سوید/ کۆچی دوایی فەرهاد وەهاب

تەرمی گەنجێکی کورد دوای دوو رۆژ لەنێو ماڵەکەیدا لە سوێد دەدۆزرێتەوە

تەرمی گەنجێکی کوردی خەڵکی قەزای چەمچەماڵ لەنێو ماڵەکەی خۆی لە سوێد دەدۆزرێتەوە، بە گوتەی کەسوکارەکەی دوو رۆژ بووە گیانی لەدەستداوە، دواتر هاوڕێکانی پێیانزانیوە و پۆلیسیان ئاگادارکردووەتەوە.

ئەو گەنجە ناوی فەرهاد وەهابە و لەدایکبووی ساڵی 1977 بووە. لە ساڵی 2003 کۆچی کردووە بۆ تاراوگە و لە نەرویج بووە، بە گوتەی شەهاب وەهاب کە برای فەرهادە، نزیکەی 10 ساڵیش دەبێت لە سوێد نیشتەجێبووە. رۆژی رۆژی شەممە 9-1-2021 تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.

فەرهاد نەخۆشیی گورچیلەی هەبووە و نەشتەرگەریی بۆکراوە بۆ چاندنی گورچیلە بۆی، شەهابی برای ئاماژەی بەوە کرد، گومان دەکەن هەر بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدابێت. "دوایین جار لەلای پزیشک هاتووەتەوە، دوو کیلۆ پرتەقاڵی کڕیوە و دەرگەی لەسەر خۆی داخستووە، ئیدی کەس نەیبینیوەتەوە تاوەکو ئەو کاتەی گیانی لەدەستداوە".

براکەی ئەوەشی بە رووداو گوت کە فەرهاد کەسێکی "زۆر کۆمەڵایەتی نەبووە و هاوڕێی زۆری نەبوون، لەلای شێفێک لە رێستۆرانتێک کاری کردووە و بەتەنیا لەماڵەکەیدا ژیاوە".

فەرهاد ژیانی هاوژینی لەگەڵ ژنێکی کوەیتی پێکهێنابوو، بەڵام زیاتر لە شەش مانگ دەبێت لێکجیابوونەتەوە و بەتەنیا ژیاوە. منداڵیشیان نەبووە.

ئەو خێزانە کوردە تاوەکو ئێستا راپۆرتی فەرمیی پۆلیسیان پێنەگەیشتووە لەبارەی گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان، دەڵێن چاوەڕوانی پۆلیسن و لە پەیوەندیدان لەگەڵیان. "ئەگەریش تەرمەکەمان پێبدەنەوە دەیگەڕێنینەوە هەرێمی کوردستان و لە چەمچەماڵ بەخاکی دەسپێرین".
ڕووداو
به‌روار:  10/01/2021
871   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   399
کۆی سه‌ردان:   29248847