ژنکوشتن لە دونیای ئێمەدا


”ژنکوشتن یەکێکە لە دیاردە ھەرە ناشیرنەکانی ناو دونیای ئێمە، دەردێکی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و دینیی و شارستانیی ترسناکی ناو کۆمەڵگای ئێمەیە. ئەم دەردە ھەندێکجار وەک لۆژیکی ناوەکیی ئیشکردنی بەشێکی گەورەی فەرھەنگیی باڵادەست لە دونیای ئێمەدا دەردەکەوێت، پەیوەندیی بە ڕوانینی ئینسان ئێمەوە بەگشتیی و پیاو بەتایبەتیی، ھەیە بۆ زیاد لە دەرکەوتێکی ژیان لەو کۆمەڵگایەدا، لەوانە ڕوانین بۆ: پیاوەتیی، ژنبوون، شەرەف، نێربوون و مێبوون، پاکیزەیی، سێکس، ناوبانگ، ئابڕوو، حەڵاڵ، حەرام، لەش، چێژ، ئەخلاق، ھتد... لەناو ھەریەکێک لەم چەمکانەدا وێنەیەکی تایبەتی ژن ھەیە، کە لێدان لێیان ژنان ڕووبەڕووی ئەگەر و پرۆژەی کوشتن دەکاتەوە. بە مانایەکی دیکە لەناو ئەو تۆڕە گەورەیەدا لە چەمک و تێڕوانین، بڕێکی ھێجگار گەورە لە توندوتیژیی متبوو ھەیە، ھەر لادانێک لەو وێنە و چاوەڕوانیانەی ئەو چەمکانە بۆ ژنان دروستیدەکەن، ئەگەری کوشتنیان گەوردەکات. کوشتن دەرەنجامی چۆنیەتی کارکردنی ئەو چەمکانەیە بە یەکەوە، یان ھەموویان بەیەکەوە یان ھەندێکیان. ئەو توندوتیژییەی لەناو ئەو چەمکانەدا ھەیە و لە دۆخی متبووندا ئامادەیە، بە ئاسانی بۆ دۆخی بەگەڕخستن و چالاکبوون دەگوازێتەوە. توندوتیژیی بە متبوویی لەناو خەیاڵ. و عەقڵیەت و نەفسیەتی زۆرینەی بکوژەکاندا ئامادەیە و ھەر شڵەژانێکی ئەو خەیاڵ و عەقڵیەت و نەفسیەتە دەیگوازێتەوە بۆ ئاساتیی پیادەکردنی لەناو واقیعدا. ھەموو گواستنەوەیەکی لەوجۆرەش بەناو مەرگی ژنێکدا تێدپەڕێت.
بۆیە بەبێ دەسکاریکردنی سەرجەمی ئەو چەمکانە، بەبێ داھێنانی کۆمەڵێک ڕوانینی ئینسانیی نوێ بۆ ئەو چەمکانە، مەسلەی کۆتاییھێنان بە توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان بەگشتیی و کۆتاییھێنان بە کوشتنیان بەتایبەتیی، کارێکی ھێجگار زەحمەتە، ئەگەر مەحاڵ نەبێت.“
مەریوان قانیع
به‌روار:  24/11/2020
575   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   703
کۆی سه‌ردان:   29318817