەد، خاوەنی کتێبخانەی جودی لە قەڵادزێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کتێبەکەی مامۆستا ئیسماعیل تووەسوورانی لە ماوەی 10 رۆژدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی 300 دانەی لێفرۆشراوە و خەڵکێکی زۆر داوای دەکات. 
 
ئەو کتێبە ( رەوشتی بڕواداران لە قورئان و سووننەتدا) 550 دانەی لە تاران لێ چاپکراوە و نرخی هەر کتێبێک لە بازاڕ بە شەش هەزار دینار دەفرۆشرێت. بەگوتەی موسا محەممەد بڕیارە لە چەند رۆژێکی دیکەدا ئەو کتێبە لە کتێبخانەکانی هەولێرش بەردەست بێت. 
 
"پارەکەی سلێمان هەڵشۆیی بەشی چاپکردنی نەکردووە"
 
مامۆستا ئیسماعیل تووەسوورانی ئاماژە بەوەش دەدات، کە ئەو پارەیەی سلێمان هەڵشۆیی بۆ چاپکردنی کتێبەکەی پێیداوە، بەشی چاپکردنی هەموو کتێبەکانی نەکردووە. دەشڵێت "خۆیشم پارەیەکی زۆرم لە نووسینەوە و پێداچوونەوە و دیزاینی کتێبەکەدا خەرجکردووە."
 
مامۆستا ئیسماعیل: 5 کتێبم چاپ و بڵاوکراونەتەوە
 
بەگوتەی خۆی خاوەنی 10 کتێبی نووسراوە و تاوەکو ئێستا پێنج کتێبیان چاپ و بڵاوکراونەتەوە کە بریتین لە: گەشتێکی زانستی، بەرەو هاوسەرگیرییەکەی سەرکەوتوو، ستەمکاران لە دیدی قورئان و سووننەتدا، درۆکردن عەیبەیە بەرلەوەی تاوانبێ و دوایین کتێبشی رەوشتی بڕواداران لە قورئان و سووننەتدا. هەروەها دوو کتێبی دیکەشی سەرقاڵی نووسینەوەیەتی. 
 
مامۆستا ئیسماعیل تووەسوورانی کێیە؟
 
مامۆستا ئیسماعیل لە ساڵی 1968 لە گوندی دووگۆمان لە سنووری ناحیەی سەنگەسەری قەزای پشدەر لە دایکبووە، بەگوتەی خۆی لە هیچ قوتابخانەیەک نەیخوێندووە و خاوەنی هیچ بڕوانامەیەکیش نییە. بەڵام لە ساڵانی نێوان 1978 بۆ 1980 لەلای مامۆستا عەبدوڵڵای دووگۆمان قورئانی خوێندووە. هەروەها دواتر وازی هێناوە و بووەتە شوان " بەڵام کاتێک شوان بووم هەر قورئانم خوێندووە و نیوەی قورئانم لەکاتی شوانیدا لەبەرکردووە"، دواتر لە ساڵی 2000 وازی لە بەخێوکردنی مەڕ و ماڵات هێناوە و لە ساڵی 2001 لە سلێمانی تاقیکردنەوەیەکی کردووە و بە پلەی 'ئیمام' بڕوانامەی وەرگرتووە. هەر ئەو ساڵەش وەکو پێشنوێژ و گوتار خوێن لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف دامەزراوە. 
 
مامۆستا ئیسماعیل وەکو خۆیشی باسی کرد، لە ساڵی 2015ـەوە لە مزگەوتی (سەعیدی نەورەسی لە تووەسووران) پێشنوێژ و گوتارخوێنی دەکات و ئێستاش بەردەوامە.
 
دوایین قسەیشی ئەوەبوو کە بەهیچ شێوەیەک و هیچ جارێک نەیگووتووە کە "مامەڵەکەی سلێمان هەڵشۆیی حەڵاڵە و بەڵکو ئێستا و پێشتریش چەندین جار لە گوتاری مزگەوت و لە چەندین شوێن و بەشێوەی نووسراو بڵاوی کردووەتەوە کە مامەڵەکەی ئەو حەرامە."
ڕووداو
به‌روار:  18/01/2021
491   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   539
کۆی سه‌ردان:   29261654