لە گەرمیان، 45 ژن هەڕەشەیان لێکراوە و ماڵی داڵدەدانی ژنان(شێڵتەر) نایانگرێتە خۆی
لە نۆ مانگی ئەمساڵدا ٤٥ ژن لە سنووری گەرمیاندا هەڕەشەیان لێکراوە، سەرنجڕاکێشە هەرچەند ئەو ژنانە هانایان بۆ ماڵی داڵدەدانی ژنان(شێڵتەر) بردووە، بەڵام لەوێش تەنها چەند کاتژمێرێک دەرفەتی مانەوەیان پێدەدرێت.

بەپێی ئەو ئامار و زانیارییانەی لە شلێر حەسەن عەبدولقادر بەڕێوەبەری ماڵی داڵدەدانی ژنان لە گەرمیان وەرمانگرتووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی ڕابردوو ٤٥ كه‌یسی هه‌ڕه‌شه‌ لێكراودا ڕوویان لە ماڵەکە کردووە، کە به‌شێكی زۆریان‌ له‌ كاتی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنادا بووە.

ماڵی داڵدەدانی ژنان لە گەرمیان، لە ١-١-٢٠١٤ـەوە کەیس وەردەگرێت و لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری کۆمەڵایەتییە، جگە لە کەیسەکانی سنووری گەرمیان، کەیسی شارەکانی دیکەی عێراقیش ڕوو لە ماڵە دەکەن، کە بیناکەی لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە.

هیچ ژنێک بەبێ بڕیاری دادوەر لە ماڵەکە وەناگیرێت، تا ئێستا لە سنووری گەرمیان وەک بەرپرسان باسیان کرد کێشەیەکی ئەوتۆیان ڕووبەڕوو نەبووەتەوە، بەڵام هەڕەشەیان لێکراوە لەلایەن کەسوکاری ئەو ژنانەوە کە هانایان بۆ بردوون.

ئەو ژنانەی ڕوودەکەنە ماڵەکە کێشەکانیان جۆراوجۆرن، لەوانە “کێشەی کۆمەڵایەتی، شەڕی نێوان هاوسەران، دەستدرێژیی سێکسی، ئەوانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە”.

کەیسەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی ‘بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان’ یان بنكه‌كانی پۆلیس، یان پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوان، ڕەوانەی ماڵەکە دەکرێن.

بەبڕیاری دادوەر ئەو کەیسانەی هەڕەشەیان لێکراوە تەنها دەتوانن ٧٢ کاتژمێر بمێننەوە، ئەو کەیسانەشی کە لەو ماوەیەدا یەکلا نابنەوە، دادوەر ماوەی مانەوەکەی درێژتر دەکاتەوە، بەڵام بۆ ئەو ژنانەی کە هەڕەشەی توندیان لەسەرە ناتوانن بۆ ماوەی درێژتر بمێێنەوە، ڕەوانەی ماڵی داڵدەدانی ژنان لە سلێمانی دەکرێت.

شلێر حەسەن، نیگەرانیی لەوە دەردەبڕێت کە ژنانی هەڕەشەلێکراو ناتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر لە ماڵەکە بمێننە و کاتیان بۆ دیارییکراوە، هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی بینای گونجاو دەگەڕێنێتەوە.
جگە لە نەگونجاویی بیناکە، کێشەی کەمیی کارمەند و پاسەوان هەیە، تێچووی ڕۆژانەی ئەوانەی ڕوو دەکەنە ماڵەکەش، کێشەیەکی دیکەیە.

لەو ٤٥ کەیسەی کە ڕوویان لە ماڵەکە کردووە، شەش کەسیان کێشەکانیان چارەسەر نەکراوە و ڕەوانەی ماڵی داڵدەدان کراون لە سلێمانی، ٢٩ کەیسیان کێشەکانیان چارەسەر بووە و گەڕاونەتەوە ناو خێزانەکانیان، ١٠ کەیسەکەی دیکەش پێش تۆمارکردنی سکاڵا، بەزوویی و بەڕێگای گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر کراوە، ئێستا ماڵەکە هیچ ژنێکی تێدا داڵدەنەدراوە.

ئەو ئەو لایەنەی کەیسەکان دەنێرێتە بۆ ماڵەکە، خۆی بەدوداچوون بۆ کەیسەکە دەکات و بە گفتوگۆ و ڕاوێژکردن لەگەڵ کەسوکاری ژنەکان هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەن، بەڵام “تەنیا بە بڕیاری دادگا دەگەڕێنەوە نێو خێزانەکانیان”.
ڕۆژنیوز
به‌روار:  15/10/2020
823   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   688
کۆی سه‌ردان:   29260073