وەزارەتی دەرەوەی سوید سەردانی مەزڵوم کۆبانێ دەکەن

.
وەفدێكی وەزارەتی دەرەوەی سوید نامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەیان دەگەیەننە هێزەكانی سوریای دیموكرات، ئەوەش لەمیانی ئەو كۆبوونەوەیەدا هات كە ئەمڕۆ دووشەممە 19-10-2020 لەنێوان وەفدێكی دەرەوەی سویدو هەسەدە ئەنجامدرا كە بەسەردانێكی رەسمی هاتبوونە ناوچەكانی باكوورو رۆژهەڵاتی سوریا، لەو بارەیەشەوە، فەرماندەیەكی هەسەدە هەواڵەكەی پشتڕاستكردەوە و جەختیكردەوە حكومەتی سوید لەهەوڵی ئەوەدایە لەهەموو ئاستەكانی سیاسی و سەربازی و مرۆیی پشتیوانی زیاتر پێشكەشی هەسەدە و خۆبەڕێوەبەری بكات.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، وەفدێكی دەرەوەی سوید لەگەڵ مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە شاری حەسەكە كۆبوونەوە، وەفدەكەی دەرەوەی سوید بەنیازن ژمارەیەك كۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ دامەزراوەكانی خۆبەڕێوەبەری و سەربازییەكاندا بكات، و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری لە باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا بەسەر بكاتەوە.

وەفدەكەی دەرەوەی سوید رۆژی شەممەی رابردوو لەڕێگەی دەروازەی سنووری سمێڵكاوە گەیشتنە ناوچەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا، كە پێكهاتبوون لە بیر ئۆرنیوس، سەرۆكی وەفدەكە و نێردەی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی سوید بۆ دۆسیەی سوریا، هەروەها تۆماس ماركۆس، بەرپرسی دۆسیەی مرۆیی و هاوكارییەكان لە وەزارەتی دەرەوەی سوید، و ئەڤین چەتین، راوێژكار لە پەیمانگای ئاشتی ئەوروپا.

لە سێیەمین رۆژی سەردانەكەیاندا، وەفدی دەرەوەی سوید لەگەڵ ئەنجومەنی ژنان لە باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا كۆبوەوە، پاشان وەفدەكە سەردانی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتیان كرد و لەلایەن مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە و نەورۆز ئەحمەد فەرماندەی یەكینەكانی پاراستنی ژن و نەسرین عەبدوڵڵا، وتەبێژی رەسمی یەكینەكانی پاراستنی ژن، و ریدۆر خەلیل، لێپرسراوی پەیوەندییەكانی هەسەدە، و ژمارەیەكی تر لە سەركردەكانی ناو ئەنجومەنی هەسەدە،پێشوازییان لێكرا.

لەمیانی كۆبوونەوەكەدا، بیر ئۆرنیوس،سەرۆكی وەفدەكە و نێردراوی تایبەتی دۆسیەی سوریا لە وەزارەتی دەرەوەی سوید، رایگەیاند، سەردانەكەیان بۆ ناوچەكانی باكوور و رۆهەڵاتی سوریا دوای ئەو كۆبوونەوەیە دێت كە بەمدواییانە وەزیری دەرەوەی سوید لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا ئەنجامیدا، داواشیكرد پەیامێكتان ئاراستە بكات و رایبەگەیەنێت وڵاتی سوید بەردەوام دەبێت لە پێشكەشكردنی هاوكاری و پشتیوانی بۆ ناوچەكە.

بیر راشگەیاند: ناوچەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا بەراورد بەسەردانەكەی پێشووم بۆ ناوچەكە لەساڵی 2019 گۆڕانكاریی زۆریان بەسەردا هاتووە، زۆرێك لەو ناوچانەی سەردانم كردبوون، ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی سوپای توركیادان، ئەمەش جێی داخە و مایەی نیگەرانییە.

واشبڕیارە، نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی سوید، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، لەگەڵ حزبەكانی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردی سوریا كۆببێتەوە.

PUKmedia ئاژانسەكان
به‌روار:  20/10/2020
501   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   505
کۆی سه‌ردان:   29250084