تەکیەی سینگڵان لە شۆران کرایەوە
گەنجێکی تەمەن 25 ساڵ لە سۆران شوێنێکی کردووەتەوە و ناوی ناوە 'تەکیەی سینگڵان' و دەڵێت: "تەکیەی سینگڵان پرۆژەیەکی نوێیە و بۆ ئەو گەنجانەیە کە هێشتا نەچوونەتە نێو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە." بەڵام بەلایەوە ئاساییە کە خەڵکی خاوەن ژن و ماڵ سەردانی بکەن و لەنزیکەوە قسەیان لەگەڵ بکات.
 
مەهدی کە خۆی پێیباشە بە "مەهدی خاکی" ناوی بهێنرێت و دەڵێت "لەبەرئەوەی زۆر لەگەڵ خەڵک تێکەڵم و گەنجانیش زۆر منیان خۆش دەوێت، بۆیە ئەو نازناوەم هەڵبژاردووە." ئەو لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "تەکیەکەم فراوان دەکەم و لە شار و شارۆچکەکانی دیکەش لقی نوێ دەکەمەوە."
 
وێنەی مەهدی کە لەژێر پۆستەرێکدا دانیشتووە و لێی نووسراوە "بەخێربێن بۆ تەکیەی سینگڵان" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر بڵاوکراوەتەوە و خەڵکێکی زۆر قسەیان لەسەر کردووە.
 
مەهدی لەبارەی کردنەوەی ئەو شوێنە و لەژێر ناوی "تەکیەی سینگڵان" بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دوو رۆژە ئەو شوێنەم کردووەتەوە و بۆ خزمەتی گەنجانی سۆران، دەوروبەر و هەموو گەنجێکە کە دەیەوێت سەردانمان بکات." شوێنەکەش تەنیا بۆ کاری سینگڵان نییە وەکو خۆی دەڵێت: چا و خواردنیشی تێدا دەفرۆشێت.
 
بەگوتەی مەهدی، ئەو لە 2014ـەوە کاری لەسەر ئەو ناوە کردووە و ویستوویەتی بیکاتە شتێک کە دەنگدانەوەی هەبێت و دەشڵێت "ئێستا ئەو شوێنەم بە 150 هەزار دینار بەکرێ گرتووە، هەم دەمەوێت بژێوی ژیانی خۆمی پێدابین بکەم، هەم بۆ ئەو سینگڵانەیە کە خەمیان زۆرە و تاوەکو ئێستا هاوسەرگیرییان نەکردووە."
 
مەهدی تاوەکو پۆلی 11ی ئامادەیی خوێندوویەتی، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت "بەهۆی نەبوونییەوە نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات و بەردەوام کاری کردووە و ئێستاش سەرقاڵی ئەو شوێنەیە." 
 
دەشڵێت "لە زۆر شوێن پەیوەندییان پێوەکردووم و داوا دەکەن لەژێر سەرپەرشتی خۆم تەکیەی دیکەی سینگڵان لە شارەکانی دیکەی کوردستان بکرێتەوە."
 
ئیبراهیم یاسین، یەکێک لەو گەنجانەی کە لە "تەکیەی سینگڵان" بوو، ئەو سەبارەت بە پرۆژەکەی مەهدی بە رووداوی راگەیاند " دەستخۆشی لە شێخی سینگڵان دەکەم و کارێکی جوانی کردووە و زۆر دڵخۆشم کە دێمە ئێرە و کەسانێکی هاوشێوەی خۆم کە پرۆسەی هاوسەرگیرییان پێکنەهێناوە دەبینم."
 
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئیبراهیم هەر بە "شێخی مەزن و شێخی سینگڵان" ناوی مەهدی دەهێناو دەشڵێت "بەردەوام حەزدەکەم لای شێخی سینگلان بم، چونکە هەم خۆی گفتوگۆی خۆشە و هەم ئەوەی کە من لێرە کەسانی نوێ دەناسم." 
 
ڕووداو
به‌روار:  04/01/2021
428   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   427
کۆی سه‌ردان:   29233379