پیاوێک لووتی ژنەکەی لەسەر مۆڵەت بڕیوە
خەندان-

پاش 10 رۆژ لە ئازار و ئەشكەنجە، سەرلەنوێ هیوا و ئومێد گەڕایەوە ناو ژیانی زاركا دوای ئەوەی هاوژینەكەی بە چەقۆ لوتی بڕی تەنها بەهۆی ئەوەی مۆڵەتی لێوەرنەگرتوە.

لەكاتێكدا پزیشكەكان سەرقاڵی گۆڕینی پۆشاكەكانیان بون دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانكاری بۆ روخساری زاركا، ئەو خانمە بە پزیشكەكانی راگەیاندوە "من زۆر دڵخۆشم، ئێستا لوتم لەسەر روخسارمە، ئەمە زۆر زۆر باشە".
ئەو خانمە 28 ساڵە كە دانیشتوی ئەفغانستانە، كۆتاجار كە هاوژینەكەی لێیداوە بەهۆی ئەوەی بێ مۆڵەت و ئاگاداری ئەو لە ماڵەوە چوەتەدەرەوە، چەقۆیەكی لە گیرفانی دەرهێناوە و لوتی بڕیوە.

زاركا كە 10 ساڵە ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە و خاوەنی كوڕێكی شەش ساڵانە دەڵێت "بە شێوەیەكی رۆژانە هاوژینەكەم لێیدەدام و كارەكە ئاسایی بوبو، پێی دەوتم من رەفتارم باش نییە و پێم دەوت ئەو وتەیە راست نییە".

ئاماژە بەوەشدەكات، هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبوە لێدان و دەستدرێژییەكانی هاوژینەكەی بگاتە ئەو ئاستە و بەشێك لە روخساری بە چەقۆكەی گیرفانی لێبكاتەوە.
بەهۆی ئەوەی بێمۆڵەت سەردانی ماڵی باوكی خۆی كردوە، هاوژینەكەی زاركا سەرەتا لوتی بڕیوە، دواتر بە خوێن و ئازارەوە بەجێیهێشتوە، دواتریش وێڕای ئەوەی خانەوادەكەی بەدوای تاوانبارەكەدا گەڕاون بۆ تۆڵە سەندنەوە بەڵام هەڵهاتوە و خۆی شاردوەتەوە.

پێش ئەوەی كەسوكاری ئەو خانمە هاوژینەكەی بدۆزنەوە، پۆلیس توانیویەتی دەستگیری بكات و ئێستا لە زینداندایە، بەڵام زاركا دەڵێت، لە خەمی منداڵەكەیدایە كە ئێستا لای كەسوكاری هاوژینەكەیەتی و ماوەی زیاتر لە سێ مانگە نەیبینیوە، چونكە بۆ شوێنێكی نادیار رۆیشتون و یاسای ناوچەكەش رێگە بە باوكی دەدات منجداڵكە لەخۆبگرێت.

به‌روار:  07/08/2020
593   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   671
کۆی سه‌ردان:   29257414