تکایە ئەو سوکایەتیە رابگرن ‼

گۆران مەدحەت

ساڵانە ژمارەیەکی باش لە کوردانی دانیشتوی ئەوروپا لە کاتی تەواوبونی قوتابخانەی منداڵەکانیان ڕێی کوردستان دەگرنە بەر بە سەیارە و ریگایەکی دورو دریژی ٤ بۆ ٦ رۆژی بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ زیدی باوان و شادبونەوەیان بە ئازیزان و ئاشنابونی منداڵەکانیان بە ژینگەی کوردستان.

لەم سەفەرە دورو درێژەدا سنوری زیاد لە چەند وڵاتیک دەبڕدرێت بە وڵاتانی ناو یەکیەتی ئەوروپا و وڵاتانی دەرەوەی یەکیەتی ئەوروپا.

ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبونەوەی فایرۆسی کۆرۆنا و کوارەنتین کردنمان لە وڵاتانی ئەوروپا و داخرانی فرۆکەخانەکان ژمارەیەکی زیاتر لە ساڵان سەفەری کوردستانیان کرد بە سەیارە ئەوانەش کە ساڵانە بە تەیارە سەفەریان کردوە ئەمساڵ لە ناچاریدا ڕێگەی سەیارەیان گرتە بەر.

ئەمساڵ دوای ئەوەی لەگەڵ چەند برایەکی بەڕێزدا ناوی خوامان هیناو دەستمان کرد بە سەفەر بەرەو کوردستان سنوری وڵاتانی ئەوروپی فەڕەنسا و بەلجیکا و ئەلمانیا و نەمسا و هەنگاریامان بڕی و هیچ ڕێگریەک نەهاتە ڕێمان تەنها لە هەموو لادان و وەستانیک نەیان دەهێشت بێ دەمامک بچینە هیچ شوێنێکەوە دوای هەنگاریا چوینە وڵاتی سربیا کە لە دەرەوەی یەکیەتی ئەوروپایە و هیچ ڕێگریەک نەبوو تەنها مەرجیان بەستنی دەمامک بوو دوای سربیاش بولگاریا بە هەمان شێوە.

کۆتا وڵاتمان تورکیا بوو لە سنورەکەیاندا جیا لە ساڵانی دی ئیش و کارەکان خیرا تر بەڕێ دەکران و هەر سەیارەیەک ٢ دەمامک و جێڵێکی دەست پاککردنەوەیان پیدەدایت و ٣ یۆرۆیان لە بەرامبەریدا وەردەگرت, وە هەر لە ناو سەیارەکەتدا پلەی گەرمی لەشتیان دەپێوا بۆ دڵنیا بونەوە لە نەبونی نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ڕۆژی ٢ شەممە بەیانیەکەی بەڕێ کەوتین بەرەو سنوری هەرێمی کوردستان لە مەرزی ئیبراهیم خەلیلەوە هەر لە خاکی تورکیاوە سەیارە نیشتبووە سەر یەکتری و قەرەباڵغی و هۆسەیەکی زۆر دیار بوو, هەر لەسەر پردی نیوان هەردوو ولات سەیارەکانمان دانا و خۆمان و ماڵ و منداڵمان بەڕێ کەوتین بەرەو بازگەی ئیبراهیم خەلیل سەیر دەکەین هۆسەو هەرایە کاتێک پرسیار دەکەین چ باسە دەڵێن لە ئەمڕۆوە بڕیاری تازە لە حکومەتی هەرێمەوە دەرچووە دەبێت هەر هاولاتیەک داخڵی هەرێمی کوردستان دەبێت دەبێت بۆ هەر تاکێک ١٠٠ هەزار دیناری عێراقی بدات تەنانەت بۆ منداڵی شیرە خۆرەش وە تەنها دیناری عێراقیش وەردەگرن.

خەڵکێکی زۆر گەرمایەکی بەتین و تاقەت پڕوکێن پلەی گەرما ٤٩ پلەی سیلیزی بە پیوەری ناو سەیارەکانمان, ژورێکی ٤ مەتر بە ٦ مەتر بە نزیکەیی پڕ لە خەڵک ژن پیاو منداڵ. لە لایەکیدا پارە دەگۋڕن لە لایەکیدا وەسڵت بۆ دەکەن لە لایەکیشدا پشکنینی کۆرۆنا ڤایرۆست بۆ دەکەن.

ژورەکە زیاتر لە ١٠٠ کەسی تێدا بوو هەموو پێکەوە نوسا بوون پاڵ نان دەمە قڕە لەسەر سەرەو نۆبە بڕی گریانی منداڵ ڕۆژی حەشر بۆ خۆی بوو, خەڵکێک دەبورایەوە و بە چەند کەسێک ئاویان پیادا دەکرد تا بە هۆش خۆی بێتەوە خەڵکێک دەڕشایەوە و بێهێز لە زەویدا کەوتبوو منداڵیش هەموو واقیان وڕ مابوو تینەدەگەیشتن چ باسە بۆ زیاتر لە ٦ وڵاتمان بڕیوە بێ هیچ ئەزیەت دانێک بگرە زۆر بە ڕێزەوە بەڕێدەکراین, بۆ دەبێت لە وڵاتی خۆماندا بەو شیوەیە سوکایەتیمان پێ بکرێت.

کاتێک چوین پارە بگۆڕینەوە خەڵکانێک هەبوون هیچ جۆرە دراویکی کاشیان پێ نەبوو چونکە کارتی بانکیان بەکارهینابوو لە ڕؽگا خوا کردی من ٥٠٠ یۆرۆ و ٥٠٠ پاوەنی کاشم پێبوو گۆریمانەوە بۆ خۆم و کەسیکی دی کاتێک دەپرسین یۆرۆ بە چەند دەگۆرنەوەو پاوەند بە چەند؟ لە ڕۆژی ٢ شەممەدا یۆرۆ بە ١٤٣ هەزار دینار گۆڕدراوەتەوە بەلام لەوێ بە ١٣٨ هەزار وەریان دەگرت وە پاوەندیش بە ١٥٥ هەزار گۆڕدراوەتەوە لەوێ بە ١٤٨ هەزار وەریان دەگرت.

تەنانەت هاوڵاتیەک بە جەوازی عێراقی پێش چەند ڕۆژێک سەفەری تورکیای کردبوو چاک بوەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو تەنانەت بەڵگەی نەخۆشخانەی پێبوو کە چاک بوەتەوە و بە تێکستیش نێردرابوو بۆ مۆبایلەکەی تکاو ڕجای زۆر کرد و بەڵگەکانی پیشان دەدان هیچ نەیخوارد و تا ١٠٠ هەزارەکەی نەدا نەیان هێشت داخڵ ببێت.

پارەمان گۆڕیەوە و چوین بۆ وەسڵ بڕین پاش زیاتر لە ٥ سەعات وەسڵمان بڕی ٥٠٠ هەزارمان دا بۆ ٥ کەس و پاشان چوین بۆ پشکنین ناوت چیە گۆران مەدحەت نوسی گۆران ملحد وتم هەڵە نەسیوتە وتی کێشە نیە وتی ژمارە تەلەفۆن ژمارەی کوردستانم دا پێی پاشان بیرم کەوتەوە کە ژمارەکە داخراوە و دەبێت بچمە ئاسیا سێڵ تا چالاکی بکەنەوە پێم وت ببورە سەیدا ئەو ژمارەیە کار ناکات تکایە ئەم ژماریە بنوسە وتی کێشە نیە.

بێسەرو بەرەییەکی زۆر تەنانەت ئەگەر تەنها یەک کەس هەڵگری ڤایرۆسەکە بوبێت بە دڵنیاییەوە ئەگەر هەمووی توش نەکردبێت ئەوا بەشێکی باشی توش کردووە, لەکاتێکدا هەر لە زاخۆوە تا خانەقین خەڵکی تێدا هەبوو کە هاتبونەوە بیهێنە پێش چاو بە بیانوی ڕێگری لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چ کارەساتێکیان خولقاندووە.

لە هەمووی ناخۆشتر زۆربەی زۆرمان منداڵمان لە وڵاتانی ئەوروپا لەدایک بوون تەنانەت کوڕە گەورەکەم کەتەمەنی ١٤ ساڵە کەڤەری شاشەی مۆبایلەکەی ئاڵای کوردستانە, بەڕادەیەک بێزار بوو بوو نەم دەزانی چۆن بۆی شەرح بکەم چی دەگوزەرێت.

ئەم دەستەڵاتە بەم کارە نامۆیانەیان هەموو پیرۆزییەکانمان لە خاک و ئاو وڵات و ئاڵا دەکەنە دێوەزمەیەکی ناشرین لای گەنجەکانمان لە ئەوروپا و وایان لێدەکای هیچ ئینتیمایەکیان بۆ ئەو خاک و ئاو وڵاتە نەبێت.
به‌روار:  30/07/2020
1396   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   489
کۆی سه‌ردان:   29230221