دوا زەردەخەنەی سەدام ئازایەتی نییە ‼


لە دۆنكیشۆتدا بڕگەیەكی قەشەنگ ھەیە؛ سانشۆ پانزا كە دەبینێت دۆنكیشۆتی ئاغای غەمبارە و كەوتۆتە بەحری پەژارەوە، پێیدەڵێت «سەروەرم، خۆ غەم و خەفەت بۆ ئاژەڵ دروستنەكراوە، غەم بۆ مرۆڤە، ئاژەڵ ئەوانەن كە ھەرچییەك ڕووبدات گوێی پێنادەن».

پێموایە ئەم تەعبیرەی سانشۆ پانزا زۆر بەسەر سەدام حوسەیندا دەچەسپێت. سەدام لە دواساتی مردنیشیدا، لە ڕێگای دواھەمین چەكییەوە، كە خەندەیە، ڕووە نامرۆڤانەكەی خۆیمان نیشاندەدات، تا دواسات نایەوێت وەك مرۆڤ بیبینین، تا دواجار وەك ئەو دڕندەیە ڕەفتار دەكات، كە پێوەرە مرۆڤانەكانی بەسەردا ناچەسپێت.

دوا زەردەخەنەی سەدام بە تێگەیشتنی من، پتر لە ھەر ساتێكی تری تەمەنی ئەم پیاوە پێداگرتنی تێدایە لەسەر دووركەوتنەوە لە مرۆڤ. لە ڕێگای ئەو زەردەخەنەیەوە سەدام دەیویست درێژە بە نمایشكردنی خۆی بدات وەك خودایەك، وەك جەبەڕوتێك كە لەسەروو مەرگەوەیە.

نەترسان لە مەرگ سیفەتی مرۆڤ نییە، بەڵكو وەك سانشۆ پانزا بە زیرەكی خۆی دەڵێت: سیفەتی ئاژەڵەكانە. سەدام لە ساتی مەرگدا، كە دواسات بوو دەیتوانی تێیدا مرۆڤ بێت، بڕیاردەدات ھەر دڕندەبێت. ئەو وەك ھەمشە دواھەمیین فورسەتی مرۆڤبوون لەدەستدەدات و بەردەوامە لەسەر نمایش. لەو دوا ساتەشدا لە بری دەرخستنی ھەست و نەستە ئینسانییەكان، ھەر ئەو بوونەوەرەیە كە ئامادە نییە ببێتە مرۆڤ.

لە قوڵایی ئەو زەردەخەنەیەی سەدامدا، ئازایەتی نییە، بەڵكو گاڵتەكردنێكی قووڵ ھەیە بە ھەموو شتێكی ئێمە، بە ھەستە سروشتی و سادە و ئاساییەكانمان، بە ترس و غەمەكانمان.

ئەو وەك ھەموو دیكتاتۆرەكان ھەوڵدەدات، مردنیش بگۆڕێتە نمایشێكی گەورەی قودرەت، بیكاتە چەكێكی كوشندە... بە بڕوای من ئەو ساتە پێشتر لە نیھاد و ناخی سەدامدا زۆر بیری لێكراوەتەوە، گۆڕینی مردن بۆ نمایشێكی دی، گۆڕینی پێكەنین بۆ چەكێكی كوشندەی دی، ئەو فەلسەفەی ژیان و سەدام حوسەین بوو.

"بەختیار عەلی"
لە كتێبی: « دوا خەندەی دیكتاتۆر »
لاپەڕە: ١٣٧-١٣٨
به‌روار:  08/08/2020
606   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   324
کۆی سه‌ردان:   29237514