کوشتنی سەدام و ڕزگارکردنی سەدامیزم
مەریوان ووریا قانیع

چواردە ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا ھەواڵی لە سێدارەدانی سەدام حوسەین لەلایەن ھێزە عێراقییەکانەوە بڵاوکرایەوە و بەھەموو جیھاندا بڵاوبووەوە. دوای بیستنی ھەواڵەکە من لە یەکێک لە کەناڵە تەلەفیزیۆنیەکانی ھۆڵەندا میوانبووم بۆ شیکردنەوەی ڕووداوی لە سێدارەدانەکە. ئەوە یەکەمجار نەبوو من لە سەر تەلەفیزیۆن و لە پەیوەندیدا بە ڕووداوێکەوە پابەست بە سەدام حوسەین قسەبکەم. ئەو ڕۆژەش کە سەدام حوسەین لە حەشارگەکەی خۆیدا گیرا و سەربازە ئەمریکییەکان ھێنایانە لە چاڵەکە ھێنایانە دەرەوە من دیسانەوە لەسەر تەلەفیزیۆن بووم. ئەو ڕۆژە ئەو سەربازانە بەبەرچاوی کامێراکانەوە بە لایت سەیری ناودەمی سەدامیان دەکردن و ئامێرە پزیشکیەکەیان بەناویدا دەگەڕاند. ھاوکات ئەمری دەمکردنەوە و دەمداخستینیان بەسەر سەدام حوسەیندا دەکردو ئەویش وەک منداڵێکی ترساو چیان لێ داوادەکرد ئەنجامیئەدا.
ھەم لەساتی گرتنەکەیدا و ھەم لە ساتی لە سێدارەدانەکەیدا پێشکەشکارە ھۆڵەندییەکە لێی پرسیم ھەست بە چی دەکەم؟ منیش بێبیرکردنەوە و ڕاستەوخۆ ووتم ”لە قوڵاییدا ھەست بە ئیھانەکردنێکی گەورە دەکەم“. لە درێژەی قسەکانمدا بە پێشکەشکارەکەم ووت ”ئەم پیاوە کە ئێستا لە بەردەمی سەربازە ئەمریکیەکاندا بە زەلیلیەوە وەستاوە و ئەو سەربازانە لایتیان خستۆتە ناودەمییەوە و بە کەیفی خۆیان دەمی پێدەکەنەوە و پێیدادەخن، ھەمان ئەو پیاوەیە کە ژیانی ملیۆنان مرۆڤی لە عێراقدا وێرانکرد و جەھەنەمێکی گەورەی بۆ زیاد لە نەوەیەک لەو وڵاتەدا داخست“. ئەمە ئەو پیاوەیە بە درێژایی ٣٥ ساڵ حوکمڕانیی کێی دەویست دەگرت و ڕاودەنا و دەکوشت، سامانی وڵاتەکەی لە چەندان جەنگی گەورەدا بە فێڕۆدا و دەوڵەتی عێراقی گۆڕیی بۆ موڵکی خێزان و بنەماڵە و ھاوڕێ و دۆستە نزیکەکانی. ئەمە ئەو پیاوەیە کە ئەو ھەموو جەنگ و کوشتن و بڕین و ماڵوێرانیەی ئەنجامدا و ئێمە لەو وڵاتەدا نەمانتوانی بەری پێبگرین، ئەو پیاوەیە سایکۆلۆژیای ئەو سایکۆلۆژیای دەسەڵات و خواستی ئەو یاسای سەرەکیی حوکمڕانییەکەی بوو، کەچی ئێستا لەبەردەم چەند سەربازێکی ئەمریکیدا تەواو زەلیل و گرگن و بێبایەخ بووە. بونەوەرێکی ترساو و بچووک و تێکشکاوە“
ساتی لە سێدارەدانەکەشی بە ھەمان شێوە ساتێکی تاریک و ناخۆش بوو، ئەو ڕۆژەش دیسانەوە من لە تەلەفیزیۆنی ھۆڵەندی بۆ شیکردنەوەی ڕووداوی کوشتنەکەی قسەمدەکرد. بەلای منەوە کێشەکە لە سێدارەدانەکەیدا نەبوو، لەوەدا نەبوو دیکتاتۆرێک دەکوژرێت کە بەرپرسی مەرگی سەدان ھەزار مرۆڤی بێتاوانە، بەڵکو لەوەدا بوو ئەم دیکتاتۆرە خوێناوەیە لەسەر یەکێک لە تاوانە ھەرە بچوکەکانی لەسێدارە درا. ئەو کە دەیەھا تاوانی گەورە و خوێناوی ئەنجامدابوو، لەسەر یەکێک لە تاوانە بچووکەکانی کوژرا. لەباتی ئەوەی داوەریکردن و سزادانی سەدام حوسەین بکرێت بە داوەریکردنی قۆناغی دەسەڵاتدارێتییە خوێناویەکەی و بە داوەریکردنی فەرھەنگ و کولتوری بەعسیزم و شێوازی حوکمڕانیی و دەوڵەتداریی و چۆنیەتی مامەڵەکردنی کۆمەڵگا و چۆنیەتی بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی نیشتیمانیی و وێرانکردنی ئابوریی و مامەڵەکردنێکی حیزبیانەی منداڵان و گەنجان و مۆنۆپۆڵیکردنێکی تەواوی سەرجەمی ژیانی دانیشتوانی وڵاتکە، ھتد... لەباتی ئەوەی داوەریکردنەکەی ببێت بە داوەریکردنی ئەو دونیا مادیی و رەمزیی و ئایدیۆلۆژییە ترسناکەی کە سەدام حوسەین و حیزبی بەعس دروستیانکردبوو، کەچی لەسەر ڕووداوێکی بچووکی ناو شارۆچکەیەکی بچووک لە سێدارە درا. داوەریکردنەکەی لەباتی داوەریکردنی دیاردەیەکی ترسناکی ناوچەکە بێت، دیاردەی بەعسیزم و سەدامیزم، کەچی وەک تاوانبارێکی ئاسایی کوژرا.
خاڵێکی دیکە کە منی وەک مرۆڤێک بێتاقەت کردبوو زەلیلبوون و بچووکیی ئەو دیکتاتۆرەبوو لەبەردەم بێگانەدا و بێڕەحمیی و دڵڕەقیی و خوێناویبوونی بەرامبەر بە میلەت و کۆمەڵگاکەی خۆی. ئەم گرگنیی و بچووکییە لەبەردەم بێگانەدا و ئەو ئاغابوونە ڕەھایە بەرامبەر بە ھاوڵاتیانی وڵاتەکەی خۆی ئەو ئاکارایە کە نەک تەنھا لای سەدام حوسەین، بەڵکو لای زۆرێک لە سەرکردە سیاسییەکانی ناوچەکە بەخەستیی ئامادەیە، بەوانەی لای ھەرێمەکەی خۆشمانەوە. قبووڵکردنی ھەموو سوکایەتییەک لە کەسانی بیانیی و ئەنجامدانی ھەمان سوکایەتی بەرامبەر بە ھاونیشتیمانییانی خۆت کۆڵەکەی سەرەکیی ئەو سایکۆلۆژیا و ئەخلاقە سیاسییەیە کە ئەم مۆدێلە لە سیاسیی و سەرکردە دەجوڵێنێت. ئەوەی لە ڕووداوی لەسێداردانەکەی سەدام حوسەیندا ڕوویدا کوشتنی جەستەیی سەدام بوو لەسەر یەکێک لە تاوانەکانی، بەڵام زیندوڕاگرتنی سەدامیزم. یان لانیکەم ڕانەکێشانی سەدامیزم بوو، بۆ بەردەم لێپرسینەوەیەکی مێژوویی و سیاسیی و ئەخلاقیی.

مەریوان ووریا قانیع
به‌روار:  30/12/2020
438   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1368
کۆی سه‌ردان:   29265722