پرسیارەکانی ئینتیحانی پۆلی حەوت
بیرکاری : ئەگەر لە کۆی چوار گومرگ ، دوانیان بۆ برای گەورەبێ ، چەند گومرگ بۆ براکانی تری دەمێنێتەوە ؟
کوردی : لەم وشانەی خوارەوەدا کام وشە لەگەڵ وشەکانی تردا ناگونجێت ؟
(کورد ، تەزبیح ، دەوڵەتداری ، نێرەکەری).
مێژوو : کام جەنگ مایەی شانازیی کوردە ؟
(چاڵدێران ، شەڕە کەو ، شەڕی ناوخۆ ، ھەڵتۆقاندنی ناوچەوانی پەڕلەمانتار) .
مەنتیق : بەپێی چ مەنتیقێک حکومەتی ھەرێم نەوتەکە تەسمیلی بەغا ناکات ؟
(مەنتیقی ئەرەستوو ، بەئارەزوو ، مەنتیقی ھەچەی دێز ، مەنتیقی طەیر) .
جوگرفیا : ئەو گەڕیدە نەبەزە کێ بوو کە دوو جار گەشتی کرد بە دەوری ھەموو حیزبەکانی کوردستاندا ؟
ئای تی : چ بیرمەندەندێکی جیهانییە کە ئەگەر لە گوگڵدا سێرچ بۆ ناوەکەی بکەی ترۆزیت بۆ دەرئەچێ ؟
ئەستێرەناسی : زەوی چەند جار بەدەوری خۆردا بسوڕێتەوە مەعاش ئەدرێ ؟
ھونەر و ئیشی دەست : تێکڕای تەحەمولکردنی گۆرانیی تازەی کوردی چەند خولەکە ؟
فەلسەفە : ئاودەستی غەربی چ کاریگەرییەکی ھەیە لەسەر ئەقڵی شەرقی ؟
کیمیا : دەگمەنترین کانزا لە ناوچەکەدا چییە (وێرانیۆم ، ویژدان ، غیرەت ، ئەقڵ) .
زیندەوەرزانی : کێ لە شای دارستان موھیمترە ؟
(سەرکۆماری بیابان ، نۆردۆم ریفراندۆم ، شاجوانی حیزب ، سیسارکە رێوی) .
جیۆلۆجی : ترسناکترین چین لە چینەکانی گۆی زەوی تیجاری دیاری بکە .
(چینی ئۆزۆن، چینی کرێکار ، چینی ماچین، چینی و فەخفوری) !
ئابووری : ئەم رستەیە تەواو بکە : ــ
ماڵی دنیا……..
(لە دەست ھەشت نۆ بنەماڵەدایە ، بەقوربانی سیحەتی خۆت بێ ، بەشی مەعاشی ھەرێم ناکات ، چڵکی دەستە) .
" دکتۆر شێركۆ عەبدوڵڵا "
بهروار: 09/01/2021
680 جار خوێندراوهتهوه
|