کە ژنێک بوو بە بێوەژن


کە ژنێک بو بە بێوەژن ئیتر لە ماڵە باوانیا وەک کائینێکی حەیابەر وەک تاوانبارێکی گەورە تەماشای ئەکرێت.
.
کە ژنێک بو بە بێوەژن جلەکانی، پێکەنینەکانی، گریانەکانی، هاتو چۆی ماڵە خوشک و براکانیشی ئەکەوێتە ژێر سانسۆری خێڵ وعەشیرەت.

کە ژنێک بو بە بێوەژن لە گەڕەکا ماڵەکەیان بە ناونیشانی (ئەو ماڵەی بێوەژنەکەیان هەیە) ئەناسرێتەوە بەڵام ئەگەر لە هەمان ماڵا حەوت چەقاوە سووی سەرسەری هەبن کەس باسیان ناکا.

کە ژنێک بو بە بێوەژن عەیبەیە بە تەنیا بڕواتە خەستەخانە عەیبەیە بە تەنها بڕواتە بازاڕ،بەڵام چڵمنەکەی برای سێ دانە ژنی تەلاق داوەو ڕۆژانە لە بەر دەنگی تەقەی پولی دۆمینەکانی بازاڕ هەراسان بوە.

کە ژنێک بو بە بێوە ژن ئەگەر سەردانی قەیسەریەکەی بازاڕی کرد بە قودرەتی قادر هەرچی پیاوی دوکانداری بازاڕەکە هەیە وەک ئەوەی گەڕی تێی دابن ئەکەونە گەڵ و گون خوراندن.

یەکێک هاوار ئەکا ئەرئ خاڵە حەمە بانگی عەسری نەفەرموو یەکێک هاوار ئەکا لێی بڕاوە قەدری باش ئەزانێ!.ئیتر بە خەیاڵی بۆگەنی ئەوان ئەو ژنە سوێێ بۆتەوە بۆ بۆگەنی بن باڵ و ناوگەڵی ترشاوی ئەوان!

کە ژنێک بو بە بێوە ژن سەرسەریەکی شەلاتی کە ناوی خۆی ناوە هونەرمەندی گۆرانی بێژ گۆرانیەکی بۆ کلیپ ئەکاو هاوار ئەکا ( بێوەژنە دەستی دووە).
شەلاتیەکی تریش سیدیەکەی ئەخاتە سەر ئاخیر سەوت و
لە گەڵیا تەزبیح بائەدا.

کە ژنێک بو بە بێوەژن ئیتر ئەبێت بە کزۆڵیەوە چاوەڕێێ کەرەمی پیاوێک بکات کە بێتە داوای لە باشترین حاڵەتیشدا پیاوێکی سەرو سمێڵ بۆیاخکراوی ژندار دێت کە باوکی ژنە بێ یەک و دو بە مەمنونیەوە ڕازی ئەبێت.

کە ژنێک بوو بە بێوە ژن ئەگەر جلێکی جوانی لە بەر کرد ئەگەر دەستێکی هێنا بە خۆیا ئیتر بەر لە هەمو کەس دراوسێکانی پێێ ئەڵێن ئەوە بە دوای شودا ئەگەڕێ.

ژنێک تەنها لە بەر ئەوەی نەبێتە بێوەژن ئەبێت بەرگەی ئیهانەو لێدان و خیانەت و جنێوی پیسی مێردێکی سەخیف و خوێڕی بگرێت.
ژنێک تەنها لە بەر ئەوەی نەبێتە بێوەژن ئەبێت هەمو ژیانی لە زیندانێکا بە ڕێ بکات.

ژنێک ئەوە ئەزانێ کە ئەگەر بوو بە بێوەژن ئیتر ئەبێتە ئینسانی دەستی دوو پیاوێکی خوێڕی پێێ ئەڵێت:
قیمەتی نیە چونکە سەر مۆر نیە!

حوسین عەلی شەریف
به‌روار:  20/11/2020
1369   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   945
کۆی سه‌ردان:   29264218