پۆلی کچەکان!


دوای ئەوەی کە ناوەکانمان لە ئامادەیی پیشەسازی دەربەندیخان هاتەوە، دابەشیان کردین بەسەر چوار پۆلدا، سێ پۆلی کوڕان و یەک پۆلی کچان.
لەبەرئەوەی ژمارەی کچەکان نزیکی ٢١ کچ بوون، ئەبوو نۆ کوڕ بخەنە پۆلی کچەکان، چونکە هەر پۆلێک ئەبوو سی قوتابی تێدا بوایە.
سەرەتا بە پێی پیتی ئەبجەدی نۆ کوڕیان هەڵبژارد بۆ پۆلی کچەکان، ئەحمەد و ئیسماعیل و ئەبوبەکر و ئیحسان و چەند ئیبراهیمێکی تریان بردە پۆلی کچەکان.
ئەو ڕۆژە هەر هەمومان ئارەزومان ئەکرد ناومان ئەبوبەکر و ئەحمەد بوایە، تەنانەت ئەو تەنها شەماڵ و سیروان ناوەی قوتابخانەکەش ئاواتیان ئەخواست کە ناویان ئیحسان بوایە!
دوای چەند ڕۆژێک هەندێک لە کچەکان شکاتیان لە کوڕەکانی پۆلەکە کرد.
هەربۆیە ئیدارە بڕیاری دا ئەو کوڕانە بگێڕێیتەوە بۆ پۆلی کوڕەکان و نۆ کوڕی تر ببەن بە بەبێ گوێدانە ناوەکانیان.
لەڕێگەی مامۆستا حەسەنی ئامۆزای دایکمەوە من ئەوەم زانی کە مامۆستا عەلی دێتە پۆلەکەی ئێمە و چەند کوڕێک بۆ پۆلی کچەکان هەڵئەبژێرێت، بەڵام گرفتە گەورەکەی من ئەوەبوو کە بەر لە دوو ڕۆژ دەمە قاڵێیەکی توندم لەگەڵ مامۆستا عەلیدا دروستکردبوو، بۆیە من هیچ شانسێکم نەبوو بۆئەوەی هەڵمبژێرن بۆ پۆلی کچەکان.
بەپێی قاعیدەی ئەگەر شۆڕشم پێنەکرێت خۆ شۆڕشم پێ تێکئەدرێت، زۆرینەی کوڕەکانم هاندا کە کەس نەچێت بۆ پۆلی کچەکان. بەبیانوی عەیبە بڕۆیتە ناو کچان و شورەییە ببیت بە هاوڕێێ کچ هەمویانم هاندا.
کە مامۆستا عەلی خۆیکرد بە پۆلەکەی ئێمەدا یەکسەر بە وەلی عەبدولکەریمی گوت: هەستە وەلی بۆ پۆلی کچەکان، بەڵام وەلی گوتی ئەگەر بمبەنە پۆلی کچەکان ئەوە ئەڕۆمەوە بۆ ماڵەوە و دەوام تەرک ئەکەم.
مامۆستا عەلی هەوڵی لەگەڵ چەند کوڕێکی تردا دا، بەڵام کەس نەچوە ژێربار.
حەسەن لەتیف هاوڕێی منداڵی و نزیکترین کەسی من بوو، من و حەسەن لەسەر یەک کورسی دانیشتبووین. مامۆستا عەلی گوتی حەسەن هەستە بۆ پۆلی کچەکان، بەڵام حەسەن سەیرێکی منی کرد و منیش بە نیگایەک گوتم کە نابێت بڕوات.
ئەوەبوو حەسەن منی جێنەهێشت و نەڕۆشت. من هەرگیز چاوەڕێم نەئەکرد کە مامۆستا عەلی من دەستنیشان بکات، چونکە وەک گوتم ئیمە کێشەمان بوبوو، بەڵام لە پڕێکدا م عەلی گوتی : من حسینی عەلی شەریف ئەبەم.
هەر کە وای گووت یەکسەر کتێبەکانم لە ناو ڕەحلەکە دەرهیناوە بەئەسپایی هەستامە سەرپێ، حەسەن لەتیفی برا و هاوڕێی منداڵیم هەرچەند چاکەتەکەمی ڕائەکێشا، بەڵام من ئاوڕم لەکەس نەئەدایەوە.
دوای من هەرچی کوڕ بوو هاواری ئەکرد مامۆستا مامۆستا، بەڵام ئیتر کات درەنگ بوو، مامۆستا عەلی خۆی چەند کوڕێکی تری هەڵبژارد و لەگەڵ مندا کردینی بە پۆلی کچەکانا.
ڕۆشتن بۆ پۆلی کچەکان و تێکەڵبون لەگەڵ کچ دونیایەکی تر بوو، دونیایەک پر لە خۆشی و جوانی، جیاوازتر لەو دونیای کە ئێمە لە قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی بەڕێمان کردبوو.
یەکەم ساتی پۆلی کچەکان هەستم ئەکرد کە لە دونیایەیەکەوە بۆ دونیایەکی تر براوم.
دونیایەک کە بۆنی خۆشتربوو ڕەنگی جوانتربوو و ژینگەی ئارامتربوو.
هەستێکی هێندە جیاوازبوو کە وامئەزانی بۆ یەکەم جارە کە ئەنرێمە بەر خوێندن.
لە یەک ساتدا هەرچی یادەوەری هاوڕێ کۆنەکانم هەیە گۆڕیمەوە بە هاوڕێیەتی کچەکان.
یەکەم جارم بوو لەسەر کورسیەک دابنیشم و کچێکیش لە تەنیشتم دانیشتبێت، یەکەم جار بوو لە نزیکەوە بۆنی کچ بکەم.
یەکەم جاربوو کەلەپۆلێکدا دانیشم و بۆنی دوکەڵی جگەرە و بارود و حەشۆ نەکەم.
یەکەم جار بوو لە پۆلێکدا دانیشم گوێم لە هەرا و فەوزای هاوڕێکانم نەبێت.
دەنگی ڤیان و خەندەی بێخاڵ و بۆنی شاناز و ڕەنگی دڵخواز، زۆر جیاوازتربوو لە پێکەنینی عەلەی فەرەج کە پێئەكەنی ئەتگوت هەورەبروسكەیە و تفی فڕێئەدا، جیاوازتربوو لە بۆنی ئەمینی قالەی عەودە، کەهەمیشە بۆنی تەرسەقولی کەری لێئەهات ئەوەندە خەریکی کەرە لاتی فەوجەکە ئەبوو!

ئاخر ئێمە زادەی کەلتورێک بووین کە نەمانئەتوانی لە نزیکەوە هیج ژنێکی بێگانە بناسین، زادەی کەلوتور و ژینگەیەک بووین کە تەنانەت دەرپێی شۆردراوی بەتەنافا هەڵواسراوی ژنەکانیشمان نەئەبینی، چونکە هەمیشە دەرپێی ژنەکان بە داپۆشراوی بە تەنافەوە هەڵئەواسرا!
ئێمە لە قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیدا ئەوەندەی بیرمان لە لای ژێر تەنورەی مامۆستا ژنەکان بوو ئەوەندە ئاگامان لە دەرسەکە نەبوو.
ئەو جیلە بووین کە قەڵەم دادەری ئاوێنەمان ئەخستە ژێر ڕەحلەکان بۆ بینینی ناوگەڵی مامۆستا ژنەکان.
ئەو جیلەبووین هەرکە جەرەسی پشوو لێئەدرا ڕامان ئەکردە ژێر قادرمەکان بۆ بینینی بەینی ڕانی مامۆستا ژنەکان.
ئێمە لە منداڵیدا هێندە نامۆ کرابووین بە دونیای ژن، لە گەورەییدا هەمیشە بە دوای ژندا ئەگەڕاین. تەنانەت ئەو کاتەش کە ژن ئەهێنین هەر لەو گەڕانە بەردەوامین!
ئێمە هێندە تامەزرۆی دیداری ژن و کچەکان بووین کە لە کونی دەرگای ماڵان و لە ناو دووتوێی مجەلە و لەقتەی فلیمەکاندا بەدوای دیمەنی ڕان و بنباڵی ژنەکاندا ئەگەڕاین.
هەربۆیە لە پێناو گەشتن بە دونیای کچەکان، ئاسایی بوو خیانەت بکەم لە هاوڕێکانم و پێشم وایە ئەوە جوانترین خیانەت بوو کە کردم!
حسەین عەلی شەریف
به‌روار:  03/01/2021
882   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   232
کۆی سه‌ردان:   29220887