نەفرەت لە هەر سێ برا!
حسەین عەلی شەریف

باخی بێ پەرژین زینەتی نیە
کچ بەبێ برا قیمەتی نیە!

نا نا واباشترە تێکستی گۆرانیەکەتان بگۆڕن بۆ:

باخی بێ پەرژین زینەتی نیە..... کچ بەبێ برا گرفتی نیە!
بەڵی کچ بەبێ برا ، لانی کەم جەلادێک کەمتر ئازاری ئەدات، کچ بەبێ برا چاودێرێکی کەمترە.
کچ بەبێ بونی ئەو برایانەی کە لە ڕۆخی گۆمەکاندا خۆیان بە ئاژەڵ ڕەحەت ئەکەن و گەر ئاژەڵیشیان دەست نەکەوت خەریکی یەکتر ئەبن، ژیانی زۆر باشترە!
کچ بەبێ ئەو برایانەی کە لە ڕۆژ و شەوێکدا ئەگەر ١٤ سەعات بەخەبەر بن ئەوە لانی کەم ١٢ سەعاتی خەیاڵیان بە سێکسەوە مەشغوڵە و لە خەویشدا جگە لە خەونی جووتبون هیچ خەونێکی تر نابینن، ژیانیان زۆر بێگرفت ترە!

بەڵێ کچ بەبێ بونی ئەو برایانەی کە شەوانە بە دیواری خەڵکیدا هەڵئەزنن و بەڕۆژ هەر خەریکی نامەی سۆزدارین بۆ کچی خەڵک، کەچی لەسەر خەندەیەک خوشکەکانی خۆیان ئەدەنە بەر شەق، ژیانیان زۆر خۆشترە!

بەڵێ نەبوونی ئەو برایانەی کە بە هەرسێکیانەوە خوشک ئەخنکێنن، نەبونی ئەو برایانەی کەلەسەر یەک نامەی دڵداری خوشک ئەکوژن، زۆر بێ سەرئێشە ترە بۆ کچ.

لەم مەملەکەتەدا بونی برا بۆ ئەوە نیە ببێتە پشت و پەنای خوشک، بۆ ئەوە نیە ببێتە ئەو دەستەی کە خەمی خوشک شانە بکات، بۆ ئەوە نیە کە قەڵای قایمی خوشک بێت.
تەنها بۆ ئەوەیە کە خوشک پێکەنی، بدات بە دەمیا. کە خوشک دڵداری کرد بیکوژێت، کە خوشک دڵی بەکەسێکەوە بوو، دڵی دەربهێنێت.

کیژە کوردەکەی ماڵ لە نۆ هەوار....... ماچێکم پێبدە گاکەت بۆ بکەم بار
بەڵام دا لە تۆ ئەنجا لە گا و بار .... چەفتەی حەوت برات چۆن بۆ ئەکەم لار !

بەڵێ ئێمە زادەی ئەم کەلتورەین کە بە ماچی خوشکێک چەفتەی حەوت برا لار ئەبێت، بەڵام حەوت برا لەسەر بستە زەویەک، لەسەر بەرەڵابونی مانگایەک لە ڕەزێکدا چوار پیاو بکوژن ، نەک چەفتەیان لار نابێت، بەڵکو بە مەرد و بە پیاو ئەناسرێن!
ئێمە نەوەی کۆمەڵگایەکین کە بە ماچی کچێک، شەرەفی تەواوی بنەماڵە لەکەدار ئەبێت، بەڵام کوشتنی دوو گەنج لە پێناو نۆرە ئاوی باخدا، هیچ نەنگیەک نیە!
ئەوڕۆژەی کچێک لە دایک ئەبێت، بیری خانەوادەی ئێمە لای ئەوەیە کە بە زوترین کات برایەکی بۆ دروست بکات.
برایەک بۆ ئەوەی لەهەر هەنگاوێکی خوشکدا وەک بورجی چاودێری وابێت بەسەریەوە.
برایەک بۆ ئەوەی هەمیشە وەک سێبەری وابێت و هەمیشە چەقۆی بۆ تیژ کردبێت.
لە ناو خێزانی ئێمەدا سێ خوشک کە یەکێکیان دکتۆر و یەکێک ئەندازیار و یەکێک مامۆستا بێت، بەڵام هێشتا بێ پشت و پەنان و هەتا برایەکی شەقاوەیان نەبێت، هێشتا خانەوادە وەجاخی کوێرە!

نەفرەت لەو برایانەی کە خۆیان هەرچی نەشیاو هەیە ئەیکەن و کەچی پێکەنینی خوشکێک مەحکوم ئەکەن.
نەفرەت لەو برا خوێڕیانە کە خۆیان دەستیان بە هەرچیدا ڕابگات درێغی لێ ناکەن و کەچی خوشکێک لەسەر دڵداریەک ئەخنکێنن.
نەفرەت لەو کەلتورەی کە دڵداری کچەکانی بە ئابڕوچونی خانەوادە ئەبینێت، نەفرەت لەو کۆمەڵگای کە هەرچی کوڕ بیکات لای ئازاییە و هەرچی کچ بیکات بێ ئابڕوییە!
به‌روار:  24/11/2020
791   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   546
کۆی سه‌ردان:   29229565