ئەمڕۆ لە ئەمریکا چی روویدا؟
 سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ، لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لەبەردەم کۆشکی سپی و بە مەبەستی رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەو وڵاتە لەسەر داوای خودی ترەمپ بە بەشداری هەزاران لایەنگر و دەنگدەری سەر بە کۆمارییەکان خۆپیشاندانیان کرد.

هاوکات، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەشداری لە خۆپیشاندانەکەدا کرد و لە بەردەم لایەنگرانیدا ئاماژەی بەوەکرد، "هەرگیز وازناهێنین و دان بە شکستدا نانێین". هانی لایەنگرەکانیشیدا تا بەرەو باڵەخانەی کۆنگرێس بڕۆن. داواشی لە مایک پێنسی جێگری کرد، "کارە راستەکە ئەنجام بدات و وڵات بپارێزێت". هاوکات، ترەمپ هەڵبژاردنەکەی بە گەورەترین ساختەکاری لە مێژووی وڵاتەکەیدا ناوبرد.

دواتر، خۆپیشاندەران بە ئاڕاستەی باڵەخانەی کۆنگرێس هەنگاویان نا و لەو نێوەندەشدا گرژی و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی پۆلیس و خۆپیشاندەراندا روویدا و تیایدا گازی فرمێسکرێژ بەکارهات و تەقەشی تێکەوت، بەوهۆیەشەوە ژنێک گیانی لەدەستداوە.

خۆپیشاندەران درێژەیان بە هەوڵەکانیان دا و سەرئەنجام توانیان بەربەستی هێزە ئەمنییەکان تێپەڕێنن و بچنە نێو باڵەخانەی کۆنگرێسەوە، لە هەمان کاتدا ئەنجومەنی نوێنەران و کۆنگرێسی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی مایک پێنسی جێگری سەرۆکی ئەمریکا و نانسی پێلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، بە مەبەستی دەنگدان لەسەر ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکەی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی گەیشتنی پشێوییەکانی دەرەوە بۆ ناو باڵەخانەکە، کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

لە کاردانەوەی گرژییەکانیشدا، حاکمی ویلایەتی واشنتۆن قەدەغەی هاتوچۆی بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر راگەیاند و دۆناڵد ترەمپیش فەرمانی رەوانەکردنی هێزی گاردی نیشتیمانی بۆ ویلایەتەکە دەرکرد.

لە پەیامێکیشیدا، دۆناڵد ترەمپ بە خۆپیشاندەرانی راگەیاند، "لە هەستەکانتان تێدەگەم، بەڵام بڕۆنەوە بۆ ماڵەکانتان". مایک پێنسی جێگری سەرۆکی ئەمریکاش جەختی لەوەکردەوە، "دەبێت هەموو گێرەشێوێنەکان دەستگیربکرێن و بەزووی کۆتایی بە گرژییەکان بهێندرێت".

لەلایەکی دیکەوە، بۆریس جۆنسن سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، "دیمەنەکانی بەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا جێگای شەرمەزارییە". دەشڵێت، "ئێستا گرنگە ئاڵوگۆڕێکی ئاشتیانەی دەسەڵات پیادەبکرێت". 

هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە راگەیەندراوێکدا داوای لە دۆناڵد ترەمپ کرد کە، "بەزووی دەست لەکار بکێشێتەوە".

ئەمەش دوای ئەوە دێت، رۆژی ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، هەڵبژاردنی گشتی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەچوو و تیایدا دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستا و پاڵێوراوی کۆمارییەکان، هەروەها جۆبایدنی جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و پاڵێوراوی دیموکراتەکان کێبڕکێکاری سەرەکی هەڵبژاردنەکە بوون، لە ئەنجامدا جۆ بایدن بەبردنەوەی زۆرینەی دەنگی دەنگدەران توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و وەک ٤٦ەمین سەرۆکی هەلبژێردراوی ئەو وڵاتە دیاریکرا.
ئێن ئاڕتی 
به‌روار:  07/01/2021
475   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   483
کۆی سه‌ردان:   29232788