ملیۆنێک و 250 هەزارکورد لە ئەڵمانیا دەژین


لە ئەڵمانیا کە یەکێکە لە قەرەباڵخترین وڵاتی رۆژئاوای ئەوروپا، لە هەر چوار کەس، کەسێکیان کۆچبەرە، واتە 25%ی دانیشتووانی وڵاتەکە کۆچبەرن.

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەلایەن دەستەی ئاماری حکومەتی ئەڵمانیا بڵاوکراونەتەوە، نزیکەی 2.8 ملیۆن دانیشتووی ئەڵمانیا خەڵکی تورکیان و لەو وڵاتەدا دەژین کە خۆیان یان دایک و باوکیان لە تورکیا لەدایکبوون.

لەو ئامارەدا حکومەتی ئەڵمانیا پشتی بەو زانیارییانەی باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەرلین بەستووە کە لە ماوەی هەڵبژاردنی گشتی و سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە 2018دا ئامادەکراون. لەو هەڵبژاردنەدا یەک ملیۆن و 400 هەزار دەنگدەری تورکیا، کە بەشێکی زۆریان کورد بوون، لە ئەڵمانیا مافی دەنگدانیان هەبوو.

محەممەد تانریڤێردی، نوێنەری جڤاکی کورد لە ئەڵمانیا دەڵێت، دەستەیەکی ئاماری تایبەت بە کورد لە ئەڵمانیا نییە و داوا لە حکومەتی ئەو وڵاتە دەکەن وەکو میللەتێکی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ کورد بکرێت و وەکو هاووڵاتیی تورکیا، عێراق و سووریا تەماشا نەکرێن.

ئەو بەرپرسە کوردە دەڵێت، ژمارەی ئەو کوردانەی لە ئەڵمانیا دەژین لەنێوان ملیۆنێک و 250 هەزار بۆ ملیۆنێك و 300 هەزار کەسن [واتە زیاتر لە 1.5%ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە]. ئەمە بێجگە لەو کوردانەی لە ساڵانی شەست و حەفتاکانی سەدەی رابردوودا وەکو کۆچبەر یان بەمەبەستی کارکردن چوونەتە ئەڵمانیا.

داتاکانی فەرمانگەی دەستەی ئاماری ئەڵمانیا ئاماژە بەوە دەکەن، ژمارەی دانیشتووانی ئەڵمانیا 83 ملیۆن کەسە و لەو ژمارەیە 26%ی کە دەکاتە 21.2 ملیۆن کەس بە رەچەڵەک ئەڵمانی نین و لە وڵاتانی دیکەوە کۆچیان کردووە بۆ ئەو وڵاتە.

65%ی ئەو کۆچبەرانە لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپاوە چوونەتە ئەڵمانیا و گەورەترین کەمینەش کۆچبەری تورکیان کە 13%ی دانیشتووانی وڵاتەکە پێکدەهێنن؛ 51%ی ئەو کۆچبەرانەی لە ئەڵمانیا دەژین کە دەکاتە 11.1 ملیۆن کەس، ئەوانەن کە لەو وڵاتە لەدایکبوون و هەر لەوێ گەورە بوون.

بەگوێرەی رێزبەندی تورکیا بە پلەی یەکەم دێت کە زۆرترین هاووڵاتی کۆچیان کردووە بۆ ئەڵمانیا و لە دوای تورکیاش پۆڵۆنیا و رووسیا بە پلەی دووەم و سێیەم دێن.
ڕوداوو
به‌روار:  31/07/2020
583   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   802
کۆی سه‌ردان:   29234469