چیرۆکی مەرگی ( مەناف ئیبراهیم ڕێکانی) لە سنووری یۆنان

یەکێک لەو گەنجانەی شیلادزێ کە بە ئومێدی ژیانێکی خۆشتر و دوور لە فشار بەرەو ئەوروپا کۆچی کرد، لە دارستانەکانی نێوان وڵاتی تورکیا و یۆناندا بەهۆی سەرماوە گیانی لەدەستدا، ئامۆزایەکیشی دەڵێت: هۆکاری مردنی مەناف لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمە.

گەنجێکی تەمەن ٢٣ ساڵی شارەدێی شیلادزێ بەناوی مەناف ئیبراهیم، دانیشتوی گوندی شیف چنارکێ، کۆتاییەکانی مانگی ڕابردوو کۆچی بۆ دەرەوەی وڵات کرد، دوێنێ لەنێوان تورکیا و یۆناندا گیانی لەدەستدا و لە ئێستادا تەرمەکەی گەیەندراوەتە ئیستەنبوڵ.

کۆچی دوایی مەناف بە ئازار بووە، بەشێوەیەک وەک ئامۆزایەکی بۆ ڕۆژنیوز باسی دەکات، بەهۆی ساردیی کەشوهەواوە لەنێوان وڵاتانی تورکیا و یۆنان بە شێوەیەکی تراژیدیی گیانی لەدەستداوە.

دەربارەی تەرمی ئەم قوربانییە، هەكار ڕێكانی ئامۆزای مەناف وتی: تەرمی مەناف لەلایەن هاوڕێکانییەوە گەڕێندراوەتەوە بۆ تورکیا و لە ئیستەنبوڵە.

هەکار وەها سەفەرکردن و کۆچبەربوونی مەناف دەگێڕێتەوە: ئامۆزاكەم ماوەی حەوت ساڵە پەیمانگای تەكنیكی زاخۆی تەواوكردووە و بێکار بووە، بۆیە لە ٢٩-٩-٢٠٢٠دا لەگەڵ سێ هاوڕێی دیكەی لە گوندی شیف چناركێ’ی سەر بە شێلادزێ بە ڕێگای قاچاغ چوونە توركیا، لەویش بۆ یۆنان، بەڵام لە كاتی چوون بۆ یۆنان پۆلیسی توركیا هێرش دەكەنە سەریان و دوو هاورێی دەستبەسەردەكەن و ئەویش لەگەڵ هەندێک کەسی دیكە لە دەستی پۆلیسی تورك هەڵدێن، بەپێی زانیارییەكان دوای ڕزگاربوونیان لە دەست پۆلیس، سەرما كاریگەریی زۆری لێدەكات، شەو لەناو دارستانەکانی نێوان توركیا و یۆناندا دەخەون، بەیانی هاوڕێکانی دەبینن کە مەناف گیانی لەدەستداوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، شەوی ڕابردوو وا بڵاوبووەوە، کە گروپێکی مافیایی ڕێگایان پێگرتوون و جلوبەرگەکانیان لێسەندوون.

هاوڕێکانی مەناف تەرمەکەیان گەیاندووەتە ئیستەنبوڵ، کەسوکارەکەشی چاوەڕێی هەڵمەتی خێرخوازان و مرۆڤدۆستانن بۆ گەڕانەوەی تەرمەکە، هەکار ڕێکانی دەڵێت، تا ئێستا نە حكومەتی هەرێم و نە ڕێكخراوەكان هیچ هەوڵێکیان بۆ گەڕانەوەی تەرمی ئامۆزاكەی نەداوە و “خۆیان بێدەنگ كردووە”.

ڕێکانی وەک خۆی وتی، هیچ داوایەكی لەحكومەت نییە، چونكە “هۆكاری سەرەكی گیانلەدەستدانی ئامۆزاكەم حكومەت خۆیەتی، بەرپرسانی هەرێم تەنها ئاگایان لە كۆمپانیا و ڕابواردنی خۆیانە و هیچ ئاگایان لە خەڵک نەماوە، ڕۆژانە دەیان گەنج بەهۆی ئەوانە لە سنووری دهۆك كۆچی دەرەوی وڵات دەكەن”.

لە چەند مانگی ڕابردووەوە کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات لە سنووری پارێزگای دهۆک بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەپێی بەدواداچوونەکان، کە پێشتر ئاژانسەکەمان لە ڕپۆرتێکدا خستییەڕوو، فشارەکانی پەدەکە لە سنوورەکە و نەبوونی هەلی کار، هۆکاری سەرەکیین بۆ کۆچکردنی گەنجان و لەڕێی ‘تۆڕێکی قاچاخی مرۆڤەوە’ بە پلان و پشتیوانی ناوەندەکانی ڤیزای دەوڵەتی تورک، لە دەروازەی سنوورییەکانەوە تێپەڕی تورکیا دەکرێن.
ڕۆژ نیوز
به‌روار:  13/10/2020
469   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   630
کۆی سه‌ردان:   29250687