شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی.
مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح (تایبەت بە درەو دەینوسن) 

لە نیوەی دووھەمی سەدەی نۆزدەھەمدا دەسەڵاتی تەریقەتە دینییەکان لە کوردستاندا، لە دوای دروستبوونی بۆشاییە سیاسییە گەورەکانەوە، گەشەیکردوە و تەشەنەی سەندوە. کە ئیمارەتە کوردییەکانی سەدەکە یەک بە دوای یەکدا دەڕوخێندرێن، بۆشاییەکی گەورەی دەسەڵات دروستدەبێت، تەریقەتە دینییەکان ئەو بۆشاییە پڕدەکەنەوە و لەپاڵ دەسەڵاتی دینییدا بەشێکی زۆری دەسەڵاتی سیاسیش دەگرنەدەست. لە ئاستی ئابوریی و موڵکایەتیشدا عوسمانییەکان بڕێکی گەورەی زەوی و زاری ناوچەکانی ئیمارەتە ڕوخاوەکان، لەسەر شێخەکانی تەریقەت تاپۆدەکەن و بەمەش ئەو نەوە تازەیە لە شێخانی تەریقەت لەیەککاتدا دەبن بە خاوەنی ھەر سێ دەسەڵاتە سەرەکییەکەی ناو کۆمەڵگا؛ دەسەڵاتی ئابوریی، دەسەڵاتی دینیی و دەسەڵاتی سیاسیی. شێخی تەریقەت لە یەککاتدا ھەم خاوەن زەوی و زارێکی زۆرە، ھەم ڕابەرێکی دینیی خاوەن نفوزە و ھەم سەرکردەیەکی سیاسیشە. کۆبونەوەی ئەم ھەموو دەسەڵاتە لە دەستی شێخێکی تەریقەتدا گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی نوێ بوو، هەرگیز لە قۆناغەکانی پێشتردا ئەو سێ دەسەڵاتە لە دەستی ھیچ بکەرێکی کۆمەڵایەتییدا کەڵەکە نەبووە.
بەڵام ئەم ھێزە گەورەیەی تەریقەت و شێخەکانی زۆر نابات لە چەندان لاوە سنوورداردەکرێت و کەمدەبێتەوە. لەسەرێکەوە سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە دێتە ناوچەکەوە، بە ھەموو ئۆرگانە بیرۆکراسییەکانی خۆیەوە، سنوور بۆ ڕاپەڕین و دەسەڵاتە ئابوریی و سیاسییەکەی تەریقەت و شێخەکانی دادەنێت و خۆی دەبێت بە بکەری ئابوریی و دەسەڵاتی سیاسیی ژمارە یەک. خوێندنگا و فێرگە و فەرھەنگ و ئەدەبیاتی مۆدێرنیش سنوورێک بۆ  سەرمایە مەعریفیی و نفوزە دینییەکانی ئەوان دادەنێت. حیزبی سیاسیی مۆدێرنیش دەبێتە ئەلتەرناتیڤی ئەو تۆڕە لە مزگەوت و تەکیە و خانەقا کە تەریقەتەکان وەک ژێرخانێکی ڕێکخراوەیی خاوەنی بوون. بەمجۆرە و بەشێوەیەکی گشتیی تەریقەت و شێخەکانی لە سەدەی بیستەمدا دەگۆڕێن بۆ تەنھا بکەرێک لەپاڵ زۆر بکەری تردا، زۆرجار بکەرێکی پلە دوو و پلە سێ کە لەژێر سێبەری بکەرە سیاسییە شاریی و مۆدێرنەکاندا دەژین و کاردەکەن. 
لە نیوەی دووھەمی سەدەی بیستەمەوە، کاتێک ئیسلامی سیاسیی و ڕێکخراوە دینییەکان لەدایکدەبن و گەشەدەکەن، ھێزی تەریقەتەکان و نفوزی سیاسیی و دینییان سنووردارتر دەبێت و ئەمجارەیان لەناو کایەی دین خۆیدا ڕکابەریان بۆ دروستدەبێت. ئەو بکەرە دینییە سیاسییە تازانەی کە ئیسلامی سیاسیی دروستیاندەکات، کەسانێکن لەناو سیستەمی پەروەردە و فێربوونی مۆدێرنەوە ھاتوون، نەک لەناو مزگەوت و تەکیە و تەریقەتەکانەوە، لە زۆر ئاستیشدا پەیوەندیی نێوان ئەم بکەرە دینییە سیاسییە تازانە و بکەرە سونەتیی و تەقلیدییە دینییەکانی ناو تەریقەتەکان، بە شێخەکانیشەوە، پەیوەندییەکی ڕکابەرانە بووە. لەزۆر کاتدا ئیسلامی سیاسیی ڕەھەندی سیاسیی تەریقەتەکانی تەواو پەراوێزخستوە. 

ھەموو ئەم گۆڕانانە وا دەکەن دیاردەی لە شێوەی ”نەھرۆ کەسنەزانی“ بە درێژایی سەدەی بیستەم ھیچ ئەگەرێکی دروستبوونی لەبەردەمدا نەبووبێت، لە باشترین حاڵەتدا بتوانێت وەک کوڕی شێخێکی تەریقەت بچێتە شوێنی باوکی و دەسەڵاتە دینییەکەی، لەناو ئەو کایە پڕ لە ململانێیەی دیندا کە باسمانکرد، درێژەپێبدات و وەک بکەرێکی پەراوێزیی ئامادەبێت. بەڵام ئەو هۆکارانە چین کە ئەم دیاردەی ”نەھرۆ کەسنەزانی“یەی لەم شێوەیەی ئەمڕۆدا بەرهەمهێنا؟ ئایا دیاردەی نەھرۆ کەسنەزانی پێویستی بە چ جۆرە تێگەیشتنێکە و ئێمە لەبەردەم چ جۆرە دیاردەیەکداین؟
نەھرۆ کەسنەزانی ”شێخ“ێکی گەنجە کە پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە شێخایەتی تەقلدییەوە نییە. ئەم ”شێخە“ نوێیە لەناو خوێندن و فێرگە دینییەکانەوە نەھاتوە و بەوەش نەناسراوە خاوەنی ئیجتیھاداتی ئاینیی بێت، یان لەسەر دەستی ئەم یان ئەو زانا و حەوزەی دینیی فێربووبێت، بە پێچەوانەوە ئەو لەناو سیستەمی خوێندنی عەلمانییەوە ھاتوە، زانکۆی خوێندوە و لە بریتانیا دکتۆرای لە مێژوودا ھێناوە. بەم مانایە ئەم پیاوە نە بکەرێکی دینییە و نە لەناو سیستەم و کەلەپور و ئەبستیمی دینییەوە ھاتوە. لەڕووی سیاسییشەوە کەسێکی چالاکبووە، سەردەمانێک سەرۆکی (تحالف الوحدة الوطنية) و ئەمینداری گشتیی (تجمع الوحدة الوطنية العراقي) بووە. لە ھێزێکی وەک یەکێتی نیشتیمانیی کوردستانیشەوە نزیکە. لەم دیدەوە ئەم ”شێخ“ە بەرھەمی سیستەمی عەلمانیی خوێندن و فێربوون و بەرھەمی کایەی سیاسیی کوردیی دونیای دوای ڕاپەڕینە. بە ھیچ مانایەک پەیوەندیی بە چیەتیی و چۆنیەتی ئیشکردنی تەریقەتە دینییە تەقلیدییەکانی سەدەی نۆزدەھەم و سەدەی بیستەمەوە نییە. لە ئێستاشدا ئەم شێخە ھێندەی بەشوێنی پێگەیەکی سیاسییەوەیە، ھێندە بەشوێنی پێگەیەکی دینییەوە نییە. ئەو وەک خۆی دەڵێت ”موشکیلەی میللەتی کوردی گرتۆتە ئەستۆی“ وبە ”تەواسڵ لەگەڵ مەرجەعییەتەکانی تردا بەدوای حەلی موشکیلەی کوردیی“دا دەگەڕێت. بە مانایەکی تر شێخ نەهرۆ نایشارێتەوە کە خواستی سیاسیی گەورەی ھەیە و دەیەوێت سیاسەت بکات. بێگومان ئەو باش دەزانێت بەبێ پێگە دینییەکەی، کە پێگەیەکە لە خێزان و بنەماڵەکەیەوە بۆی ماوەتەوە، ناتوانێت پێگە سیاسییەکەی گەورەتر و بەھێزبکات. لەم ڕووەوە دۆخی ئەم ”شێخ“ ە تازەیە ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ دۆخی منداڵەکانی بارزانیی و تاڵەبانی و نەوشیرواندا نییە. شێخ نەهرۆش هاوتای نەوە تازەکەی ناو خێزانە سیاسییە تەقلیدییەکانی هەرێم، بە حازریی تەوریسی دەسەڵاتە دینییەکەی باوکی کردووە و ئەو پێگە دینییەش دەخاتە گەڕ، بۆئەوەی بیگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێكی سیاسیی و ئابووریی. 
ھەر کەسێک ئەو گرتە ڤیدیۆییە کورتە بینیبێت کە ئەم ”شێخە“ ە تازەیە تیایدا قسەدەکات، ھیچ گومانێکی لا نامێنێت کە ئەو خەونی بوون بە ”مەرجەعی سیاسیی“ لە کوردستاندا ھەیە، خەونی ئەوەی ”مەرجەعییەتە دینییەکە“ی بگۆڕێت بۆ ”مەرجەعیەتی سیاسیی“ و لە ”شێخێکی دینیی“ەوە ببێت بە ”شێخێکی سیاسیی“. ئەو بە ئاشکرا لە ڤیدیۆکەدا باس لە کۆتایی تواناکانی دەسەڵاتی سیاسیی لە ھەرێمدا دەکات و پێیوایە مەسەلەی کورد، بە مەسەلەی چارەسەرکردنی موچەی فەرمانبەرانیشەوە، ”لە دەسەڵاتی سیاسییدا نەماوە“ بەڵکو ”گەشتۆتە دەستی دەسەڵاتی دینیی“. بێگومان مەبەستی لە ”دەسەڵاتی دینیی“ دەسەڵاتی ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی نییە، بەڵکو مەبەستی دەسەڵاتی تەریقەتەکەی خۆیەتی لە دۆخی گۆڕانییەوە لە دەسەڵاتێکی دینییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی حوکمڕان. 
ئەم ”شێخە“ تازەیە کە باس لە بنەمای ڕوانینەکانی بۆ دەسەڵاتی سیاسیی دەکات، باس لەوە ناکات کە دەشێت شتێک ھەبێت ناوی ”ئیرادەی گشتیی“ بێت، کە کۆمەڵگا و نەتەوە و میللەت سەرچاوەی شەرعیەتن، بەڵکو باس لە ڕەوایەتی ”مەرجەعییەتی کەسنەزانیی“دەکات کە گوایە ٢٠٠ ملیۆن شێخ و موریدیی ھەیە لەناو کورد و غەیرە کورددا. واتە مەرجەعییەتی دینیی ئەو کە سەرچاوەی مەرجەعيیەتە سیاسییەکەیەتی مەرجەعییەتێکی ”بان نەتەوەیی“ و ”بان نیشتیمانیی“ە، ئەوەی بە ئینگلیزی پێیدەڵێن ”ترانس ناشناڵ“ Trans national. لەناو سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەی باڵادەست لە ناوچەکە و لە جیھاندا ئەم ”بان نەتەوەیی“ و ”بان نیشتیمانییبوونەی“ مەرجەعيیەتی کەسنەزانیی، ھێندەی وەک کۆمپنیایەکی فرەپشک دەردەکەوێت و کاردەکات، ناتوانێت وەک یەکەیەکی سیاسیی دەربکەوێت و کاربکات. ئەوەشی لەپشتی ئەم دیدەوە ئامادەیە لۆژیکی کۆمپانیایەکی فرەپشکی ناو ئابورییەکی مۆنۆپۆڵکراوە. بە بۆچوونی ئەم ”شێخە“ بێت ئەم ٢٠٠ ملیۆن موریدە دەتوانن ھەم سلێمانی لە قەیرانە قووڵەکانی ڕزگاربکەن و بیگۆڕن بۆ ”پایتەختی تەسەوفی عالەمیی“، ھەم موچەی کۆی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانیش دابینبکەن. بەم چەشنە، وەک خۆشی دەڵێت، ”کۆتایی بەنائومێدیی“ دەھێنێت. ئەگەر ئەم قسانەی نەھرۆ کەسنەزانی بۆ زمانی ئابوریی وەربگێڕین دەکرێت بڵێین، ئەو دەیەوێت لە ”ئابوریی نەوت“ەوە کە ئابورییەکی تەواو قۆرخکراوە و شوێنی بزنسمان و سەرمایەداری نوێی تیانابێتەوە، بگوازێتەوە بۆ ئابوریی ”گەشتیاریی دینیی“، کە ئابورییەکە لە ئێستادا نەک قۆرخکراو نییە، بەڵکو لە ھەرێمی کوردستاندا ھێشتا لە دەستپێکە ھەرە سەرەتاییەکانیدایە. لەباتی کۆمپانیاکانی نەوت و سکیوریتیی، یان پرۆژەی وەک چاڤی لاند و خانوبەرە، کە تاڕادەیەکی زۆر ئەمیش قۆرخکراوە، ئەم ”سێنتەری زیکر“ و ”بازاڕی تەسەوف“ دەکاتەوە و گەشتیارانی لە ھەمو جیھانەوە بۆدەھێنێت. بەم چەشنە شێخ دەیەوێت کۆتایی بە قەیرانی ئابوریی بھێنێت و ئومێد و خەندە بگەڕێنێتەوە ناو گیرفان و سەر لێوی خەڵکە ھەژارەکەی ھەرێم.

مرۆڤ پێویست ناکات پسپۆڕی بواری ئابوریی سیاسیی بێت، بۆئەوەی لە خولیا و خواستەکانی پشتی ئەم پرۆژەی دروستکردنی پایتەختی تەسەوفە تێبگات. نەھرۆ کەسنەزانی کەسێکە دەیەوێت بەھەمان شەقامدا بڕوات کە سیاسەت لە ھەرێمدا پیایدا دەڕوات و وەک یاسا پەیڕەویدەکات؛ یاسای گرێدانی سیاسەت بە بازرگانییەوە، گۆڕینی کەسایەتی سیاسیی بۆ بازرگان و کەڵەکەکردنی سەرمایە لەڕێگای کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی سیاسییەوە. ئەوەی ئەم ”شێخ“ە بەرەو سیاسەت دەبات، ئەوەی وایلێدەکات تەنھا بە دەسەڵاتی دینیی ڕازینەبێت و دانیشتن لە لوتکەی دەسەڵاتی تەریقەتە دینییەکەیدا بە بەس نەزانێت، چارەسەری ”موشکیلەی کورد“ نییە وەک ئەو دەڵێت، چونکە ”موشکیلەی کورد“ بە کردنی سلێمانی بە پایتەختی تەسەوف، یان بە دانانی ”مەرجەعیەتی کەسنەزانیی“ لە شوێنی ”مەرجەعیەتی سیاسیی خەڵک و کۆمەڵگا“ چارەسەر ناکرێت. ئەوەی ئەم ”شێخە“ گەنجە بەرەو سیاسەت دەبات، جگە لە دروستبوونی ئەو بۆشاییە سیاسییە گەورەیەی ئەمڕۆکە کە لەزۆر ڕووەوە لەو بۆشاییە دەچێت کە لە سەدەی نۆزدەھەمدا دروستبوو، ئەو ڕاستییە سادەیەیە کە بەبێ گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسیی، دەسەڵاتەکانی تر لە ھەرێمدا پارێزراو نین. بۆئەوەی بتوانیت لەپاڵ ئابوریی نەوتدا، کە قۆرخکراوە، ئابوریی گەشتیاریی دینیی دەستپێبکەیت، دەبێت لانیکەم بەشی ئەوە دەسەڵاتی سیاسییت ھەبێت کە بتوانیت ئەم ئابورییە تازەیە بپارێزێت و مۆنۆپۆڵیبکات. ئابورییەکیش لە سایەی لۆژیکی چۆنیەتی ئیشکردنی سیاسەت و تێکەڵکردنی دەسەڵاتی سیاسیی و دەسەڵاتی ئابورییدا بەیەکتر کاربکات، جگە لە ئابوریی تاڵانیی و جەردەیی شتێکی دیکە نابێت. 
ئەم دیاردە نوێیەی ”نەھرۆ کەسنەزانی“ دوای شکستی هەردوو بکەری سەرەکیی ناو کایەی سیاسیی هەرێم سەرهەڵدەدات، کە یەکەمیان خێزانە سیاسییەکانی ناو حوکمڕانییەکەیە، دووهەمیشیان ئۆپۆزیسیۆنە عەلمانیی و ئیسلامییەکەی هەرێمە کە توانای کۆکردنەوەی دەنگە ناڕازییەکانی ھەرێمی نییە و ناتوانێت فشارێکی بچوکیش لەسەر مۆدێلە سوڵتانییەکەی حوکمڕانیی دروستبکات. ھەموو ئەمانەش لە دۆخی نەمانی متمانەی تەواوی زۆرینەی ھەرەزۆری کۆمەڵگاکە بە سەرجەمی ھێزەکان و دروستبوونی بۆشاییەکی سیاسیی گەورەدا. ئەم شێخە دێتە ناو ئەم بۆشاییە سیاسییەوە و خۆی وەک ئەلتەرناتیڤێکی نوێی ناو کایەی سیاسەت نماییشدەکات. شێخ نەهرۆ دەیەوێت وەراسەتە ئایینیەکەی وەک سەرمایەیەکی رەمزیی و مرۆیی بخاتەگەڕ و هاوشێوەی نەوە تازەکەی ناو پارتی و یەکێتی و گۆڕان بچێتە ناو کایەی سیاسەت و لەوێوە ئابوریی گەشتیاریی دینیی و دەسەڵاتی سیاسیی، بەیەکەوە گرێبدات. ئەم شێخە بە موژدەی ئابوورییەکی نوێوە دێتە ناو کایەی سیاسەت، بەڵام تەنها بانگەشەی دروستکردنی موعجیزەی ئابووریی ناکات، بەڵکو بانگەوازی رزگارکردنی ئەم میللەتە دەکات لەم رۆژی حەشرەی تیایدا دەژیی.


به‌روار:  06/01/2021
106   جار خوێندراوه‌ته‌وه
  بابه‌تی زیاتر ...
(سبەى): دۆسیەى سوریا، هاوشان لەگەڵ دۆسیەى ئەتۆمیی ئێران یەکێکە لە ئاڵۆزترین دۆسیە بەجێماوەکانى ترەمپ بۆ ئیدارەى نوێى ئەمەریکا، بە شێک لە شیکەرەوانى سیاسى لەوباوەڕەدان، ئیدارەدانى درێژه‌ ...
ژمارەیەک لە چالاکوانانی سیاسی-مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، داوایان لە دەسەڵاتی ئێران کردووە کە کۆتایی بە دۆخی ترس و تۆقاندن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێنن و دەستگیرکراوەکان ئازاد درێژه‌ ...
گوونی هەلاج جارێک فەتاحی بارامی هەمەوەند، دەرئەچێ بۆ ڕاووڕووت، لەو دەشتە تووشی هەلاجێک ئەبێت. لە دڵی خۆیا ئەڵێ: با سەیرێک بە هەلاج بکەم. ئەڵێ: ئەرێ کاورای هەلاج، ئەوە بۆچ هەر شت درێژه‌ ...
تورکیا بڕیاری گرتنی نوسەر و ڕۆژنامەوانی ناوداری وڵاتەکەی جەنگیز چانداری داوە. بەڵام چاندار کە ئێستا لە سویدە دەڵیت، بەرنامەی گەڕانەوەی بۆ تورکیا نیە و شەرم بەو بارودۆخەی ئێستای وڵا درێژه‌ ...
٥ ساڵی تێپەڕی بەسەر دامەزراندنی يەکەم کۆماری کوردستان کە لەسەدەی بيستدا راگەيەندرا، کۆمارەکە تەمەنی کەمبوو، بەڵام وەک دەستکەوتێک لە مێژووی کورددا یادی دەکرێتەوە. کۆماری کوردستان درێژه‌ ...
ئاوێنە: بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ، ئێوارەی دوێنێ كاروانێك لە هێزی ئەمریكایی كە لە 40 بارهەڵگر پێكهاتبوون رەوانەی رۆژئاوای كوردستان كران لە عێراقەوە لە دەروازەی وەلیدەوە. بەپێی راگ درێژه‌ ...
بەپێی ئامارەکانی پزیشکی دادوەری ئێران لەم ساڵدا بە شێوەی مامناوەند رۆژانە 15 کەس لەو وڵاتە خۆیان کوشتوە. رۆژنامەی ئیعتمادی ئێران لە زاری بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتی پزیسکی دادوەری ئە درێژه‌ ...
تورکیا هەوڵەکانی بۆ هێرش و پەلامارێکی دیکە لەناو خاکی عێراق و باشووری کوردستان بەبیانووی پەکەکە چڕ کردووەتەوە، عێراقیش تا ئێستا لەوبارەیەوە هیچ ڕەزامەندییەکی نیشان نەداوەو دۆسیەکەی درێژه‌ ...
بە بۆنەی ٣هەمین ساڵی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە هەزاران کەس ڕژانە سەر شەقامەکان. شەهبا لە ناوچەی شێراوای عەفرین لە درێژه‌ ...
کلینێکێک لە ستۆکهۆڵم نەشتەرگەریی پەردەی کچێنی بۆ کچان دەکات، لە بەدواداچوونێکی ڕێکخراوی هۆشیاریی سێکس دەرکەوتووە. کچان بۆ ئەو نەشتەرگەرییە زیاد لە پانزە هەزار کرۆرۆنیان لێ وەرد درێژه‌ ...
ژماره‌ی بابه‌ت
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1017
کۆی سه‌ردان:   22059435