ئەیکەین بەوورگ

* پیاو بە ئافرەت و ئافرەت بە زێڕ و زێڕ بە ئاگر تاقی دەکەنەوە.

* مرۆڤ یەکسانە بە دەسەڵات و دەسەڵات یەکسانە بە پارە و پارەش پێی ئەڵێن چڵکی دەست.

٭‎مەسئول چاوی لە ئەفسەرە و ئەفسەر چاوی لەسەیتەرەیە و سەیتەرەش چاوی لە قاچاخچییە.

* دایک فکر و خەیاڵی لای کوڕەکەیەتی و کوڕەکە فکر و ‎خەیاڵی لای ژنەکەیەتی و ژنەکە فکر و خەیاڵی لای تەجمیلی لووتێتی.

٭ نووسراو بەرز ئەکەنەوە بۆ مودیر عام و مودیر عام بەرزی ئەکاتەوە بۆ وەزیر و وەزیریش لێی ئەنووسێ بۆ ھەڵگرتن.

* گەنم ئەکەین بە ئارد و ئارد ئەکەین بە پاقلاوە و پاقلاوە ئەکەین بە ورگ.

* سروود ئەڵێین بۆ پێشمەرگە و پێشمەرگە بەکوشت ئەدەین بۆ شنگال و شنگال تەسلیم ئەکەین بەعیراق.

* حیزب بە عەشیرەت و عەشیرەت بە خێزان و خێزانیش بە یەک زەلام ئەسپێرین.

بە ورەی خەڵک راپەڕین کراو بە راپەرین حکومەتی کوردی ھاتە کایەوەو بە حکومەتی کوردی ورەی خەڵک رووخا.

بەرخ بەخێو دەکەین دەیکەین بەمەڕ، مەڕ سەر ئەبڕین ئەیکەین بەخێر بۆ ماڵە ھەژار و ماڵە ھەژار ئەکەین بە ئیسلامی.

فایلی کابرا دەدرێتە دەست قەزا، قەزاش دەبێ بە قەزای گۆزە و گۆزەکەش لە سەری لقی پێنجدا ئەشکێ.
شێرکۆ عەبدوڵا
به‌روار:  20/10/2020
668   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   944
کۆی سه‌ردان:   29264180